سەرەکی » دۆسێ » حكومەتی عیراق بودجەی 2020 پەسەند دەكات

پەرلەمانتارێك: دەبێت پەنا بۆ قەرز ببات

حكومەتی عیراق بودجەی 2020 پەسەند دەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بودجەی ساڵی 2020 پەسەند دەكات، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بە وتەی پەرلەمانتارێك، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارەیەكی زۆری قەرزكردووە، هۆكاریی ئەمەش بۆ كەمبوونەوەی داهاتەكان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و تەنگژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگێڕێتەوە.

ئەحمەد مولا تەڵاڵ، وتەبێژی حكومەتی عیراق لە 9ی ئەیلولی 2020 لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند،»لە سەرەتای هەفتەی دادێ‌ كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام دەدرێت بۆ پەسەند كردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2020».

بە وتەی مولا تەڵاڵ»لە بودجەی ساڵی نوێدا دوو هەزار خاوەن بڕوانامەی باڵا دادەمەزرێن».

وتەبێژی حكومەتی عیراق دەڵێت»مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران بڕیاریداوە، كە دەبێت وەزیرەكان كەسانی لێوەشاوە و بێخەوش و وبێلایەن بۆ پۆستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان پێشنیازبكەن، دەبێت سەرجەم وەزیرەكان و سەرۆك وەزیرانیش ئامادەن بۆ جێبەجێكردنی هەر بڕیارێكی دەستووری كە لە پەرلەمانەوە دەردەچێت».

پێشتر لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە لە بەیاننامەیەكدا وردەكاری پرۆژە یاسای بودجەی عیراقی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند» 240 هەزار پلەی وەزیفی لەخۆگرتووە ئەوەش بەهۆی سڕینەوە و خانەنشینبوونی ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران».

لیژنەی دارایی عیراق رایگەیاندبوو» بودجەی 2020، بودجەیەكی بەكاربردن دەبێت و چارەسەری فەرمانبەرانی گرێبەستیش كراوە».

هەر لەبارەی بودجەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی 2020ی عیراق بە 148 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 40 دۆلار دانراوە.
محەمەد دەڕاجی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی عیراقییە رایگەیاندبوو، بودجەی ئەمساڵی عێراق بە 148 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و بانكی ناوەندی عیراقیش لەمساڵدا تەنیا 27 ملیار دۆلاری فرۆشتوە.

دەڕاجی دەڵێت»داهاتی گومرگەكان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا 490 ملیار دینار بووە، بودجە تەنیا بۆ سێ مانگ نییە، بەڵكو بۆ تەواوی مانگەكانی ساڵی 2020»
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، قەرزە دەرەكییەكانی سەر عیراق 120 ترلیۆن دینارە، جگە لە قەرەبووی جەنگەكان، لەگەڵ ئەمەش حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە پابەندكراوە كارنامەی چاكسازی پێشكەش بكات لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرز».

بە وتەی محەمەد دەڕاجی» بۆ ساڵی 2020 بودجە 148 ترلیۆن دینارە، داهاتەكانی بودجەی 2020، دەگەنە 67 ترلیۆن دینار، هاوكات لە بودجەی 2020دا نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 40 دۆلار دانراوە».

لەلایەكی ترەوە ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بە خواستی حكومەت دەكات بۆ قەرزكردن لەپێناو دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ پاشماوەی مانگەكانی داهاتووی ئەمساڵ و بە هەمان شێوە بۆ ساڵی 2021، ڕەتیشیدەكاتەوە داهاتەكانی ناوخۆ كە زۆربەیان لە هەناردەكردنی نەوتەوە دەستەبەردەكرێن، بەشی پێداویستییەكانی خەرجی بكات.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”كۆی گشتی داهاتی حكومەت لە مانگی ئابی ڕابردوو گەیشتە 4 ملیار دۆلار كە 3.5 ملیاریان داهاتی هەناردەكردنی نەوت بوو، لەكاتێكدا حكومەت مانگانە پێویستی بە نزیكەی 6 ملیار دۆلارە بۆ پڕكردنەوەی خەرجی و پێدانی مووچە بە فەرمانبەران و خانەنشینان”.

بە وتەی جەمال كۆچەر”دۆخی ئێستای حكومەت بەجۆرێكە كە ناچاردەبێت پەنا بۆ قەرزكردن ببات لەپێناو دابینكردنی مووچەی سێ‌ مانگی داهاتووی ئەمساڵ، وێڕای قەرزكردن بۆ بودجەی ساڵی 2021″.

بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتە داراییەكان لە ئاكامی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تائێستا عیراق بودجەی ساڵی 2020ی پەسەند نەكردووە.

سەبارەت بە پلانەكانی حكومەت بۆ دامەزراندن و قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەری كە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم خواستە ئابورییەكانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، حكومەت ناتوانێت سەرلەنوێ‌ دەرگای دامەزراندن بكاتەوە، بە تایبەت كە زۆربەی فەرمانبەران لەئێستادا بەرهەمهێنەر نیین، ئاماژەی بە قەرزەكانی سەر دەوڵەتیش كرد كە” دەگەنە 110 ملیار دۆلار”.

ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”ڕازیبوونی ئەوان لەسەر قەرزكردن، وابەستەی كارنامەی چاكسازیی حكومەت و سیستمی ئابوری عیراق بوو كە تائێستا هیچ شتێكی دەرنەكەوتووە”.

بە وتەی سەفار”لە دامەزراوەكاندا ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر هەن، ئەوانەش كە تازە دامەزراون، بەرهەمهێنەر نیین و تێچوویان لەسەر دەوڵەت زۆرە، بۆیە ناكرێت هەرگیز سەرلەنوێ‌ دەرگای دامەزراندن بكرێتەوە”.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی عیراق دەڵێت”25 ملیار دۆلار قەرزی دەرەكییە بەسەر عیراقەوە، نزیكەی 85 ترلیۆن دیناریش بڕی قەرزی ناوخۆیە، بۆیە ناكرێت بە دامەزراندن و قەرزكردن، بڕەكەی زیاتر بكرێت”.

 179 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*