سەرەکی » کەلتوور » لە یادی خاپورکردنیدا پێنجوێن چاوەڕێی ئاوەدانکردنەوەیە

لە یادی خاپورکردنیدا پێنجوێن چاوەڕێی ئاوەدانکردنەوەیە

عەبدولڕەحمان عەلی

پێنجوێن جگە لەوەی شارۆچکەیەکی سنورییە، لە دێرزەمانەوە مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانی و سەرەڕێی گواستنەوە و گۆڕینەوەی کاڵاوشمەک و بازرگانیش بووە. لە ئێستاشدا بۆتە شادەمارێکی بەهێزی ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان .

هەرچەندە پێکهاتەی خاکەکەی زۆر دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆچاخی جیۆلۆجی یەکەم واتا سەردەمی (ئەرکی)، وە بەپێی ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی کە بۆ پاشماوە دێرینەکانی قەڵاکانی (کچێ، وێنە، قزڵجە) کراون دەرکەوتووە مێژووی دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆهەزارەی دووەم وهەزارەی یەکەمی پێش زایین ، بەم پێیەش ناوچەکە بە یەکێک لە کۆنترین ودێرینترین ناوچەکان دادەنرێت لەسەر ئاستی کوردستان وعیراقیشدا .
بەڵام وەک ئاوەدانی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمی زاینی واتا زیاترلە (400)ساڵ پێش ئێستا.

گوندێکی گەورە و فراوان بووە
ڕاستە پێنجوێن سەرەتا گوندێک بووە سەر بەناحیەی قزڵجەی سەر بە قەزای گوڵعەنبەر کە دەکاتە خوڕماڵی ئێستا ، بەڵام گوندێکی گەورە و فراوان بووە و هەمان ئەو پێداویستیانەی لە شارەدێیەکدا هەبوبێت لەوێش هەبووە لە وێنەی دوکان وبازاڕ و گەرما و…هتد .

لەگەڵ دروستبونی دەوڵەتی عیراقدا لەساڵی (1921)دا، بەهۆی پێگە ستراتیجیەکەیی و ئاوەدانبوونەوەی زیاتری کرایە ناحیە و مەڵبەند و یەکەی کارگێڕی ناحیەکە لە قزڵجەوە گواسترایەوە بۆ پێنجوێن .

لە ساڵی (1959)دا و دوای ساڵێک تێپەڕبوون بە سەر گۆڕینی سیستمی فەرمانڕەوایی لە پادشایەتییەوە بۆکۆماری لە عیراقدا ، گۆڕانکاری کارگێڕیش لە پێنجوێندا ڕوویدا، و بە مەرسومی کۆماری ژمارە ( 3 / 716 ) پێنجوێن لە ناحیەوە کرایە قەزایەکی سەربەخۆی سەر بە پارێزگای سلێمانی و هەر بە مەرسومی کۆماری ژمارە ( 11 / 719 ) گەرمک لە گوندەوە کرایە ناحیەیەکی سەر بە قەزای پێنجوێن و بە بڕیاری ژمارە ( 3 / 34796 ) لەساڵی ( 1979)دا ناڵپارێزیش کرایە مەڵبەندی ناحیە .

جگە لە وێرانکاری
پێنجوێن لە مێژووی بنیادنان و دروستبونییەوە تا ئێستا تووشی چەندین ڕوداوی جۆراوجۆری سروشتی و دەستکرد بۆتەوە، کە جگە لە وێرانکاری و خاپوربوونی شار و ناوچەکە ، بونەتە هۆکاری ئاوارەیی و دەربەدەربوونی دانیشتوانی ناوچەکە.

لە گرنگترین و دیارترین وێرانکاری و خاپورکردن و تەختکردنی شارەکە، پێشی (37) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، واتا لە بەرواری ( 27-9-1983)دا بوو لەلایەن حکومەتی عیراقی ئەوسا ( ڕژێمی بەعس) کە تەنها سێ ساڵ و چەند رۆژێک تێپەڕیبوو بەسەر هەڵگیرساندنی شەڕی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی ( عیراق – ئێران ) لە ( 22-9-1980) کە لەگەڵ دەستپێکی شەڕەکەدا ناوچەی پێنجوێن بووە یەکێک لەشەڕگەکانی نێوان هەر دوو وڵات و شارەکە ودانیشتوانەکەشی بونە یەکەمین قوربانیدەری ئەو شەڕە پڕ لە وێرانکاری و خوێن ڕشتنەدا . وێرانکارییەکە بەشێوەیەک بوو کەهەموو ماڵ و فەرمانگە و تەنانەت مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکانیش لەگەڵ زەویدا تەختکران و ڕوخێنران کە پێنجوێنی یەکپارچە کردە کەلاوە . تەختکردن و وێرانکاری شارەکە بەچەند شێوازێک ئەنجامدرا ، بەشێکیان کە زیاتر دام ودەزگا و بینا بەرزەکانی دەگرتەوە بە تەقەمەنی ڕوخێنەر واتا ( TNT)بۆ بەکارهێنرا ، و ئەو ماڵانەشی کە دەکەوتنە گەڕەکە تەختەکانەوە جگە لە لە تەقەمەنی بە ئامێری شۆڤڵ و هاوشێوەکانی روخێنران ، ئەو ماڵانەشی بە بەرزایی شاخ و گردۆڵکەکانەوە بوون کە سەقفیان چیمەنتۆ نەبوو، واتا دارەڕابوون دەسوتێنران .

تا ئێستاش کاریگەرییان هەیە
بەو شێوازانە و شێوازی دیکەش شارەکە بە تەواوەتی ڕوخێنراو، و یەکپارچە بووە وێرانە. لێرەدا بەشێک لەو وێرانکاری و کاولکارییانە ئاماژە بۆ دەکەین کە بەسەر شار و ناوچەی پێنجوێندا هاتوون و تا ئێستاش کاریگەرییان هەیە بەسەر ئاوەدان نەکردنەوەی پێویست و پەڕاگەندە و ئاوارەبوونی دانیشتوانی سنوری پێنجوێن؛

ـــ لەشەڕی جیهانی یەکەمدا و پێش زیاترلە سەدەیەک لەلایەن رووسەکان بەشێکی پێنجوێن سوتێنرا بەمەش پێنجوێن ودانیشتوانەکەی بێ بەش نەبوون لە زیانەکانی ئەو جەنگە .

ـــ لە ( 8-8-1946)دا بومەلەرزەیەکی بەهێز لە پێنجوێنیدا و بووە هۆی دەربەدەربوونی دانیشتوانەکەی، کە بە هێزترین بومەلەرزە بووە لە سەدەی بیستدا کە لە هەموو عیراق و کوردستانی باشوردا ڕوویداوە .

ـــ لە( 21-10-1962) سوپای عیراق گەیشتە پێنجوێن، و لە( 23-10-1963) بەشێکی پێنجوێن لەلایەن حەرەس قەومیەکانەوە سوتێنراو، و زیانێکی زۆر بە دانیشتوانی شارەکە گەیەنرا .

بە فەرمانی شۆڕش
ـــ لە (24-4-1974)دا کە رژیم بە بۆمبی ناپاڵم قەڵادزێی خەڵتانی خوێن کرد و هەڵەبجەی بۆردومانکرد ، بۆ ڕۆژی دواتر دوکان و بازاڕ لە پێنجوێن داخران دانیشتوانی پێنجوێنیش بۆ خۆپارێزییان نەکا پێنجوێنیش هاوشێوەی ئەو دوو شارە بۆردومان بکرێت بە فەرمانی شۆڕش لە (27-4-1974) شارەکەیان چۆڵکرد ، هەرچەندە بۆڕۆژی دواتر فڕۆکە هاتە پێنجوێن بەڵام بۆردومانیان نەکرد .

ـــ لەساڵی ( 1987)دا گەورەترین هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سنوری پێنجوێن وگەرمک دەستی پێکرد ، و دانیشتوانی ئەو گوندانەیان ڕاگواست بۆ ئۆردوگای شانەدەری و ناڵپارێز و بەشی خوارەوەی پێنجوێن .
کە ئامانجی سەرەکی حکومەتی عیراقی لەو ساتەوەختەدا لەم ڕاگواستنە دابڕان و پچڕاندنی پەیوەندی نێوان خەڵک و پێشمەرگە بوو چونکە لادێکان پاڵپشپشتێکی بە هێزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون لەو سەروەختەدا .

ژێرخان و سەرخانی شارەکەی
ـــ لە ( 27-9-1983)دا کە(37) ساڵ پێش ئێستا دەکات بە رۆژژمێری تەقویمی ، گەورەترین وێرانکاری لە پێنجوێندا کرا کە بریتی بوو لە پڕۆسەی تەختکردن و سەرەوژێرکردنی تەواوەتی شارەکە ، هەرچەندە پێنجوێن یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە یەکەم پریشکی شەڕی وێرانکاری عیراق ــ ئێرانی بەرکەوت و لەگەڵ هەڵایسانی شەڕەداکەدا بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی شارەکە ئاوارەی شاروشارۆچکەکانی تربوون، بەڵام کاریگەری و زیانەکانی ئەم هەڵمەتی وێرانکارییە لە هەموو روودا و کارەساتەکانی پێشتر زیاتر بوو بە شێوەیەک ژێرخان و سەرخانی شارەکەی بە تەواوەتی یەکسان کرد بە سفر .

دوای ساڵانێکی زۆر
لەیادی (37) ساڵەی وێرانکردن و خاپورکردنی تەواوەتی پێنجوێندا، ئەو شارە هێشتا تینوی ئاوەدانی زیاتر و نەمان و نەهێشتنی ئاسەوارەکانی ئەو کاولکارییانەیە ، کە بەداخەوە دوای ساڵانێکی زۆر بەسەر خاپورکردنی شارەکەدا، و بوونی حوکمڕانی خۆماڵی بۆ نزیکەی سێ دەیە، کەچی هێشتا زیاتر لە هەزار کەلاوەی خاپورکراو و تەختبوو لەگەڵ زەویدا لە شارەکەدا بونیان هەیە و لە چاوەڕوانی بنیادنانەوەدان . وە دەکرێت بۆ نەهێشتنی ئاسەواری ئەو کاولکارییانە و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری بە ناوچەکە ساڵانە بەشێک لە داهاتی دەروازەکانی باشماخ و سەیرانبەن تەرخان بکرێت بۆ ئەو مەبەستە کە ئەمە بچوکترین خزمەتێکە کەپێشکەشی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی بکرێت .

بەهیوای ئاوەدانی زیاتر بۆ پێنجوێن وهەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان .

 253 جار بینراوە