سەرەکی » ئاراستە » سەرهەڵدانی داعش لە عیراق

بیره‌وه‌ریی شه‌ڕی دژی داعش

سەرهەڵدانی داعش لە عیراق

وه‌ستا ره‌سوڵ

ئه‌م زنجیره‌ نووسینه‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ دا بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا پڕۆژه‌ی كتێبێكه‌ تایبه‌ت به‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆم له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا.

به‌ پێویستی ده‌زانم داوای لێبووردن بكه‌م له‌ ئه‌گه‌ری بیرچوونی رووداوێك، یاخود هه‌رشتێكی تایبه‌ت به‌و باسه‌، بۆیه‌ داواكارم له‌ هه‌ڤاڵان و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی لەم رووه‌وه‌ هه‌ر سه‌رنج و بیرهێنانه‌وه‌و پێشنیازێكیان له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بوو، بۆم بنێرن تاكو له‌ كتێبه‌كه‌دا جێگه‌ی بكه‌مه‌وه‌.

 

(10)

هاتنی تیمی‌ ئەمریکییەکان بۆ کەرکوک
تیمێکی‌ ئەمریکی‌ لە (15ی‌ تشرینی‌ یەکەم 2014) بەفەرماندەیی نەقیب جۆن هاتنە لامان کە ژمارەیان (11) کەس بوو، سەرەتا لە(مەنیلە) لەسنوری‌ قەزای‌ چەمچەماڵ بارەگایان دانا، دوای هەوڵی‌ زۆری ئێمە لەگەڵیان، بڕیاریاندا بارەگاکەیان بهێننە ناو سەربازگەی‌ کەیوان، ئەوە لەدوو ڕووەوە بۆ ئێمە گرنگ بوو، لەو سەردەمەدا فڕۆکەکان بۆ سنوری‌ ئێمە نەدەهاتن، بەهاتنی‌ ئەمریکییەکان بۆ یەکەمجار فڕۆکەی‌ هاوپەیمانان هاتنە سەرئاسمانی‌ کەرکوک و یەکەمجار لەگوندی‌ وەحدەیان دا، لەلایەکی‌ ترەوە لەڕێگای‌ کامێرای‌ چاودێریەکانیانەوە دەمانتوانی‌ جموجووڵی‌ دوژمن و چۆنیەتی‌ سەنگەرەکانیان بزانین.

هاتنی‌ وەفدی‌ ئەمریکییەکان دەنگۆیەکی‌ مەعنەوی‌ باش بوو بۆ کەرکوک، ئەگەرچی‌ نەئەبوو ئەو تیمەی‌ ئەمریکیەکان لە (20) کیلۆمەتر کەمتر بچنە نزیکی‌ سەنگەرەکانەوە، بەڵام پاش گفتوگۆکانمان گەیشتینە ئەو بڕوایەی‌ دەبێت بچنە مەیدانی‌ شەڕەکان و بەچاوی‌ خۆیان کەموکوڕی‌ هێزی پێشمەرگە ببینن، کە دواتر هاتن و بەچاوی‌ خۆیان بارودۆخەکەیان بینی‌، چەند جارێک لەگەڵ مندا دەهاتنە سنوورەکانی‌ داقوق و گوندی‌ وەحدە، واڕێککەوتین بەپۆشاکی‌ کوردییەوە بچنە شەڕگەکان بۆ ئەوەی‌ وەکو پێشمەرگە دەربکەون.

پاش ئەوەی‌ گوندی‌ وەحدەیان ئیستتلاع کرد، بەکامێرای‌ چاودێری‌ ئاسمانی‌، بارەگا و خاڵی‌ دوژمنیان دیاری‌ کرد، شەوی‌ (18/19-10-2014) بەفڕۆکە بۆردومانی‌ ناو گوندی‌ وەحدەیان کرد، لەهەموو سەنگەرەکانیاندا. ئەوە یەکەم لێدانی‌ فڕۆکەی‌ هاوپەیمانان بوو لەسنووری‌ کەرکوک و دەنگی‌ زۆری‌ دایەوەو لەکەناڵەکانی‌ ڕاگەیاندنیش پێشوازی‌ زۆری کرا.

شەوی‌ (11/ 12ی‌ تشرینی‌ یەکەم2014) نەقیب جۆن ئاگاداری‌ کردم کە ئەمشەو گوندی‌ وەحدە بۆردومان دەکرێت، شەو لەکاتژمێر(23:00) فڕۆکەکان بۆ جاری‌ دووەم ئاگربارانی‌ گوندەکەیان کرد، بۆ بەیانییەکەی‌ پێی ڕاگەیاندم گوندەکە چۆڵە بۆ ناچنە ناو گوندەکەوە، چوومە ناو گوندی‌ مەتارە بەهێزێکی‌ زۆرەوە لەتانک و زرێپۆشی‌ هێزی‌ پشتیوانی‌ دوو و هێزە تایبەتەکەی‌ مەڵبەندو هێزەکانی‌ گەریلاو لیوای‌(3)ی‌ پاسەوانی‌، بەرنامەی‌ هێرشمان دانا، بەتەلەفۆن بارودۆخەکەم بە هەڤاڵ شێخ جەعفەر ڕاگەیاند، ووتی‌: بەڕای‌ من ئەو هێرشە مەکەن، چونکە وەکو پێویست بەرنامەڕێژی‌ بۆ نەکراوە، بەڵام بەڕاستی‌ گوندی‌ وەحدە هەرچی‌ داعشی‌ تێدابوو کوژرابوو، بەپێی زانیاری‌ ئەمریکییەکان زیاتر لە(30) کەس کوژرابوون. لەسەر بڕیاری‌ شێخ جەعفەر و ئاسۆ مامەند هێرشەکەمان ئەنجام نەدا.

ئەو ماوەیەی‌ ئەو تیمە هاتن ورەی‌ پێشمەرگە بەرزببووەوە. هەر لەو رۆژەوە کە تیمی‌ ئەمریکییەکان هاتنەلامان عەمید ڕوکن خالیدمان کرد بەلیژنەی‌ هاوئاهەنگی‌ نێوانمان و بەردەوام لەڕێگای‌ هەواڵنێرەکانمانەوە پێگەوبارەگاکانی‌ دوژمنمان بۆیان دەستنیشان دەکرد. بۆ یەکەمجاربوو من لەڕێگای‌ کامیرای‌ چاوێرییەوە لەناو گوندی‌ وەحدەوە کە(30) کیلۆمەتر لەئێمەوە دووربوو لەناو بارەگاکانی‌ داعش(50) کەسی چەکدارو بێ چەکم بینی‌ کەلەیەک جیادەکرانەوە.

شەڕی‌ دووەمی‌ تەللوەرد
شەوی‌ (25/26ی‌ تشرینی‌ یەکەم 2014) کاتژمێر (2:00) دوژمن پەلاماری‌ بەرزاییەکانی‌ تەللوەردیان دا کە لیوای‌(6)ی‌ پیادەی‌ لێ بوو بەفەرماندەیی عەمید سەید ساڵح، لەقۆلی مەکتەب خالیدەوە پەلاماری‌ سەنگەرەکانی‌ فەوجی‌ یەکی‌ لیوای‌ یەک یاندا، بەرزاییەکانی‌ تەللوەرد ئامانجی‌ گەورەی‌ تیرۆرستان بوو بەردەوام شەڕی‌ لەسەربوو. دوای‌ نزیکەی‌ دوو کاتژمێر شەڕ دوژمن توانیان سەنگەرەکانی‌ لیوای‌(6)ی‌ پیادە بگرن.
کاتژمیر (3:00) من بەهێزەکانی‌ ئامادەی‌ میحوەر بەفەرماندەیی عەلی‌ چیمەنی‌ و ڕائید مەحمودی‌ مەرزیخەو هێزە تایبەتەکەی‌ مەڵبەند بەفەرماندەیی ڕائد قادرو شەوقی‌ مۆردخواردەیی و عاسی‌ مۆردخواردەیی گەیشتینە پردی‌ تەللوەرد. کەمن گەیشتم لیوای‌ (6) سەنگەرەکانی‌ پێشەوەیان لەبەرزاییەکان چۆڵ کردبوو، دوژمن هاتبوونە ناو سەنگەرەکانیانەوە، بەتەلەفۆن پەیوەندیم بەعەمید سەید ساڵحەوە کرد، وتی‌: بەرەو پردی‌ مەکتەب خالید کشاینەوە، من داوام لێکرد بگەڕێنەوە بەرەو پردی‌ تەللوەرد، من لەسەرپردەکە هێزەکانی‌ خۆمانم دامەزراندەوە کە فەوجێکی‌ لیوای‌(6) بەفەرماندەیی عەمید عەلی‌ غەفوری‌ لەوێ بوو، لەسەنگەر دامەزرابوون کە سەر بە لیوای‌ (6) بوون.

هێزەکانی لیوای‌(6 ) کشانەوە هاتنە لای‌ ئێمە، ئەوانیش لەقۆڵی‌ راستی‌ پردەکە لەناو سەنگەرەکان دامەزران، دوژمن بۆ سەر پردەکە هێرشی‌ هێنا، شەڕی‌ دەستەویەخە روویداو شەڕ گەرم بوو، لەسەر لیوای‌ (یەک)یش شەڕ گەرم بوو، عەمید شیرکۆ و عەمید سەرحەد هەردووکیان لەسەنگەردابوون، بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵیان کرد کە پاراستنی‌ ئەم دوو پردە زۆر گرنگە.

لەپاش سێ کاتژمێر شەڕ لەکاتژمێر (7:00) هەمەرێکی‌ بۆمبڕێژکراویان بۆ ناردین، لەناوەڕاستی‌ پردەکە بەدۆشکەی‌ فەرەنسی‌ لەلایەن عەدەد دۆشکەیەک بەناوی‌ محەمەد عومەر لەهێزە تایبەتەکەی‌ هەڤاڵ ئاسۆ مامەند توانرا بتەقێنرێتەوە. لەخۆشی‌ ئەوەی‌ هەمەری‌ شکاندبوو بەداخەوە لەگەڵ هەڵسانی‌ شەهیدکرا، شەڕ هەر بەردەوام بوو، کاتژمێر (8:00) هەمەرێکی‌ تریان بەپڕێ تەقەمەنییەوە هێرشی کردە سەرمان، لەدووری‌ (50) مەترەوە بە(ئار بی جی‌) تەقێنرایەوە من خۆم بینیم ئیدریس مامە قالە لێیدا، بەڵام لەهەمان کاتدا لەهەموولایەکەوە لێی دەدرا، لەناوەڕاستی‌ پردەکە تەقیەوە. ئێمە نەماندەزانی‌ ژێر پردەکە بۆڕی‌ نەوتی‌ پیاتێدەپەڕێ لە کەرکوکەوە بۆ بێجی‌، نەوتی‌ قەتیس ماوی‌ ناو بۆڕیەکە گڕی‌ گرت، ئاگرەکە وردە وردە بەرزبوەوە لەپڕێکدا بەدەنگی‌ گرمەیەکی‌ گەورە نزیکەی‌ (100) مەتر ئاگر بۆ ئاسمان بەرزبوەوە، زیانی‌ زۆری‌ بەئۆتۆمبیلەکانمان گەیاندو دوانیان لەوێ سووتا، بەدەیان ئۆتۆمبیل لەسنوری‌ لیوای‌(6) سووتان، (42) پێشمەرگە لای‌ ئێمە برینداربوون بە گڕی‌ ئاگرەکە، لەقۆڵی‌ راستەوەش بەهەمان شێوە فەرماندەی‌ لیوای‌ (6) و ژمارەیەکی‌ زۆر پێشمەرگە بریندار بوون.

گڕی‌ ئاگرەکە بۆ لای‌ داعش زیاتربوو، ئەوانیش لەسەنگەرەکانی کەنار ئاوەکە هەڵسان و ڕایان کرد، مەفرەزەکەی‌ من و مەفرەزەیەک لەهێزەکەی‌ مەڵبەند شەڕێکی‌ باشیان کردو دەستی‌ گەورەیان لەدوژمن وەشاند.
سەرەتا ترسی‌ ئەوەم هەبوو بۆڕی‌ نەوتەکە غاز بێت و لەژێر پێمانەوە لەکارگەی‌ غازەکەوە هاتبێ، بەجیهاز بە هەڤاڵ ئاسۆ مامەندم ووت: هێڵێکی‌ تری‌ بەرگری‌ دروستبکەن، نەوەک لێرە لەبەر گڕی‌ ئاگرەکە خۆمان پێنەگیرێت و ئێمەش تیاچین ئێوە لەو هێڵە بەرگری‌ لەکەرکوک بکەن.

لەو کاتەدا تەلەفزیۆنی‌ کەرکوک و گەلی‌ کوردستان هاتنە لامان و لەسەنگەرەکانەوە ووتم: ژەنەراڵ ئاگر نێوانمانی‌ کرد، لەبەر گڕی‌ ئاگرەکە ئێمەو داعش نەمانتوانی‌ لەپردەکە بپەڕینەوە، بەناچاری‌ داعش لەبەرامبەرمان کشایەوە، بەڵام شەڕ بەردەوام بوو لەم بەری‌ ئاو بۆ بەرزاییەکانی‌ تەللوەرد کە داعشی‌ بەسەرەوەبوو.

دوو مەفرەزەی‌ دەستەکەی‌ من و هەڤاڵ ئاسۆ بەفەرماندەیی شەماڵ عەباس و بۆرە دوو پێشمەرگەی‌ ئازابوون لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکدا کە ناوەکانیانم لەیاد نیە بەقەناس شەڕی‌ قارەمانانەیان دەکرد، چەندین لاشەی‌ دوژمنیان لەبەردەستدا بوو. من لەناو سەنگەرەکان بووم هەڤاڵان پۆڵادی‌ شێخ جەنگی‌ و لیوا محەمەد حاجی‌ قادر و عەمید شێرکۆ و شیخ جەلال شێخ ناجی و عەمید سەرحەد هاتنە لامان، کوڕێکی‌ خۆبەخش کە تەنها بۆ شەڕ هاتبووە ئەوێ بەناوی‌ (کەریم جەوە جەوە) خۆی‌ ئەرکی‌ لەوێ نەبوو ئەو رۆژە شەڕێکی‌ قارەمانانەی‌ کرد لەسەنگەرەکان.

دانانی‌ بەرنامەی‌ گرتنەوەی‌ تەللوەرد
سەرەتا لەگەڵ عەمید شێرکۆ و عەمید سەرحەد و عەمید ئاسۆ و شەوقی‌ مەڵبەند، کۆبووینەوە بۆ دانانی‌ بەرنامەیەک بۆ گرتنەوەی‌ تەللوەرد، هەڤاڵ ئاسۆ مامەند لەهێڵی‌ بەرگری‌ دووەم بوو، هێزێکی‌ زۆری‌ لەهێزەکانی‌ پۆلیس و ئاسایشی‌ کەرکوک بۆ ناردین، کە عەمید هەڵکەوت عەبدوڵڵا سەرپەرشتی‌ دەکردن بەڕاستی‌ ڕۆڵی‌ باشیان لەسەرکوتکردنی‌ دوژمن بینی‌. عەمید غەریب و چەند فەرماندەیەکی‌ ئاسایش و پۆلیسی‌ لێبوو، پاشان هەڤاڵ محەمەدی‌ حاجی‌ قادر هاتە لامان ووتی‌: کاک کۆسرەت دەڵێ دەبێت بیگرنەوە، ووتم: باشە هێزت لەگەڵە؟ وتی‌: نا هەر خۆم و دەستەکەمم.

پاشان هەڤاڵ پۆڵادی‌ شێخ جەنگی‌ و شێخ جلال شیخ ناجی‌ هاتن و هێزەکانی‌ دژەتیرۆری‌ لەگەڵ بوو، لەکۆبوونەوەیەکدا لەپشتی‌ ساترەکە لەسەرئەوە رێککەوتین کەتەللوەرد بگرینەوە، عەمید شێرکۆ بەچرپە پێی ووتم: کە ناو گوندی‌ مەکتەب خالید مەدەنی‌ تێدایە، ووتم: ئاگاداریان بکەن با لەماوەی‌ یەک کاتژمێردا چۆڵی‌ بکەن، پێمان باش بوو لەگەڵ قۆڵی‌ ڕاستدا کۆبینەوە، لەڕاستیدا ئەوان خاوەنی‌ ئەو سنوورەبوون، تەللوەرد لەسەر میحوەری‌ (پێنج) بوو.

لەگەڵ هەڤاڵان عەمید شێرکۆ و محەمەد حاجی‌ قادر و هەڤاڵ پۆڵاد شێخ جەنگی‌ و هەڤاڵ عەگید کەلاری‌ و عەمید ئاسۆی‌ کارەبا و عەمید سەرحەد چووین بۆ لای‌ فەرماندەکانی‌ میحوەری‌ پێنج لەقۆڵی‌ ڕاستی‌ پردەکەی‌ تەللوەردبوون.

کە چوینە لایان ئەم بەڕێزانەی‌ لێ بوو:

1 ـ دکتۆر کەمال کەرکوکی‌.

2 ـ محەمەدی‌ حاجی‌ مەحمود.

3 ـ ئەنوەری‌ حاجی‌ عوسمان.

4 ـ لیوا نەهرۆ ئەسوەد فەرماندەی‌ لیوای‌ یانزە.

5 ـ عەمید سەید ساڵح فەرماندەی‌ لیوای‌ شەش.

6 ـ سەعدی‌ عەلی‌ بڕنەو فەرماندەی‌ لیوای‌ دە.

من داوام لێکردن و پێم ووتن ئێوە لەقۆڵی‌ ڕاستەوە گوندی‌ (دور کارەبا) بگرن و بەرەو بەرزاییەکانی‌ تەللوەرد سەربکەون، ئێمەش لەقۆڵی‌ چەپەوە گوندی‌ مەکتەب خالید دەگرین وبەرەو بەرزاییەکان سەردەکەوین، وتیان: دواتر وەڵامتان دەدەینەوە، ئێمە گەڕاینەوە بۆ سەنگەرەکان.

هەڤاڵ ئاسۆ مامەند بە تەلەفۆن داوامانی‌ کرد، لەگەڵ عەمید شێرکۆ و شێخ پۆڵاد و هەڤاڵ عەگید و هەڤاڵ محەمەدی‌ حاجی‌ قادر چووینە لای‌ لەهێڵی‌ بەرگری‌ دووەم، لەگەڵ هەڤاڵان کاک کۆسرەت و کاک رەفعەت و مستەفا سەید قادر وەزیری‌ پێشمەرگە و بورهان سەعید سۆفی‌ و ڕێباز بیرکۆتی‌ و چەند کادرێکی‌ تری‌ مەڵبەندی‌ کەرکوک و زۆرێک لەفەرماندەکان لەوێ بوون.

کاک کۆسرەت دەستخۆشی‌ لێکردین کە بەرگریەکی‌ قارەمانانەمان کردووە لەکاتژمێر (3:00)ەوە لەشەڕدابووین، زۆر ماندووبووین و کەسانێکی‌ زۆری‌ خۆبەخش لەو شەڕانە لەگەڵماندابوون، کوڕی‌ ئازای‌ وەکو شەهید کەریم جەوەجەوەی‌ لێ بوو هەر بەپێوە شەڕی‌ دەکرد.

کاک کۆسرەت بەمنی‌ ووت: پێمان دەگیرێت؟ ووتم: بەڵێ ئەگەر هێزێکی‌ حەساوە هەبێت دەتوانین بیگرینەوە، ڕووی‌ کردە عەمید شێرکۆ ووتی‌: تۆ دەکەمە فەرماندەی‌ ڕزگارکردنی‌ تەللوەردو هێزەکانی‌ گەریلاتان لەگەڵ بێت، هێزەکانی‌ دژەتیرۆر بەفەرماندەی شێخ پۆڵادی‌ شێخ جەنگی‌ بۆ گرتنەوەی‌ مەکتەب خالید، من ووتم: ئێمە لەگەڵ هەڤاڵانی‌ میحوەری‌ پێنج کۆبوووینەتەوە ئەوانیش لەقۆڵی‌ ڕاستەوە گوندەکە بگرن و بێنە سەرەوە، لەوکاتەدا ئەنوەری‌ حاجی‌ عوسمان هات و ووتی‌: ئێمەش ئامادەین.

سەعاتی‌ سفر کرایە کاتژمێر (16:00) ئێمە زووتر دەستمان پێکرد هێزەکەی‌ دژەتیرۆر چوونە ناو گوندی‌ مەکتەب خالید، هێزەکەی‌ عەمید شێرکۆ و گەریلاکان لەماوەی‌ (35 ) خولەکدا گەیشتنە بەرزاییەکانی‌ تەللوەردو کۆنترۆڵیان کرد، مولازم هاشم بنەیی لێپرسراوی‌ دەستەی‌ عەمید شیرکۆ شەهیدبوو، هەڤاڵ بەدرخان لەهێزەکانی‌ گەریلا چاوێکی‌ لەدەستدا. عەمید شێرکۆ هەڵوێستی‌ دا بەقۆڵی‌ ڕاست بڵێن تەقەنەکەن هەموویمان کۆنترۆڵ کردوە، لەکاتی‌ شەڕەکاندا هەڤاڵان کاک کۆسرەت و کاک رەفعەت و کاک ئاسۆ مامەند خۆیان هاتنە سەر ساتری‌ یەکەم، هێزەکان زیاتر ورەیان بەرزبووبووە و بەرەو شەڕەکە بەڕێکەوتن. من بەتەلەفۆن بەکاک ئەنوەری‌ حاجی‌ عوسمانم ووت: کە تەقە ڕابگرن هێزەکانی‌ ئێمە تەللوەردیان کۆنترۆڵ کردەوە. لەقۆڵی‌ راستەوە هێزەکانی‌ کاک محەمەد حاجی‌ مەحمودو لیوای‌ (6) جووڵەیان کردبوو، لەدەستپێکی‌ دەروازەی‌ تەللوەرد تووشی‌ شەڕبوون.

بووە هۆی‌ شەهیدبوونی‌ عەمید عەلی‌ ئاغای‌ غەفوری‌ و دوو لەپێشمەرگەکانی‌، پاشان گەیشتنە ناو سەربازگەی‌ تەللوەرد و عەتای کوڕی‌ کاک محەمەدی‌ حاجی‌ مەحمود شەهیدبوو، کاک محەمەد خۆیشی‌ لەگەڵ هێزەکە لەئاوەکە پەڕیبوونەوە بەرەو ناو سەربازگەی‌ تەللوەرد، کاک محەمەد پیاوێکی‌ بەورەو ئازابوو لەشەڕەکاندا.

زیانی‌ ئەم شەڕە(هەشت) شەهیدی‌ قارەمان بوو، بۆ شەوەکەی‌ ڕاگەیاندنی‌ کۆتایم لەکەناڵی‌ تەلەفیزۆنی‌ کەرکوکەوە بڵاوکردەوە کەهەموو جێگەکان کۆنترۆڵ کراون.

لەم شەڕەدا فڕۆکە جەنگییەکانی‌ هاوپەیمانان بۆردومانی‌ دوژمنیان بەباشی‌ کرد لەتەللوەرد تا حەویجە، نەقیب جۆن پێی ڕاگەیاندم کەنزیکەی‌ (200) داعشیان کوشتووەو نۆ ئۆتۆمبێلی‌ هەمەری‌ سەربازی‌ سووتێنراوە.

هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دوو بەفەرماندەی عەمید سەرکەوت چیمەنی‌ ڕۆڵی‌ باشیان هەبوو لەبۆردومانکردنی‌ هێزەکانی‌ دوژمن لەو بەری‌ ئاوەکەوە، تا بەرزاییەکانی‌ تەللوەرد، کە لەبەیانیەوە بۆ یەک خولەکیش چەکەکانیان ڕانەوەستا. هەر لەو رۆژانەدا شەڕی‌ رزگارکردنی‌ ناحیەی‌ جەلەولا دەکرا، عەمید روکن مەریوان بەرەو جەلەولا رۆیشتبوو.

 95 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*