سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ئاوارەی خۆویستانە،غوربەتی بێ دڵپەڕە 27

ئاوارەی خۆویستانە،غوربەتی بێ دڵ

ئەلیف شەفەق

لە توركییەوە: فەرهاد چۆمانی

رۆماننووسەكان، لە گۆشت و ئێسقانن، ژیرییەكی هەستیارانە و دڵێكی هەستیار، پڕ لە دژوازیی وەها كە رەگیان داكوتاوە و خۆپەرستییەكی سنووربەزێن، سەوداسەری گەڕانی بەردەوام و هەرمانن، بوونەوەرێكی سەمەرەی وان كە لە هێزی خەیاڵێكی جێ بەخۆ نەگر دروستبوون.

چین چین، فەرموو دەرچۆ ئەگەر دەتوانیت.

ئێمە چەند خوایەكی چكۆلەین، واتە لەسەر كاخەز، لە توێی كتێباندا. چەند ژیانێك دەنەخشێنین و كارەكتەر وەگیان دێنین، یان پێمانوایە وادەكەین. تەڵەبكارین. جا چەندەش زۆر! چاوەڕێی رێز و ستایشین، بەدزییەوە. دەخوازین دەوروبەرمان حەیران و مەفتوونمان بن، بەزانینی ئەوەی كە خواستێكی بێ هوودەیە. ئەدی ئەمە لەبەر ئەوەی لە ناوەڕاستی گەردوونداین! چاوەڕێین. چاوەڕوانیمان هەرگیز دوایی نایەت. بەردەوام ئەندێشەمان لای هەنگاوی داهاتوو و قۆناغی دواترە. نازانین كە هێزی ئەو خەیاڵە فراوانەمان هەم ژەهرمانە هەم دژە ژەهر. حیكایەت حیكایەتی تری بە دوادا دێت. هیچ كاتێك بەوەی دەینووسین دڵمان ئاوناخواتەوە و بێ سرەوت خەیاڵمان لای ئەوەی دواترە. قەت رەزامەند نابین. هەر بۆیە گەلێک كەیفمان بە یەكتری نایەت. لەبەر ئەوەی خۆمان لە ئاوێنەی یەكتریدا نابینین. تایەفەی رۆماننووسان تەنیا چاوگەیان وێژە نییە، لە بیاڤ و بواری دیكەش بەهرەمەند دەبن. نەدەتوانن خۆیان لە سایكۆلۆژیا بێپار بكەن، نە لەفەلسەفە. نە لە مێژوو نە لە زانست. نە لە سۆسیۆلۆژیاش. نە (بەتایبەت لە وڵاتانی وەك ئەوەی لەمەڕخۆمان) لە سیاسەت. كاری رۆماننووس دروستكردنی هاودەمییە. بۆ كەمكردنەوەی چین بەچینی ئەو كەلێنە سەختەی كە لە نێوان «ئێمە» و «ئەوان»دا هەیە. دەنگ بەخشین بەوانەی لەپەراوێزدان، بەخشینی گەروو بەوانەی دەنگ ناكەن. وەبیرهێنانەوەی ئەوانەی لەبیركراون.

پێشكەشكردنی ئەو لقانەی لە داخورانی زانین و ویژدانەوە دەبنەوە. بە بەردەوامی بەگیروگرفت كردنی پەیوەندی نێوان ناوەند و كەنار. تێگەیشتن لەویتر. لاگیری ئەوانەی غەدریان لێكراوە. وەستانەوە لەپاڵ كەمینەكان. ئەوانەی لە نێو كەم و سەرمادان. لەهیچ و هیچ كەنارێك هەڵنەدانی راگرەی لایەنگیری دەستەجەمعیانە. ئەو كەسەی پێی دەگوترێ رۆماننووس خۆی لە وردەكارییەكان نابوێرێ. هەر خۆی سەروكاری ئەو لەگەڵ ئەو جیاوازییە وردانەیە. خۆی لە گشتاندنە گەورەكان بەدوور دەگرێت. بە وردەكاریی هێندەی پنتێكەوە ژیان رەنگین دەكات. كاری رۆماننووس كەمێكیش دەریاوانییە. كاری دەرهێنانی خوێنەرەكەیەتی لە نێو ئەو قۆزاخە گەرم، ئارام و ئاشنایە. داوەتی رێبوارێكی چاوەڕواننەكراوی دەكات، لەسەیر و سەفەرێكدا كە خۆیشی نازانێت بەكوێ دەگات و چۆن دوایی دێت. خنكان لە نێو شەپۆلاندا، رفاندن لەلایەن چەتەكانەوە، خستنە نێو ماجەرای نەبینراو. خواستی رۆماننووسان گێڕانەوەی ژیانە، گێڕانەوەی ئەوەی لێی حاڵی نین، نیشاندانی ئەوەی نادیترێ. گەه بەدەم رۆشنایی مۆمێك، كز و زەرد. گەه لەژێر تیشكی چرایەكی فلۆرەسێن، لە ژێر رووناكاییەكی پڕ تروسكەی سپیدا. كاری رۆماننووس ئەوەیە بەردەوام خۆی بخاتە شوێنی كەسانی تر، لەخۆی دەربچێت، لە»من» دوور بكەوێتەوە. چارەنووسی رۆماننووس ئەوەیە لەو خاڵەوە كە دەستپێدەكات فرسەخ بە فرسەخ خۆی بگەیەنێتە خاڵی دیكە. تا گەیشتن بە كەناری ئەوبەر. ونبوون. ئەوی راستی بێت گەورەترین تاقیكردنەوە بۆ رۆماننووس سەركەوتنیەتی لە نەگەیشتن.

وەلحاڵ نووسەربوون كارێك نییە بۆ ئەوانەی قەستیانە لەلای هەمووان خۆشەویست بن. نووسەربوون واتە خۆشنەویستن، لێحاڵینەبوون و پەرتەوازەیی لەبەرچاو بگرێت. هەموو ئەمانەم بە تێپەڕبوونی كات بینین، قەبووڵم كردن. وەلێ لەم ژیانەدا تەنیا لە حاڵیبوون لە یەك جۆری مرۆڤ سەختیم كێشاوە: یخپ.»یانەی خۆ پەسندان» دەبینم لە كن ئەوانەی لە هەموو كەس زیاتر هۆشیان ئاڵۆزە هەست بە ئارامی دەكەم، ئەوانەی كونێك لە گۆرەوییەكەیان، برینێك لە رۆحیان و هۆشیان ئالۆسكاوە. مرۆڤە «رۆح زستانییەكان»… ئەگەر ئاوارەیی وەرزێكی هەبوایە، بەڕای ئێوە چی دەبوو؟ ئاخۆ بەهارێك كە سەرباری هەموو شتێك گوڵ تێدا شكۆفەی دەكرد پاییزێكی پڕ لەحوزن و دڵتەنگی ئێدوارد سەعید لە كتێبە ناوازەكەیدا ئاوارەیی بە «زستانی رۆح» ناودێر دەكات. شێوەیەك لە هەبوون باس دەكات. دەشێ ئاوارەیی بە زۆر یاخود «بە خواستی خۆت» بێت. لە دەرەوە را وا دەردەكەوێت دەشێ وەك بارێك بێت بە زۆر خرابێتە سەر شانی كەسێك، یاخود كەسەكە خۆی خستبێتییە سەر شانی خۆی. دەشێ لە غوربەتدا هەندێك شت وەدەست بهێنیت، پێگە، ڕێزلێگرتن، چەند ناونیشانێك، باشبن لەگەڵت. بەڵام بەردەوام هەستكردن بە بۆشاییەك، بەڵام ئەم حاڵ و بارە بەردەوام بە نیوەناچڵییەك تەوركوت دەكرێت. ئەمە لای هیچ كەسێك نادركێنی. كۆمەڵێ وشە لە قوڕگت گیردەبن. لەم دنیایەدا هەندێكیان هاونیشتمانین و هەندێكیشیان كۆچەر. هەروەها وەدەرنراو. ئیدوارد سەعید وادەڵێت. بە بۆچوونی من دەشێ ئەمە بەلێكدانەوەیەكی فیزیكی/ جوگرافیش بیری لێ بكەینەوە، هەروەها بە شێوەی زیهنی/ رۆشنبیریش. هاونیشتمانیان وابەستەی راستییەكانی خۆیانن، كۆمەڵێ مرۆڤن مەست و حەیرانی دۆگماكانی خۆیانن. واتە ئەندامە لووتبەرزەكانی یانەی خۆپەسندانن، هەرچی كۆچەرەكانن بە تێپەڕبوونی كات گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەڵام جارێكی تر هێندە بە ئاسانی ناگۆڕێنەوە. واتە ئەوانەن كە هێڵێكی روون و بەرچاویان لە نێوان رابردوو و ئەمڕۆدا كێشاوە. ئەوانەن كە گۆڕانكارییان لە خاڵێكدا وەستاندووە. ئەوانەیش كە وەدەرنراون بەردەوام گەڕۆكن، شلۆقی وەدەستهێنانی شوێنێك، ناسنامە و عایدیەتێكن كۆمەڵێ رۆحی بزۆكن.
هەرچەندە دەڕۆن، پێی ناگەن.

سەرچاوە:
كتێبی (Sanma ki yalnzsn-2018 – وامەزانە تەنیایت)

 537 جار بینراوە