سەرەکی » مانشێت » ״ گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە بەردەوامن تا رێكەوتنێكی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت״

ئەنجومەنی وەزیران چەند پرسێکی تاوتوێکرد

״ گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە بەردەوامن تا رێكەوتنێكی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت״

ئه‌مڕۆ، بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبۆوەو تەئكیدكرایەوە لەسەر باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.

لەكۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەت، تیشكی خستەسەر سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: سەردانەكە بەهەنگاوێكی ئەرێنی دەبینین لەپێناوی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، كە هیوادارین بەكردەوە گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام و لەبەرژەوەندی هەردوولادا بێت. وتیشی: كێشەكان تەنیا مووچەو شایستەی دارایی هەرێم لەبودجەدا نییە، بەڵكو جیا لەكێشەكانی پەیوەست بەبودجەو نەوت، ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەكانی دیكەی هەرێم و پێشمەرگە، پێویستە كار بۆ چارەسەركردنیان بكرێت.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پوختەیەكی لەبارەی سەردانی وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو رێڕەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال سەبارەت بەبودجەو وزە، خستەڕوو و وتیشی: گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە بەردەوامن كە رێكەوتنێكی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

پاشان، پوختەی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2020و ئەو ماددەو بڕگانەی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، خرایەڕوو، كە رۆژی 14ی ئەیلولی 2020 لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پەسەندكراو رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، گفتوگۆ دەربارەی بنەماكانی ستراتیژیی گشتیی بودجەی عیراق كرا بۆ ساڵەكانی 2021 تا 2023، كە لیژنەیەكی باڵای بۆ پێكهێنراوەو هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە، بۆ ئەوەش وەزارەتە پەیوەندیدارەكان راسپێردرا، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و پلاندانان بكەن، تا هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی كاریگەری هەبێت لەداڕشتنی ستراتیژیەتی بودجەی فیدرالی بەئاراستەی دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

print

 101 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*