سەرەکی » هەواڵ » دەمەقاڵێی دیپلۆماسی نێوان توركیا ‌و سوید

دەمەقاڵێی دیپلۆماسی نێوان توركیا ‌و سوید

لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوان مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا ‌و ئان لیند وەزیری دەرەوەی سوید، كە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە توركیا بەڕێوەچوو، دەمەقاڵی لە نێوانیاندا دروستبوو ‌و هەردوولا كەوتنە رەخنەگرتن لە یەكتری.

دەمەقاڵێكە لەوەوە دروستبوو، كاتێك وەزیری دەرەوەی سوید وتی: دەبێت توركیا لە سوریا بكشێتەوە ‌و رایگەیاند: دەزانین كە توركیا لە ناوچەكەدا دووچاری ئاستەنگ بۆتەوە، لە هەمان كاتدا هەڵوێستی ئێمە ‌و یەكێتی ئەوروپاش لە بەرامبەر رۆژهەڵاتی باكووری سوریا ئاشكرایە ‌و لەو رووەوە روون ‌و بەهێزە ‌و بەردەوامین لەسەر ئەوەی توركیا بكشێتەوە.

لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی توركیا ئەو لێدوانەی بە سووكایەتی زانی ‌و رایگەیاند: چەند گوزارشتێك لە بەیاننامەكەی هاوپۆستە سویدییەكەمدا هەیە ‌و پێویستە قسەیان لەسەر بكەم. بۆ نموونە، وتی: دەبێت توركیا لە سوریا بكشێتەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە كە هۆشداریی دەدەنە توركیا بۆ ئەوەی لە سوریا بكشێتەوە، وشەی دەبێت لە دیپلۆماسییەتدا، بەكەمزانینی كەسی بەرامبەر دەگەیەنێت ‌و ئەوەش قسەیەكی گونجاو نییە ‌و دەكرا بڵێت، داوا لە توركیا دەكەین بكشێتەوە. وتیشی: بە چ دەسەڵاتێك داوا دەكەن یان هۆشداریی دەدەن كە توركیا لە سوریا بكشێینەوە؟

ناكۆكییەكە هەر بە سوریاوە نەوەستا ‌و پەلیهاویشت بۆ كێشەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە نێوان توركیا لەگەڵ یۆنان ‌و قوبرسدا، لەو بارەیەوە ئان لیند وتی: پێشوازیی لە هەوڵەكانی ئەم دواییە دەكەم بۆ رەواندنەوەی ئاڵۆزییەكان ‌و لەمەدا پشت بە هەڵوێستی گشتیی یەكێتیی ئەوروپا دەبەستم، سەبارەت بەو پێشێلكارییانەی دەكرێت لە بەرامبەر مافی خاوەندارێتیی یۆنان ‌و قوبرس.

بەم لێدوانەش، جارێكی تر مەولود چاوش ئۆغڵو هەستی بە سووكایەتیی كرد ‌و رایگەیاند: قسە لەسەر مافی سەروەریی قبرس دەكەن، ئەی بۆچی باسی مافی بەشە توركییەكەی قوبرس ناكەن؟ هەمیشە باسی یاسای نێودەوڵەتی ‌و مافەكانی مرۆڤ دەكەن، ئەی توركەكانی قوبرس لە نەوت ‌و غازدا مافیان نییە؟

دواتر وەزیری سویدییەكە، وتی: من لێرە میوانی تۆم ‌و دەمەقاڵێ ناكەم، بەڵام هەموو رۆژنامەوانەكان تێدەگەن كە گفتوگۆیەكی راستگۆیانە ‌و كراوەمان كرد ‌و هیوادارم هەمووان لە توركیا بتوانن بەو شێوەیە ‌و بە راشكاوی بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.

 37 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*