سەرەکی » ئەدەب و هونەر » پێکەوە .. نین

پێکەوە .. نین

دڵسۆز حەمە

وەکو درەخت دەمرێت پەیوەندی
لە هەڵکردنی تینوێتی ودڵشکانی ڕەگەکانیدا
وەکو مردوەکان
ناگەڕێتەوە خوین بۆ دەمارەکانی
کە دەشکێ ودەکوژرێت پەیوەندی
کە تیرۆر دەکرێت خەیاڵێک ،بە نیازی خۆشەویستی ئەو،
منەتی بە دنیا نەبوو
کە وێنەی کریستاڵیی ئەو هاڕەدەکات ،
دەبێتە خۆڵەمێشی سارد
لە کوانویەکی تەزیودا،
سەیری یەکتری ناکەین
وەک دوو پیاوکوژ
دوو دۆڕاو
نامانەوێت ئەو تەرمە ببینین
لە نیگادا ڕاکشاوە
لە تەماشادا گیان دەدا
تەرمی پەیوەندیەکەمان
هێواش ئەدوێ یار
نزم ئەدوێ یار
تەماشای چاوم ناکات یار
لەسامی تەرمەکەی نیگام
کوژاوەتەوە دروەشانەوەی یار
ئەو پشکۆیەی دەیکێشامە هەر جێیەک ئەوی لێبێت .
وەکو پەپولە دەمرێت پەیوەندی
قاییم باڵەکانی بگریت
وەکو بلور دەشکی پەیوەندی
ئەگەر بەرزەبری ووشە کەوت
بەر دڵڕەقی بەجێهێشتن
بەر گوللەی وێلی خیانەت .

***
بەر یادەوەریەکان دەکەوم
پێکەوە پێدەکەنین
پێکەوە دڵتەنگ دەبوین
گوێمان لە هەواڵەکان دەگرت
بازاڕمان دەکرد
لە جەنجاڵی ماسی فرۆش و
میوەفرۆش و
گوڵفرۆشەکاندا ، لەیەکتر وون دەبوین
هەر پشتاوپشت یەکترمان دەدۆزیەوە
تێر پێدەکەنین
پێکەوە لەبەر خوڕەی باراندا بە پاسکیلێکی ڕەق وتەقی دوو چەرخەوە
سەفەری هەتاویترین خەیاڵ
گەرمترین ڕۆژگارمان دەکرد
چونکە دەستم لەکەمەری ئەودا گیربوو ، کە لەپێشەوە وەکو شەقکردنی ژیان
پایدەری لە پاسکیل دەدا
ژیانم پێ باخچەیەک بوو بە ئەندازەی دڵنیایی .

***
لەبەردەرگای نائومێدی ژیاندا دەوەستاین پێکەوە،
بەدوی ناوی منداڵدا دەگەڕاین
پێکەوە هەواڵەکانمان دەخوێندەوە
گوێمان لە (عەدنان کەریم )و(ناسر) دەگرت
چێشتمان سازدەکرد
پێکەوە گۆرانیمان دەگوت
خۆمان دەکرد بە حەمامەکەدا
پێکەوە خۆمان دەشت
یەکترمان دەگرتە باوەش
ماچمان دەکرد
وەکو داگیرسانی دوو ئەستێرە
گەشانەوەی دوو پشکۆ
وەکو کەوتنە خوارەوی هەتاو بۆ سەر جێگاکەم
جوت دەبوین
وەکو دوو ماسی
خۆمان دەدایە دەست شەپۆلەکان
وەکو نیوەشەوانی شارێکی هێجگار دورەدەست
خامۆش دەبوین و دەنوستین

***
جاران کە دەڕۆشت
لەپشتی دەگاکەوە
هێندەی گێلاسێک
هێندەی ناوکی بادەمێک
دڵی تەنگی چۆلەکەیەک بچوک وبچوکتر دەبومەوە
خەیاڵم لەگەڵ ئەودا بو
زۆری دەویست تا خەیاڵم دەگەڕایەوە جەستەم و
دەهاتمەوە سەرخۆم ودەبومەوە بەم بەشەرە
ئێستا کە دەڕوات
دەرگا دادەخەم
وەکو ماتەمگێڕێکی شەکەت
تازە لە ناشتنی تەرمەکە گەڕابێتەوە
لە ئاپورەی ماتەمگێڕاندا
پشت بە دەرگاکەوە دەدەم
لە موهاجرێکی دەچم لە جەرگەی سەحرای کوبرای باشوردا
ڕۆژهەڵاتی وونکردبێت

***
لە نێوانی جلەکانمدا بۆنی چۆڵبونێکی بکوژ
لەدەستمدا دۆرانێکی ئەبەدیو
لە سینەمدا خەمێکی قوڵ .
بەم هەمو ئازارەوە
بەم هەمو ڕوشان و نەزیفەوە
چۆن دەژی پەیوەندی ؟
ئێستا وەکو لە گۆکەوتنی پەنجەکان
وەکو بێزاری هەواڵەکانی سەعات هەشت
وەکو پەیامی لەدەستچون
وەکو غەمگینی تەنهایی
بێدەنگیم دەنگ دەداتەوە
هێمنیم تەژی باهۆز و
تەنهاییم جمەی دێ جمە
وەکو درەخت دەمرێ پەیوەندی
وەکو گەڕانەوەی سەفەر ، تەواو دەبێت پەیوەندی
دووبەدوو هاتین
بەسەر بلوری شکاوی دڵمدا
بەتەنها دەگەڕێمەوە
وەکو مرۆڤ دەمرێ پەیوەندی کە نەخۆش دەکەوێ ڕۆحی
کە لە لێدان دەکەوێت دڵی پێکەوەبون.
تەموز2020

 524 جار بینراوە