سەرەکی » راپۆرت » ״یەكدەنگیی لایەنە كوردستانییەكان لە ناوچە دابڕێنراوەكان״پەڕە 2

وردەكاریی یاسای نوێی هەڵبــژاردن لە عیراق

״یەكدەنگیی لایەنە كوردستانییەكان لە ناوچە دابڕێنراوەكان״

راپۆرتی، جێگر خدر

دوای مشتومڕێكی زۆر، پێنجشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد و 18 بازنەی هەڵبژاردن گۆڕدرا بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن.

هەڵبژاردنی داهاتوو لەعیراق 83 بازنە دەبێت
بازنەكانی هەڵبژاردنی ساڵی 2018 لە عیراق، پێكهاتبوو لە 18 بازنە، بەڵام یاسای نوێی هەڵبژاردن، عیراقی دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە 329 كورسییەوە كەمدەكرێتەوە بۆ 320 كورسی. بۆ هەر بازنەیەكی هەڵبژاردنیش، كورسییەكی كۆتای ژنان دەستەبەركراوە، ژمارەی بازنەكانیش بەپێی هەر 18 پارێزگاكە بەم شێوەیەیە:

بەغدا17 بازنەی هەڵبژاردن، كەركوك 3، موسڵ 8، نەجەف 3، بەسرە 6، سەڵاحەدین 3، زیقار 5، دهۆك 3، سلێمانی 5، كەربەلا 3، بابل 4، دیوانییە 3، ئەنبار 4، واست 3، هەولێر 4، میسان 3، دیالە 4 و پارێزگای موسەنناش 2 بازنەی هەڵبژاردن.

پاراستنی یەكدەنگی
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، جەخت لەوەدەكاتەوە، كە كورد هەموو هەوڵێكیداوە تاكو هیچ جۆرە گرفتێكی بۆ دروست نەبێت، بەتایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان، لە شاری كەركوك 5 كورسی بۆ كورد دەستەبەرە، كورسییەكیش ماوەتەوە بۆ ركابەری لایەنەكان، هەروەها لە موسڵ و شارەكانی دیكەش، بەهەمان شێوە كورسی بۆ كورد دەستەبەركراوە. ئاماژەی بەوەشكرد: نازانرێت لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا لایەنەكان چۆن مامەڵە دەكەن، بەڵام گەر هەماهەنگی هەبێت و یەكدەنگی كورد بپارێزرێت، ئەوكاتە هیچ كورسییەكی كورد نافەوتێت.

كەركوك كۆتا پارێزگا بوو كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بازنەكانی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە پەسەندكرا و پارێزگاكە سێ بازنەی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت، لە كەركوك 12 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە.

هەماهەنگی لەنێوان لایەنە كوردستانییەكاندا
ئارەزوو مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژەی بەوەكرد «ئەوان وەك نوێنەرانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی مافەكانی كورد دەستەبەر بێت و دەنگی كورد بەتایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان، نەفەوتێت». وتیشی: ئەگەر هەماهەنگی هەبێت لەنێوان لایەنە كوردستانییەكاندا، رێژەی كورسییەكانی كورد ئەگەر زیاد نەكات، كەمناكات».

ژمارەی كورسی كەمیكردووە
ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن، وردەكاریی یاساكە بۆ كوردستانی نوێ رووندەكاتەوە و دەڵێت: یاساكە بازنەكانی زیاتر كردووە و ژمارەی كورسی كەمكردووە، هەروەها وایكردووە كە حزبەكان پشت بە پاڵێوراوەكانیان ببەستن، بەپێچەوانەی سیستمی پێشوو، كە پاڵێوراوەكان لە رێگەی حزبەوە بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان دەكرد. هەروەها باس لە دیزاینی نوێی كارتی دەنگدانی سیستەمی هەڵبژاردن دەكات و جەختدەكاتەوە، كە پاڵێوراو و كاندید بە ئەساس وەردەگیرێت.

شایانی باسە، یاسای هەڵبژاردن، یەكێك بوو لەو یاسایانەی كە لە ساڵی 2020 زۆرترین دانیشتن و مشتومڕی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە لێكەوتەوە.

 265 جار بینراوە