سەرەکی » ئەدەب و هونەر » پێغەمبەرەکان دێنەوە … پێغەمبەرەکان نایەنەوە

پێغەمبەرەکان دێنەوە … پێغەمبەرەکان نایەنەوە

حسەین لەتیف

1
زەنگەکە سێ جار لێی دا،
شاعیرەکە زانی دەبێت ئەمڕۆ چەند شیعرێک بنووسێت :
یەکەمیان بۆ سەربازەکان،
دووەمیان بۆ ئەسپەکان،
سێهەمیان بۆ سەگەکان،
چوارەمیان بۆ مێروولەکان
پێنجەمیان بۆ درەختەکان.
سولەیمان هەر لە بەرئەوەی زمانی باڵندەی دەزانی بوو بە پێغەمبەر،
پێغەمبەرایەتی لە چاخی نوێ دا ئەوەیە: خوێنی ڕژاوی مرۆڤ و ئاژەڵ و درەخت لە یەک جیا بکەیتەوەو…
بە بێ گوێدان بە رێزمان،
هەریەکەیان لە شیعرێکدا بنووسیتەوە.

2
هەر دوو وڵات
ئاگر بەست رادەگەیەنن،
سەربازەکان وچان دەگرن،
مێروولە لە شارەکانیان،
من لە ژوورە نیوە رووخاوەکم،
دێینە دەرەوە.
مێروولەکان بۆ هەڵگرتنەوەی دەنکە گەنم
من بۆ سەیری جلی سەر تەنافەکەتان.
من و مێروولەکان بە پەلەین
پێدەچێت ئەوانیش وەک من بترسن
چەند کاتژمێرێ تر ئاگر بەست کۆتایی بێت.
مێروولەکان رەنجی خۆیان هەڵگرتووە
زرێپۆشەکان مەرگی شار،
بیر لە تۆ دەکەمەوە،
لەبەر تریفەدا نامەت بۆ دەنووسم،
سەربازەکان خۆیان دەشارنەوە
دزەکان تف لە بەختی خۆیان دەکەن،
سەگەکان بە مانگ دەوەڕن.
تۆ لەرۆژدا نامەکەم بخوێنەوە:
عاشق بوون لە رۆژگاری جەنگ دا،
هەوڵێکی پێغەمبەرانەیە بۆ پاراستنی دونیا.

3
برسییەکان لە رابردوودا
خەونیان بە پێغەمبەرێکەوە دەبینی
بیانبات بۆ بەهەشت،
لە چاخی نوێ دا خەون بە پێغەمبەرێکەوە دەبینن
بەردیان بۆ بکات بە کولێرە.

4
عیسا،
یەک کەس بوو،
برایە سەر خاچ و…
بۆ هەمیشە بوو بە پێغەمبەر،
نەتەوەیەک رۆژانە لە خاچ دەدرێت
ناڵێم پێغەمبەرایەتیمان پێ ڕەوا ببینن
تەنها لیگەڕێن وەک هەر باڵندەیەک بە گەرووی خۆمان گۆرانی بڵێین.

5
ئیبراهیم
یەکجار رۆشتە ناو ئاگرەوە،
ئاگر سارد بوویەوە،
زەوی بوو بە زەمهەریر،
ئێمە هەموو جۆرەکانی گولە
لە خوێنمانا سارد بوونەتەوە
ئەی بۆ کەسمان لێنەبوو بە پێغەمبەر؟

6
موحەمەد،
مانگی کرد بە دوو کەرتەوە،
خودا قورئانی بۆ نارد،
پاش ئەوەی کوردستان کەرت کەرت کرا
ئەحمەدی خانی
مەم و زینی ،
بەرهەم هانی.

7
یونس
چەند رۆژێک لە ناوسکی ماسیەکدا ژیا
رووی دەکردە هەر شوێنێ
قیبلەبوو.
من لە وشکانیی دا دەژیم
بە تەنها رووم لە قەندیلە
بە تیشک خۆم دەشۆم و…
لە بەرزاییەکانیەوە
بە بێئەوەی هەست بەسووتان بکەم
بەدەستی خۆم خۆرتان بۆ دادەگرم.

8
پێغەمبەرەکان بێنەوە دونیا کەمێک دەگٶڕێت
وەک ئەو ڕۆژگارانەی لێ دێتەوە ئەوان لێرە بوون
پێغەمبەرەکان نەیەنەوە دونیا هەر کەمێک دەگٶڕێت
بە شێوەیەک مرۆڤ بیری لێنەکردووەتەوە
کاشکی پێغەمبەرەکان دەهاتنەوە
چ حیکمەتێکە پێغەمبەرەکان نەهاتنەوە؟

 400 جار بینراوە