سەرەکی » ئاراستە » سەرهەڵدانی جیهانی نوێ (1780- 1914)پەڕە 25

سەرهەڵدانی جیهانی نوێ (1780- 1914)

کریستۆڤەر بایلی
و: ئەرسەلان حەسەن

1-2

زۆربەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەم لە ئاسیا بووە، بەڵام کشتوکاڵ لەچین یان هیند لە ئەوروپا پێشکەوتووتر بوە. کەوایە چۆن بەدرێژایی تەنها سەدەیەک، هاوسەنگی هێز گۆڕاوە و کۆنە کیشوەرێک بوەتە ناوەندی جیهان؟

بۆچی ئەوروپا پێش ئاسیا کەوت؟!
چەند هۆکارێک لە سەرهەڵدانی کەشی گەشانەوەی ئابووری ئەوروپا بەشداربوون، کە وردە وردە ئەو کیشوەرەیان بەرەو ڕێگای مۆدێرنیتە برد. سەرەتا ئەوروپا بەراورد بە هیند یان چین، لە ناو خاکی خۆی یان ئەمریکا، کانزای سروشتییان زۆر بووە کە هێشتا کەم و زۆر دەستیان بۆ نەبرابوو. گەشەکردنی سیستمی کۆیلەداری لە کشتوکاڵ کە زەوتکردنی هێزی کار و سەرچاوەی سروشتی بوو، دەرفەتی بەو کیشوەرە دا دەستبگرێت بەسەر زەوییەکی فراوانی کشتوکاڵیدا. قەبارەی زۆری داری پێویست بۆ دروستکردنی کەشتی لە ئەوروپای خۆرئاوا بەدرێژایی سەدەی هەژدەیەم، لە باکووری سیبریا، ئەمریکای باکوور و پاشان کەنارەکانی خۆرئاوای هیند و بۆرما، بەدرێژایی کەنارەکانی باکووری ئوستڕالیا بەرهەم دەهات. هەر لە سەدەی هەژدەیەم و لە لاکەی دیکەی ئەوروپا، وردە وردە دانیشتوانەکەی بەرهەمی زیادەی خۆیان ڕەوانەی کیشوەری ئەمریکا کرد و بەو جۆرە بەسەر گرفتی کەڵەکەبوونی زیاد لە ئاستی دانیشتواندا زاڵبوون. لە کاتێکدا هەندێک ناوچەی ئاسیایی بەدرێژایی سەدەی نۆزدەیەم، لە زۆر بواردا گیرۆدەی ئەوجۆرە گرفتانە بوون.

پێدەچێت ئاستی کارایی کشتوکاڵی چین و هیند لە سەدەی حەڤدەیەم، لە ئەوروپا بەرزتر بوو بێت، بەڵام ڕەوشە تازەکانی کشتوکاڵ و فۆڕمەکانی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ لە سەدەی هەژدەیەم، بواری بازدانی ڕاستەقینە بۆ هەندێک لە ناوچەکانی ئەوروپا، بەهۆی نا هاوسەنگی خستنەڕوو و داوا، نەڕەخسێنن. هاوردەکردنی خۆراک لە دوورگەکانی کارایبی، ئۆقیانووسی ئەتڵەس یان ئەمریکا، وەک شەکر، ماسی دەوڵەمەند بە پڕۆتین، هۆکارێکی گرنگی تر بوو، کە دەرفەتیدا بە ئەوروپای باکوور و خۆرئاوا پێداویستی خۆراکی دانیشتوانێکی شاری بەرەو گەشە دابین بکەن. دانیشتوانێک کە بەدرێژایی ئەو سەدەیە، لە چین و هیند یان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر گەشەی کردووە. ئاشکرایە بێجگە لە ژاپۆن و هەندێک ناوچەی کەناری چین، هاوردەکردنی خۆراک لە ڕێگای دەریاوە لە وڵاتانی ئاسیا و یان باکووری ئەفریقا زۆر سنووردار بوو. لە هەلومەرجێکدا وەبەرهێنان لە بەشی هەڵگرتن و گواستنەوە بەخێرایی لە ئەوروپا تەرزەی داویشت، هەڵگرتن و گواستنەوە و بازرگانی ناوخۆیی لە چین، گەییشتبوە (ئاستی بەرز لە هاوسەنگی درۆ). ئاستی ئاسانکاریی گواستنەوەیان لەخوارەوەی داوا بوە و نەیتوانیوە کەشی گەشەی بۆ بڕەخسێنێت.

خەڵووزی بەردین
ئەوروپای باکوور و خۆرئاوا توانیان زوو بە باشی سوود لە خەڵووزی بەردین وەربگرن. ئەو بەرهەمە لە وڵاتی دوورەوە هاوردە کرابوو تا وزەی پێویست دابین بکات، کە شۆڕشە هونەرییەکان لە ژیانی ڕۆژانە و پاشان لە بەرهەمهێنانی پیشەسازیدا دەیانویست.

گومانێک لەو بەراوردکردنە نییە کە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەی سووتەمەنی کانزایی چین، هێنراو لە ناوچە دوورەکانی باکوور و مەنچوری، زۆر سنووردار بوو. خەڵووزی بەردین لە سەرهەڵدانی زنجیرەیەک لە داهێانەکان لە بەریتانیای گەورە بەشداری گرنگی هەبوە. دەرهێنانی کانزاکان بەهۆی قووڵایی زۆریان پێویستی بەپەمپ بوو. نوێگەرییەکانی تەکنەلۆژۆیا لە بواری پەمپ، وایکرد باشتر لە گەشەکردنی پیشەسازی تواندنەوەی ئاسن و بۆشایی کەشوهەوا بگەن و کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانە لە ڕەخساندنی بازدانێکی چۆنایەتی زۆر یەکلاییکەرەوە بوو. ئەگەرچی هێشتا پێویستی بە داهێنانەکانی وەک (jenny La 3) یان مەکینەی هەڵمی بوو تا ڕێژەی سوودەکانی ئابووری، کە جیاکەرەوەی بەرچاوی شیکاری هەندێک لە پسپۆڕە دیارەکانی ئەورووپی لە تەکنەلۆژیای سەربازییان مسۆگەر کردوە.

سێ هۆکاری گرنگ
ئەوروپای باکوور و خۆرئاوا و کۆڵۆنیالە ئەمریکییەکانی بە یاریدەی سێ کارتی براوەی دیکەش دەستیان بەدەسکەوتەکانی ڕۆژانە گەیشت. ئەگەرچی ئەو کارتانە زیاتر سیاسی یان کۆمەڵایەتی بوون تا ئابووری، خەڵکی ئەو وڵاتانەی هاندا لە پانتایی نێودەوڵەوتی توانای خۆیان هەناردە بکەن، کە گرنگییان لە هۆکارەکانی ئابووری کەمتر نییە.

هۆکاری یەکەم:
سەقامگیری ڕێژەیی دامەزراوە یاساییەکانی ئەو وڵاتە بوو کە پشتڕاستییان دەکردوە هەوڵدان بۆ پێشخستنی ئابووری بێ پاداشت نامێنێتەوە. چەمکە یاساییەکانی پەیوەست بەخاوەندارییەتی تاک، لە دەرەوەی بەریتانیای گەورە، زۆر بە سستی جێبەجێ دەکرا، لە کاتێکدا یاسای بەریتانیای گەورە و یاسا باوەکان لە وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا، چاودێریکردنی مافەکانی خێزان و بەشێوەیەکی گشتی تاک گرەنتی کراو بوو. ڕێگای پاشەکەوتکردن بۆ داهێنەران و پێشەنگانی هۆشیار کراوە بوو. لەئەوروپای خۆرئاوا، چ لە شار و چ گوندەکان، دارایی خەڵک بە کورتی لە هەر جۆرە مەترسییەکی زەوتکردنی حکومەت یان هەر فۆرمێکی زەوتکردنی زەوی لە لایەن ئاغاکانەوە پاریزراو بوو. جڵەوبەدەستانی ئەو وڵاتانەش، نەوە بە نەوە، بەهۆی سەقامگیری جوگرافییان، بەرژەوەندی خۆیان لە پشتگیریکردن و بەردەوام بوون و پێشخستنی ئەو یاسایانە دەبینی. دەوڵەتان و دەستەبژێرانی ئەوروپا دوای شەڕی ئایدۆلۆژی سەدەی حەڤدە، بەئاشکرا ڕێککەوتبوون مافەکانی خاوەندارییەتی زیانێکی ئەوتۆیان پێنەگات. تەنها کڵێسا و بنەماڵە خانەدانەکان لە کاتی شەڕ و شۆڕشەکان لە فەڕەنسا و لە سەرانسەری ئەوروپا بەگشتی بێبەشبوون لە زەوی و دەستکەوتەکانیان. هەڵبەتە هەندێک لەو بنەماڵانە دوای (1815) توانیان دووبارە کەلوپەلەکانیان بۆخۆیان بگێڕنەوە.
چەمکی خاوەندارییەت لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپای خۆرهەڵات، ئاسیا و ئەفریقا، بە ڕواڵەت لە پێوەری فراوانتری شوێنکەوتووی دژوارییەکانی دەرئەنجامی دەستێوەدانی دەوڵەت بووە. هەڵبەتە نابێت هاوشێوەی هەندێک لە تیۆرسێنە ستەمکارەکانی خۆرهەڵات وەک فرانسوا برنیە، نووسەری سەدەی حەڤدەیەم، زیدەڕۆیی لە گرنگییەتەکەی بکرێت، بەڵام لەم بوارەدا جیاوازییەکی ئاشکرا لە نێوان ئەوروپای خۆرئاوا و ڕکابەرەکانی بەرچاو دەکەوێت. زۆرجار خانەدانە باڵادەستەکانی فەرمانڕەوای ئاسیا و ئەفریقا، دەبوونە کۆسپی بەردەم هەر جۆرە گەشەکردنی سامانی کەسانێک، کە لە دەرەوەی بازنەی خۆیان و نزیکییان بوون. بۆ نموونە ئەشانتییەکان لەئەفریقای خۆرئاوا، دەوڵەت هەموو ڕێگاکانی پێشکەوتنی لەکۆیلەکان و خەڵکی ئاسایی بەستبوو و دەوڵەمەندانیش پێش وەرگرتنی پارە بە ئەژماری بانکی سزا دەدران. سوڵتانە عوسمانییەکان بەسەپاندنی گرێبەستی دەوڵەت بەسەر خێزانە گەورە بازرگانەکانی خۆی دەیخستنە ژێر گوشارەوە، کە زۆر قورس دەبوو. ئەمجۆرە هەڵوێستانە بەئاشکرا ئەوەندە لەچین باوی نەبوو، کە زۆر جار وەرچەخانە سیاسییەکانی هەڵپەساردنی مافەکانی ئەم و ئەو خێزانەی تێدا نەبوو(…).

هۆکاری دووەم:
دەبێت لە بۆشایی بازرگانیدا بۆ خاڵی دووەمی ڕکابەریکار بگەڕێی، کە ئەورووپییە باکووریی و خۆرئاوایی و ئەمریکییەکان ماوە ماوە سوودیان لێ وەرگرتوە و هەر لەو سەردەمەدا چ لە دژی مڵکوماڵی شەخسی بازرگانە گەورەکان و چ لە دژی خودی دەوڵەت، پەرەیان داوە بەدامەزراوەی دارایی سەربەخۆ. هۆڵەندییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بە مەترسییە حەتمییەکان، ڕۆڵی پێشەنگییان لە دامەزراندنی کۆمپانیا هاوبەشەکانی سەرمایە هەبوو، کە هەڕەشەیان لە کەشتییە بازرگانییە دوورمەوداکان دەکرد. کۆمپانیا هۆڵەندی هیندی خۆرهەڵات یەکەم کۆمپانیا بوو، کە قۆناغ بە قۆناغ بەرپرسێتی هاوبەشی مەترسییەکانیان جێبەجێکردووە و لە نێوان بەڕێوەبەر و خاوەندار سنووریان کێشاوە، کە ڕۆڵی بەرچاو لە پێکهێنانی سەرمایەداری نوێ دەبینێت.
لە ڕاستیدا بە ڕواڵەت لە سەردەمی دەوڵەت شارەکانی ئیتالی سەرەتای سەردەمی نوێ، ئەوروپای خۆرئاوا بەردەوام دەستپێشخەری بازرگانی کردووە. بەپێچەوانەوە، تەنانەت دینامیزیترین و تۆخترین کۆمپانیا چینییەکان هەوڵیاندەدا بەهێشتنەوەی بەڕێوەبردن لە چوارچێوەی خێزاندا، هەژموون بە سەر سەرچاوەی ساماندا بکەن. بانکی بەریتانیا لە بەریتانیای گەورە، بێلایەنانە چاودێری بارودۆخی ئابووری دەکرد. چەمکی قەرزی نیشتمانی پشتگیری کراوی چینی بازرگان و خاوەندارەکان، خەزێنەداری نیشتمانی وا تیوار کرد کە تەنانەت لە وڵاتانی دیکە چاوەڕوان نەدەکرا. قەرزی نیشتمانی بوەتە جۆرێک سیمبولی نیشتمانی و خەڵک بەڕواڵەتی تەواوی نێوان دەستەبژێران و دەوڵەت لێیاندەڕوانی.

پارە و سیستەمی بانکی
پەیدابوونی پارە و زۆربوونی بانکە خۆماڵییەکان لە بەریتانیای گەورە و ئەمریکای باکوور، هۆکاری ئاسانکاریی قەرزوقۆڵییان دابین کرد. کارێک کە دەرفەتی بەدەوڵەتانی ئەوروپی و دامەزراوە داراییەکان دەدا تا نەک تەنها لە شۆڕشە هونەرییەکانی خۆی، بەڵکو لە شۆڕشی هونەری هەموو کیشوەرەکانیش سوودمەند بن. چینییەکان و چای چینی، ئاڵات، بەهارات و چنراوی هیندی بەهێزییان، بوونە پۆڕی خوراو.
بڕێک مێژوونووس، ئاماژەیان بەشارەزایی و کارزانی ئینکارنەکراوی بازرگانی ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. بێگومان بازرگانی چین، هیند و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تا کۆتایی سەدەی هەژدەیەم، دەوڵەمەندترین بازرگانی جیهانبوون. بەدڵنیاییەوە بۆ ژمێریاری و بەڕێوەبردن، هیچییان لە هاوتا ئەوروپییەکانیان کەمتر نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، چوارچێوەی یاسایی و هەروەها فۆرمی ڕێکخستنی کۆمپانیا گەورەکان لە ئەوروپا، هۆکاری بەرچاوی پێشەنگی ئەوروپای خۆرئاوا و بێگومان ژاپۆن بوو. بەشێوەیەکی پارادۆکس، سەرەنجام گرەنتییە یاساییەکان و جۆرێک سەقامگیری مافی خاوەندارێتی، لە لایەن دەوڵەتە ئیمپپریالییەکان، کە هەڵبەتە ئەوەندە لە بڕگەی گەشەپێدانی ئابووری ئەفریقا و ئاسیا نەبوون، بۆ بازرگان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ بەدیاری هێنابوو.

هۆکاری سێهەم:
سێیەم دەستکەوت بۆ پێوەندی شەڕ و دارایی دەگەڕێتەوە، کە هەندێک ناوچەی ئەوروپا سوودیان لێ وەرگرت. دەبێت ڕاشکاوانە بڵێین ئەوروپیەکان لە کشتوکاڵ ڕکابەرییان نییە. پەیوەندی شەڕ، بە وەبەرهێنان و نوێگەرییە بازرگانییەکان کە دەرئەنجامی شەڕە ئایدۆلۆۆژییە خوێناوییەکانی سەدەی هەژدەیەم بوون، هەر وەک درێژەیان بەگەشەکردنی ڕۆژانەی خۆیان داوە و بەدرێژایی کێشەکانی سەدەی هەژدەیەم لەجیهان، دەسەڵاتی بێ ڕکابەری بە کیشوەری ئەوروپا داوە. هونەری شەڕەکانی ئەوروپا، بەهۆی بوونی دۆخی (وشکانی – دەریایی) زۆر ئاڵۆز و پڕتێچوو بوون. هاوکات دەبوایە وڵاتانی ئەوروپی چ لە وشکانی و چ دەریایی، پێشڕەوی بەهێزەکانی خۆیان بکەن.

بەهای بەرهەمی کۆیلەکان لە کاریبیک وابوو کە نزیکی ساڵی (1750) بڕێکی زۆر بۆ وەبەرهێنان بۆ دامەزراندنی سیستمەکانی گەیاندنی سووتەمەنی بە کەشتییە ئەمنییەکانی ئەو دوورگەیە تەرخان کراوە. بەگشتی بەریتانییەکان ئامانجیان بوو کەشتییە جەنگییەککانیان بە درێژایی کەناراوەکانی خۆرئاوایان ڕیز بکەن، تا پێش بە هەر مەترسییەکی پەلاماردان بگرن.

بەهێزکردنی هێزی دەریایی
ئەوکارە پێویستی بە سەقامگیرکردنی سیستەمێکی ئاڵۆزی گەیاندنی سوتەمەنی و کۆنتڕۆڵ هەبوو و هاوکات پێکهاتەی کەشتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ بوو کە دەیتوانی بۆ ئۆقیانووسە دوورە دەستەکان، بەرەو خۆرهەڵات یان دوورگەی ئانتیل بڕوات. پێویستی هاوسەنگی سەربازی لەگەڵ بەریتانییەکان، بەدرێژایی ولاتەکەیان، دەریاوانانی ئەوروپی ناچار کرد خۆیان لەگەڵ بارودۆخی تازە بگونجێنن.

پیتەری مەزن، نموونەی بەرچاوی ئەو پەیوەندییەیە کە لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەم سوپا و هێزە دەریاییەکانی خۆی نۆژەن کردەوە، ڕەوەندێک کە دوای سەدەونیوێک لە ژاپۆن دەستی پێکرد، بەڵام هاوهەنگاو بەدوور کەوتنەوە لە کیشوەری ئەوروپا، هەوڵی نوێکردنەوەش کەم و کەمتر بوو. بێگومان دەوڵەتانی ئاسیایی و دەوڵەتی عوسمانی توانیان کەشتییە گەورەکان بجووڵێنن، بەڵام لە هونەرێک زۆر لێهاتوو نەبوون، کە هاموشۆی درێژخایانی ئەو کەشتییانەی لە ناو دەریادا ئاسان دەکرد. تەکنەلۆژیا دەریاییەکانی ئەوانیش بەراورد بە ئەوروپا لە ساڵی (1700) بەرەو خراپبوون برد.

ناکۆکی نێوان وڵاتانەکان لە ئەوروپا، بەن ۆرەی خۆی نوێگەری تەکنەلۆژیای سەربازی تۆخ کردەوە و سەریکێشایە داهێنانی چەکی ترسناکتر و دابینکردنی سەرمایەی پێویست بۆ پاراستنی سوپای بەرەو گەشەی پیکهاتوو لە سەربازانی پرۆفیشناڵ. ئەو پرۆسەیە، دەستکەوتی ڕۆژانەی بۆ بازرگانی ئەوروپا و بازرگانی نێودەوڵەتی ژێر هەژموونی ئەورووپییەکان، بەراورد بە وڵاتانی دیکەی لەگەڵ بوو.

بەشی زۆری بەهای زیادەی ئاکامی پەرەپێدانی بازرگانی جیهانی لە سەدەی هەژدەیەم، بوەتە بەر کەشتی و کۆمپانیا بازرگانییەکانی سەر بە ئەوروپا کەوتوە و ئەفریقییەکان و ئاسیاییەکان کە کۆیلە، ئاڵات، چێلوار یان چینی جاتەکانیان بەرهەم دەهێنا، بێبەشبوون. بۆیە ئەورووپییەکان کۆنتڕۆڵی هەڵگرتن و گواستنەوەی ئەو کاڵایانەیان لە گەورەترین بازاڕەکانی جیهان بەدەستەوە بوو. بە هەمان شێوە کاری فرۆشتنی پشتگیری و هاوکاری سەربازی بۆ هەندێک لە وڵاتانی دەرەوە، لە واقیعدا ئەوروپای لە هاوسەنگی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەهرەمەند کرد. تەنانەت ئەوکارە پێش شۆڕشی پیشەشازیش ڕاست بوو، کاتێک کاڵا ئەوروپییەکان لە بازاڕی نێودەوڵەتی بەهایان لە کاڵای ئاسیایی و ئەفریقا کەمتر بوو. ئەوروپا تۆڕی پێوەندی و فتوحاتەکانی خۆی فراوانتر کرد و سەرئەنجام بەرهەمی دەرەنجامی شۆڕشەکانی هونەری، هەروەها کەسانی تەکنیکی دیکە دروستبوون.

 373 جار بینراوە