سەرەکی » راپۆرت » به‌غدا؛ هێرش بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كان پرسێكی دیكه‌ی گه‌رم

به‌غدا؛ هێرش بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كان پرسێكی دیكه‌ی گه‌رم

راپۆرتی، ته‌حسین ته‌ها چۆمانی

رۆژ به‌ڕۆژ پرسی موشه‌كبارانكردنی باڵیۆزخانه‌ی وڵاتان له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و به‌تایبه‌ت باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ پاراستنی ئه‌و باڵیۆزخانانه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی كه‌ حكومه‌ت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان زیاد له‌ هه‌ر كاتێكی تر، پێیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بن.

ئه‌مریكا نیگه‌رانه‌
هه‌فته‌ی رابردوو فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی ناوه‌ندی ئه‌مریكا، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا نیگه‌رانی خۆی له‌و پرسه‌ پیشانداو پێیوابوو «ئه‌مه‌ گوشارێكه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق».

له‌لایه‌كی دیكه‌‌وه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عیراق له‌سه‌ر هه‌مان پرس كۆبۆته‌وه‌ و نیگه‌رانی وڵاته‌كه‌ی پێڕاگه‌یاندووه‌ و داوایكردووه‌ كاربكرێت بۆ ده‌ستگیركردن و دادگاییكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ پشت ئه‌م هێرش و په‌لامارانه‌وه‌ن.

هێرشی سه‌ر باڵیۆزخانه‌كان زیادیكردووه‌
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هێرش و په‌لاماره‌كان بۆ سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و به‌ئامانجگرتنی باڵیۆزخانه‌ی وڵاتان و به‌تایبه‌ت باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا زیاتر بووه‌، به‌جۆرێك ناوچه‌ ئارامه‌كه‌ی به‌غدا ئێستا زیاد له‌ هه‌ر كاتێكی تر بۆ باڵیۆز و نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان بۆته‌ یه‌كێك له‌ شوێنه‌ نائارامه‌كان.

حكومه‌تی عیراق به‌دواداچوون ده‌كات
حكومه‌تی عیراق ئێستا له‌ رێگه‌ی ده‌زگای دژه‌ تیرۆره‌وه‌ كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌رانی پشت ئه‌و هێرشانه‌ ده‌ستگیر بكرێن. رۆژی سێشه‌ممه‌ش سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ لێپرسراوانی سیاسی له‌ عیراق له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك كۆبۆوه‌.

عه‌قیل ئه‌لردینی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ ئیئتیلافی نه‌سر رایگه‌یاندووه‌ «سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوایان له‌ سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌ تا له‌ باره‌ی یه‌كێك له‌ دۆسێ هه‌ستیاره‌كانه‌وه‌ به‌دواداچوون بكات، ئه‌ویش هێرشی سه‌ر باڵیۆزخانه‌كانه‌«.

‌״به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان عیراق ده‌كه‌ونه‌ مه‌ترسییه‌وه‌״
حكومه‌تی عیراق، هێرشه‌كان بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی وڵاتان، به‌ لێدان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌زانێت، بۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی ئه‌و هێرشانه‌ پێده‌چێت به‌شێك له‌ وڵاتان و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا كه‌ ئێستا ده‌یه‌وێت به‌شێك له‌ هێزه‌كانی له‌ عیراق بكشێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ به‌ زیان بۆ عیراق بشكێته‌وه‌. ئه‌مریكا و عیراق ئێستا گفتوگۆ له‌سه‌ر رێكه‌وتنێكی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری دوورمه‌ودا ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌ عیراق تا ئاستێك كێشه‌ بۆ گفتوگۆ و تانه‌نه‌ت پرسی ئه‌منی ‌زیاتر ده‌كات.

 215 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*