سەرەکی » ئاراستە » به‌ یادی شه‌هیدان فازیل و ئازاد

بیره‌وه‌رییه‌ك له‌ قه‌ندیل

به‌ یادی شه‌هیدان فازیل و ئازاد

رزگار مسته‌فا

رۆژی 8/8/1988 له‌ قه‌ندیل بووم، بیستم جه‌نگی ئێران-عیراق راگیراوه‌،ئه‌و رۆژه‌ به‌ لوتكه‌ی (كه‌رگوێ)ی شاخی كونه‌كۆتره‌وه‌ بووین، ته‌نها یه‌ك كیلۆمه‌تر له‌ دوژمنه‌وه‌ دوربووین، به‌یانی زووه‌كه‌ی من و شه‌هید فازیل سه‌ركۆیی و شه‌هید ئازاد قه‌ڵه‌وه‌ڵسی كه‌تینه‌ خۆ و گوێدرێژه‌ گوێڕایه‌ڵه‌كه‌مان دایه‌ پێش خۆمان و دابه‌زینه‌ خواره‌وه‌ بۆ ناو دۆڵی باڵه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ی سێ فه‌رده‌ ئارد و هه‌ندێك كه‌ل و په‌ل بێنینه‌وه‌ بۆ سه‌رشاخ، كه‌ پاش ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌یشتینه‌ ناو گوندی خه‌زێنه‌و پاشان سه‌ركه‌وتین بۆ باره‌گاكه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی كه‌ له‌ نزیك كانییه‌كه‌ی پشت دێی خه‌زێنه‌ بوو واته‌ بن شاخی قه‌ندیل، نزیكه‌ی سه‌عات 11 بوو، كاك جه‌میل هه‌ورامی له‌سه‌ر كه‌پرێك دانیشتبوو، رادیۆیه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، وتی: كوڕینه‌ جه‌نگی ئێران-عیراق راگیرا، به‌ڕاستی هه‌موومان خه‌مێكی قوڵ دایگرتین، چونكه‌ ده‌مانزانی كه‌ ئیتر حوكمه‌ت هێرشه‌كانی بۆسه‌ر كوردستان زیاتر ده‌كات و دووچاری شه‌ڕی زۆر گه‌وره‌ ده‌بین و له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌له‌ژێر ده‌ستماندایه‌ له‌ده‌ستی ده‌ده‌ین.

نان و ماستێكمان خواردو سێ فه‌رده‌ ئارده‌كه‌مان بار كرد و له‌ باره‌گاكه‌ی كاك ئازاد هه‌ورامی هاتینه‌ خواره‌وه‌، زۆر سه‌ربه‌ره‌وخواركه‌یه‌كی ناخۆش بوو، دوو جار فه‌رده‌ ئارده‌كانمان خزان و كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌، له‌ پاشاندا من له‌ پێشه‌وه‌ خۆم دابووه‌ سنگی كه‌ره‌كه‌و شه‌هید فازیل له‌لاوه‌ فه‌رده‌یكی گه‌رتبوو شه‌هید ئازادیش كلكی گرتبوو بۆ ئه‌وه‌ی زۆر خێرا نه‌ڕوات، جارجاره‌ گوێدرێژه‌كه‌ یه‌ك سه‌لیه‌ بای به‌ده‌موچاوی شه‌هید ئازاد ده‌ته‌قان، ئه‌ویش به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌یووت: (كوڕ خودا من بۆ له‌و به‌غدا خۆشه‌وه‌ هاتم بۆ ئێره‌ تا ئاوام به‌سه‌ر بێت!).

هه‌رچۆنێك بوو پاش چه‌ند سه‌عاتێك بۆ ئێواره‌كه‌ی گه‌یشتینه‌وه‌ سه‌ر لوتكه‌ی كه‌رگوێ له‌ كونه‌كۆتر و هه‌ر به‌و وه‌زعی كه‌رو ئارده‌كه‌ پێده‌كه‌نین، به‌ڕاستی زۆر هیلاكی كردین.

به‌داخه‌وه‌، پاش 20 رۆژ فازیل سه‌ركۆیی شه‌هید كرا و له‌ شێخ ئایشی قه‌ندیل ناشتمان، ئازادیش پاش ماوه‌یه‌كی تر شه‌هیدكرا و ئێستا گۆڕیشی نیه‌، منیش دواتر به‌سه‌ختی بریندار كرام.

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی شه‌هید ئازاد و شه‌هید فازیل و هه‌موو شه‌هیدانی كوردستان.

 176 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*