سەرەکی » راپۆرت » گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان

شرۆڤەی رۆژ

گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان

هەواڵ و بەدواداچوون

هاوكات لەگەڵ بەردەوام بوونی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ چارەسەركردنی پرسی شایستە داراییەكان و گەیشتن بە رێكەوتنێكی درێژخایەن لەوبارەیەوە، ئێستا پرسی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، بۆتە یەكێك لەو پرسە گرنگانەی كە زۆر جەختی لەسەر دەكرێتەوە، هەروەك ئەم پرسە بەهۆی دۆخی خراپی ئەو ناوچانەوە لەڕووی ئەمنییەوە، بۆتە داواكاریی سەرەكیی دانیشتووانی ئەو ناوچانە و دەخوازن هەرچی زووە بەغدا و هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو پرسە گرنگە بگەنە رێكەوتن.

دۆخی ناوچە دابڕێنراوەكان لەڕووی ئەمنییەوە، خراپە و ئەم دۆخە خراپە وایكردووە هەلومەرجی ئەمنی بەتایبەت بۆ دانیشتووانە رەسەنەكانی ئەو ناوچانە زیاتر ببێتە جێگەی مەترسی.

هەروەها دانیشتووانە رەسەنەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان، نەك هەر بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە هەراسان و لەژێر گوشاردان، بەڵكو بەهۆی بڕیارەكانی گەڕاندنەوەی عەرەبە هاوردەكانیش دیسانەوە لە ژێر گوشارێكی قورسدان.

گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان، خواستێكە كە دانیشتووانی ئەو ناوچانە چاویان لێیە و دەیانەوێت، بەوپێیەی ئێستا بەهۆی نەمانی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە دۆخی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان، بەرەو تێكچوون چووە و هیچ جۆرە هاوسەنگییەك نەماوە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رێی نوێنەرەكانییەوە لە بەغدا و هەرێمی كوردستان، بە جددی كار لەسەر پرسی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان.

هەرێم و بەغداش، ئێستا لێكتێگەیشتنەكانیان بە ئاستێك گەیشتووە بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە كە چوار ناوەندی هەماهەنگی لەو ناوچانە دروست بكەن، بەڵام هێشتا ئەو لێكتێگەیشتنە وەك خۆی نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دانیشتووانی ناوچە دابڕێنراوەكان، ئێستا زیاد لە هەر كاتێكی تر چاویان لەوەیە كە حكومەتی هەرێم و بەغدا لەپاڵ گەیشتن بە رێكەوتن لەسەر پرسی مووچە و بودجە، كاری جددیش بكەن بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەسەر پرسی چارەسەركردنی كێشەی ئەمنیی ناوچەكانیان و هاوكات گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە، لەسەر ئەم دۆسێیەش لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: پێدادەگرین لەسەر گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ئەم داوایەشمان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا باسكردووە.

 284 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*