سەرەکی » مانشێت » بافڵ تاڵەبانی: پێویستە کادری یەکێتی و نوێنەرەکانمان لە حکومەتدا خزمەتکاری راستەقینەی ھاووڵاتی بن و بەرپرسیاربن بەرامبەر داواکاری و خواستەکانیان

بافڵ تاڵەبانی: پێویستە کادری یەکێتی و نوێنەرەکانمان لە حکومەتدا خزمەتکاری راستەقینەی ھاووڵاتی بن و بەرپرسیاربن بەرامبەر داواکاری و خواستەکانیان

* مەڵبەندو کۆمیتەکان ماڵی ھەموو لایەک بێت

*سلێمانی سەنتەری گۆڕانکاری و خزمەتکردن و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی زیاتردەبێت

* سیاسەتی پاداشت و سزا پەیڕەو دەکەین و کەسی شیاو و سەرکەوتوو دەھێنینە پێشەوە

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەگەڵ مەڵبەندی سلێمانی کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شاڵاو عەلی عەسکەری لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن پرۆژەی نوێکردنەوەو رێکخستنەوەی رێکخستنەکانی یەکێتی روونکردەوەو ئاماژەی بە پرۆژەو میکانیزمی نوێکرد بۆ پێداچوونەوە بە ھەیکەلی ئۆرگانەکان لەسەر ئاستی مەڵبەند و کۆمیتە بەشێوەیەک رێکخستنی یەکێتی لە ئاست قۆناغەکەو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک بێت.

پاشان جەزا سەید مەجید لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی لە راپۆرتێکدا لەسەر بەرنامەی کاریان ھەڵوێستەی کرد و ئاماژەیدا بەوەی لەدوای کۆنگرەی نوێبوونەوە، مەڵبەندێکی نوێ ھەیەو بە بەرنامەی نوێوە خزمەت دەکەین و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کەموکوڕییەکان و گرفتەکانی رابردوو چارەسەر بکەین و مەڵبەندی سلێمانی بەفعلی بکەینەوە مەڵبەندی خەڵک.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرس و گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی ھەرێم و عیراق و ناوچەکە بەرچاوڕوونیدایە ئامادەبووان و سیاسەتی یەکێتی بۆ کۆی ھاوکێشەکان خستەڕوو.

لەبارەی سیاسەتی نوێی یەکێتی بۆ کاری رێکخراوەیی و پێداچوونەوە بەکۆی جومگەکان و ئاڕاستە سیاسی و خزمەتگوزارییەکان، ھاوسەرۆک دووپاتی لە سیاسەتێکی نوێ کردەوە بۆ بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی ئۆرگانەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک، لەوڕووەوە تەئکیدیکردەوە رێکخستنەکانی یەکێتی بڕبڕەی ئەو نوێبوونەوەن و رایسپاردن کە کادری یەکێتی ئەبێت کادری بەرپرسیارو نەوعی و خزمەتکار بێت و یەکێتی بێت بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانی و رایگەیاند: چیتر رێگەنادرێت بەناوی یەکێتییەوە کادرو لێپرسراو لەسەر ئاستی حزبی و حکومی یەکێتی بۆ مەرامی شەخسی بەکاربێنێت، بۆیە پێویستە کادری یەکێتی و نوێنەرەکانمان لە حکومەتدا خزمەتکاری راستەقینەی ھاووڵاتی بن و بەرپرسیاربن بەرامبەر داواکاری و خواستەکانیان و لەسەر ئاستی ئۆرگانەکانیش ئەبێت مەڵبەندو کۆمیتەکان ماڵی ھەموو لایەک بێت و بەبێ بیرکردنەوەی حزبی بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن و ببنە پارێزەری جێبەجێکردنی خواستەکانیان.

بۆ سلێمانیش، بافڵ تاڵەبانی تەئکیدیکردەوە سلێمانی سەنتەری گۆڕانکاری و خزمەتکردن و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی زیاتردەبێت و نوێنەرەکانیشمان لە حکومەتی خۆجێی راسپاردووە بەگڕوتینێکی نوێوە خزمەتبکەن و کەمتەرخەمی لەھیچ کەسێک لەبەرامبەر خزمەتکردنی سلێمانی قبوڵناکرێت و ئیتر لەمەودواش سیاسەتی پاداشت و سزا پەیڕەودەکەین و کەسی شیاو و سەرکەوتوو دەھێنینە پێشەوە.

دواتر لە گفتوگۆیەکی ھەڤاڵانە بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا لەپێناو گەشەپێدانی ئۆرگانەکان و یەکێتی ناو یەکێتی و زیاترخزمەتکردنی خەڵک و راشکاوانە بۆچوونەکان خرانەڕوو .

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*