سەرەکی » دۆسێ » عیراق، رێژەی چاكبوونەوە لە كۆرۆنا دەگاتە(%85)

״هێشتا لە بازنەی مەترسیداین״

عیراق، رێژەی چاكبوونەوە لە كۆرۆنا دەگاتە(%85)

حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عیراق رایدەگەیەنێت، وەزارەتەكەیان لەماوەی رابردوودا زیادبوونی رێژەی چاكبوونەوەی لەنێوان تووشبوانی كۆرۆنادا لە پارێزگەكان تۆماركردووە، رێژەكەش گەیشتۆتە نزیكەی 85%، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بە وتەی وەزیری تەندروستی، رێژەی مردن بۆ 2.3 %دا دابەزیوە، بەڵام هێشتا لە بازنەی مەترسیداین سەبارەت بە ڤایرۆسەكە.

بەرزبوونەوەی رێژەی چاكبوونەوە و مەترسییەكان
حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عیراق، لە 9ی تشرینی دووەمی 2020 رایگەیاند»بەرزبوونەوەی رێژەی چاكبوونەوە، بۆ پەرەسەندنی تواناكانی وەزارەتەكە و زیادبوونی شارەزایی كادری پزیشكی و تەندروستی و پەرستاریی و خێرایی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە و فەراهەمكردنی دەرمانی تایبەت كە لەسەر ئاستی جیهانی بڕیاریی لەسەر دراوە، دەگەڕێتەوە».

بە وتەی تەمیمی»وڵات هێشتا لە بازنەی مەترسی ڤایرۆسەكەدایە و رووبەڕووبوونەوەیەكی گەورە هەیە لە بواری تەندروستی و ئابوری بۆ كۆمەڵگە، وەزارەتی تەندروستیش هەردەم جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوونی هاووڵاتیان دەكاتەوە بە رێكارە تەندروستییەكان و خۆپارێزیی و پشتنەكردنەوە لە ڤایرۆسەكە».

وەزیری تەندروستی عیراق دەڵێت»هەموو نەخۆشخانەكان گەڕاونەتەوە بۆ كاریی ئاسایی خۆیان و پێشوازیی لە نەخۆشەكان دەكەن و نەشتەرگەریی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، وێڕای كردنەوەی ژمارەیەك نەخۆشخانەی خێرا كە لەم ماوەیەدا دامەزرێنراون ، لەوانەش نەخۆشخانەیەكی 120 قەرەوێڵەیی لە بەری رەسافە و نەخۆشخانەیەكی تری هاوشێوە لە پارێزگەی بابل كە بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد تەیاركراون، لەگەڵ كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی 120 قەرەوێڵەیی لەنێو نەخۆشخانەی كندی كە تایبەتە بە تووشبوانی كۆرۆنا».

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عیراق پێیوایە»تێبینی فەراهەمكردنی دەرمانی شێرپەنجەش دەكرێت لە نەخۆشخانەكان و ناوەندەكانی چارەسەری نەخۆشییەكە، ئەمەش دوای گەیشتنی بڕێكی زۆری ئەو چارەسەرانە و ئامادەكردنی نەخۆشخانە تایبەتەكانی بەغدا و پارێزگەكان، وێڕای فەراهەمكردنی دەرمان بۆئەوانەی نەخۆشی گورچیلە و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەگەڵ زیادكردنی ژمارەی تاقیگە تایبەتەكان بۆ پشكنینی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا».

تەوژمی دووەمی كۆرۆنا
پێشتر وەزیری تەندروستی عیراق رایگەیاندبوو، رێژەی چاكبوونەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردوو، تا ئاستێك یەكسانە لەگەڵ رێژەی تووشبوون.

حەسەن تەمیمی لە 5ی تشرینی دووەمی 2020 لە لێدوانێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاندبوو»عیراق هێشتا لە تەوژمی یەكەمدایە سەبارەت بە رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، چاوەڕوانی هاتنەبەری تەوژمی دووەمی كۆرۆنا ناكەین لە وڵاتدا».

بە وتەی تەمیمی»كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە ئێستادا، بەندە بە پابەندبوونی هاووڵاتیان بە خۆپارێزیی و دووركەوتنەوە لە گردبوونەوەكان، وەزارەتی تەندروستی لەئێستادا بەدەست پابەندنەبوونی هاووڵاتییەوە دەناڵێنێت بە ئامۆژگاریی و رێنماییەكانی وەزارەتەكە بۆ بەرنگاربوونەوەی مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا».

تەمیمی دەڵێت»عیراق لە سەرەتای دروستبوونی تەنگژەكەوە، تائێستا 3 ملیۆن پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای ئەنجامداوە».
ئەمەش لەكاتێكدایە وەك وەزیری تەندروستی ئاماژەی پێدەكات»پشكی كەتری تەندروستی لە بودجە یەك لەدوا یەكەكان 2%ی تێنەپەڕاندووە، ئەمەش بۆتە مایەی راگرتنی بنیاتنانی نەخۆشخانەكان تا ساڵی 2017».

پابەندنەبوونی هاووڵاتیان
لەبارەی پابەندنەبوونی هاووڵاتیانەوە بە رێكارە تەندروستییەكان، وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاندبوو»پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێكارەكانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەسەدا 5 تێناپەڕێنێت».

ریاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە 28ی تشرینی یەكەمی رابردوو بە ئاژانسی دەنگوباسی عیراق (واع)ی رایگەیاندبوو»پێشبینی زیادبونێكی كەم دەكرێت لە ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو، بەڵام زیادبوونەكە هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا نابێت».

بە وتەی عەبدولئەمیر»بەشی هەرەگەورەی بەرپرسیارێتییەكان دەكەوێتە ئەستۆی كۆمەڵگە و رێكارەكانی خۆپارێزی».

ئەو بەڕێوەبەرەی تەندروستی عیراق دەڵێت»رێژەی پابەندبوونی هاووڵاتیان لە ماوەیەك لە ماوەكان (دیاریی نەكردووە)، گەیشتۆتە لەسەدا 60، بەڵام لەئێستادا رێژەی پابەندبوون لەسەدا 5 تێناپەڕێنێت، ئەمەش زیاتر لە گۆڕانی كەشوهەوا مەترسیدارترە».

زۆربوونی ژمارەی تووشبوان
لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەی تووشبوان لە عیراق رووی لە زیادبوون كرد و 500 هەزاری تێپەڕاند، كۆی گشتی ژمارەی مردووانیش گەیشتە زیاتر لە 10 هەزار كەس، لەمەش زیاتر عیراقییەكان ترسی ئەوەیان هەیە، ژمارەی تووشبوانی رۆژانە لە كۆی 10 هەزار پشكنین بگاتە زیاتر لە دوو هەزار.

هۆكارەكانی زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق جۆراوجۆرە، بە بۆچوونی فارس برێفكانی جێگری سەرۆكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمان»زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بۆ فراوانبوونی رووبەری رووپێویی مەیدانی دەگەڕێتەوە لەم ماوەیەی دوایی».

برێفكانی بە كەناڵی (الجزیرە)ی رایگەیاندبوو»ژمارەی پشكنینی رۆژانە لەمانگی یەكەمی بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە عیراق، هەزار پشكنینی تێنەدەپەڕاند، بۆیە تووشبوان نەخۆشییەكەیان بۆ هەزارانی تر گواستەوە بەبێ‌ ئەوەی بەخۆیان بزانن، ئەمەش بووە مایەی دووهێندە زیادبوونی ژمارەی تووشبوان و گەیشتنی بەم ئاستە بەرزەی لەئێستادا هەیە».

سەبارەت بە ئەگەری كەرەنتنینەكردنی هاووڵاتیان لە ماڵەكانیان، برێفكانی دەڵێت»ئەو ئاراستەیە بە تاكە رێگەچارە لەبەردەم دامەزراوە تەندروستییەكاندا دادەنرێت، گەر ژمارەی تووشبوان لەمەی ئێستا زیاتر زیادبكات».
ئەعلی عەنبوری، پسپۆڕی تەنددروستی گشتی و وانەبێژ لە كۆلێژی پزیشكی كندی پێیوایە»بڵاوبوونەوەی فراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق چاوەڕوانكراو بوو، تووشبوان بە پەتاكە بەشێوەیەكی خێراو پێوانەییە، ئەمەش بۆ جێبەجێنەكردنی تەواوی قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتی و پابەندنەبوونی هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە».

عەنبوری بە كەناڵی (الجزیرە)ی رایگەیاندبوو» قەدەغەكردنی هاتووچۆ و داخستن رواڵەتی بوو، تەنیا لەچەند ناوچەیەكی دیاریكراو بوو، ژیان لە ناوچە میللییەكان بەشێوەیەكی ئاسایی رێدەكات، ئەم ژمارەیەی ئێستاش كە رادەگەیەنرێت، زۆر كەمترە لە ژمارەی راستەقینەی تووشبوان، بە تایبەت كە نەخۆشخانەكان پشكنین ئەنجام نادەن، تا كەسەكە نیشانەی تەواوەتی نەخۆشییەكەی پێوە دەرنەكەوێت».

ئەو پسپۆڕە پێیوایە، كەرتی تەندروستی داڕماوە و ژمارەی ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد، لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی وڵاتدا ناگونجێن، وێڕای خراپ بەڕێوەبردن لە وەزارەتی تەندروستی.

 55 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*