سەرەکی » وەرزش » به‌ پاڵپشتی فیفا یانه‌كان ده‌یانه‌وێت پریمه‌رلیگی ئه‌وروپا رێكبخه‌ن

به‌ پاڵپشتی فیفا یانه‌كان ده‌یانه‌وێت پریمه‌رلیگی ئه‌وروپا رێكبخه‌ن

دوای شكستیان له‌ جێ به‌جێ كردنی پرۆژه‌ی وێنه‌ی‌ گه‌وره‌ كه‌ خۆی له‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی‌ یانه‌كانی پریمه‌رلیگ و چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی تر ده‌بینیه‌وه‌، هه‌ردوو یانه‌ی‌ لیڤه‌رپوڵ و مانچسته‌ر یونایتد له‌ گفتوگۆ دان له‌گه‌ڵ فیفا بۆ ئه‌وه‌ی‌ پریمه‌رلیگی ئه‌وروپا رێكبخه‌ن كه‌ باشترین 18 یانه‌ی‌ 5 خوله‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ ئه‌وروپا به‌شداری تێدا بكه‌ن.

سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی ئه‌وروپا بڵاویانكردۆته‌وه‌ ئه‌و 2 یانه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ پاڵپشتی یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ خولێكی به‌هێز له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا رێكبخه‌ن كه‌ سه‌رجه‌م یانه‌ به‌هێزه‌كان كۆبكاته‌وه‌و له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی ئه‌وا تۆپی پێی ئه‌وروپا به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێت.

تۆڕی سكای سپۆرت ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ 12 یانه‌ی‌ ئه‌وروپا له‌ گفتوگۆدان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببن به‌ شێك له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌و به‌شداری بكه‌ن، بڕی 6 ملیۆن دۆلاریش وه‌كو بودجه‌ بۆ رێكخستنی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ته‌رخان ده‌كرێت و فیفاش پاڵپشتیه‌كی به‌هێزی به‌ڕێوه‌چوونی ده‌كات.

رێكخه‌ران ده‌یانه‌وێت یه‌كه‌م خول به‌ به‌شداری 18 یانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و تا ئێستاش 12 یانه‌ ئاماده‌ن و بڕیاریشه‌ 5 یانه‌ی‌ ئینگلیزی به‌شداری بكه‌ن به‌ڵام هێشتا 3 یانه‌كه‌ی‌ تر به‌شێوه‌ی ره‌سمی ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌شداری كردن له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌ كه‌ وابڕیاره‌ 2022 ده‌ست پێبكات و گه‌وره‌ترین مه‌ترسیش له‌سه‌ر داهاتوی چامپیۆنس لیگ دروست ده‌كات.

به‌پێی سكای سپۆرت یارییه‌كانی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ شان به‌شانی خوله‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌و تیپانه‌شی له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی دێن له‌ قۆناغێكی كۆتایی ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

سكای ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌وروپا پاڵپشتی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ناكات و دژیه‌تی چونكه‌ لێدانێكی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ چامپیۆنس لیگ كه‌ تا ئێستاش به‌هێزترین پاڵه‌وانێتی ئاستی یانه‌كانه‌، ئه‌مه‌ش وای كردوه‌ یانه‌كان له‌گه‌ڵ فیفا گفتوگۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ رێكبخات.

سكای ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ 5 یانه‌ی ئینگلیزی به‌شداری ده‌كه‌ن كه‌ له‌ پاڵ مان یونایتد و لیڤه‌رپوڵ له‌نێوان مان سیتی و ئه‌رسناڵ و تۆتنهام و چێڵسی سێ تیپیان هه‌ڵده‌بژێردرێن و یه‌كێكیان دوور ده‌خرێته‌وه‌.

له‌ ئیسپانیاش وابڕیاره‌ یانه‌كانی بارسێلۆنا و ریاڵ مه‌درید و ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید و سیڤیا به‌شداری بكه‌ن و له‌ ئیتاڵیاش یۆڤانتۆس و ئینته‌ر و ناپۆلی و میلان و له‌ ئه‌ڵمانیاش بایرن مونشن و دۆرتمۆند و لایپزیگ و له‌ فه‌ره‌نساش پاریس سان جێرمان و مه‌رسیلیا و لیۆن به‌شداری ده‌كه‌ن.

شێوازی یارییه‌كانیش هاوشێوه‌ی خوله‌ ناوخۆییه‌كان ده‌بێت كه‌ یانه‌ به‌شداره‌كان یاری چون و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن و له‌ كۆتاییشدا قۆناغی پله‌ی ئۆف به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ چه‌ند تیپێكی پێشه‌وه‌ی‌ ریزبه‌ندی دیاری ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌ بجه‌نگ و چاوه‌ڕێش ده‌كرێت خه‌ڵاته‌ داراییه‌كانی زۆر زیاتر بێت له‌ چامپیۆنس لیگ و یانه‌ به‌شداره‌كان سه‌دان ملیۆن پاوه‌ندیان پێبدرێت.

وه‌كو سكای ئاماژه‌ی پێداوه‌ وۆڵ ستریت بانك له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ 6 ملیار دۆلار كۆبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو بودجه‌ی‌ پاڵه‌وانێتییه‌ ته‌رخانی بكات.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵیش ده‌بوو له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ به‌ شێوه‌ی ره‌سمی پاڵه‌وانێتییه‌ رابگه‌یه‌نرێت و ئێستا ته‌نها چه‌ند ورده‌كارییه‌ك ماوه‌ له‌نێویاندا یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی‌ ته‌واوی یانه‌ به‌شداره‌كان كه‌ هێشتا به‌ته‌واوی دیاری نه‌كراوه‌.

سه‌ره‌ڕای پاڵپشتی فیفا و ویستی گه‌وره‌ی یانه‌كان هێشتا ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌م پلانه‌ شكستی پێبهێنرێت به‌تایبه‌ت كه‌ هێشتا به‌شێوه‌ی ره‌سمی رانه‌گه‌یه‌نراوه‌.

 50 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*