سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » پەرلەمانتاران داوای بانگهێشتكردنی حكومەت دەكەن

لەسەر رێكەوتنی 50 ساڵەی هەرێم و توركیا لەسەر نەوت

پەرلەمانتاران داوای بانگهێشتكردنی حكومەت دەكەن

32 ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەنووسراوێكدا «داوای‌ دانیشتنێكی‌ تایبەت بەگرێبەستی‌ 50 ساڵەی نێوان حكومەتی‌ هەرێم و حکومەتی‌ توركیا دەكەن، كە تیایدا لایەنی‌ پەیوەندیداری‌ حكومەت ئامادەبێت بۆ خستنەڕووی‌ وردەكاری‌ و ناوەرۆكی‌ رێكەوتنەكە».

لەنووسراوەكەدا، كە ئاڕاستەی‌ دەستەی‌ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی‌ كوردستانیان كردووە، ئەوەشیان راگەیاندووە: سەرۆكی‌ هەرێم لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەنووسیدا جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی‌ كە»هەرێمی‌ كوردستان رێكەوتنێكی‌ 50 ساڵەی‌ بۆ فرۆشتن و هەناردەكردنی‌ نەوتی‌ هەرێم لەگەڵ‌ توركیا ئیمزاكردووە». هەربۆیە داوای ئەم دانیشتنەمان كردووەو ئەم هەنگاوەش بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی‌ وردەكاریی‌ گرێبەستەكەو سوودو زیانەكانێتی بۆ خەڵكی‌ كوردستان، هەروەك كاریگەرییەكانی‌ لەسەر رێككەوتنی‌ هەرێم لەگەڵ‌ عیراق».

لەبەشێكی دیكەی نووسراوەكەیاندا، ئەو پەرلەمانتارانە، داوادەكەن «بەر لە ئەنجامدانی‌ دانیشتنەكە، دەقی‌ گرێبەستەكەیان بخرێتەبەردەست».

لەوبارەیەشەوە، عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەمەبەستی روونكردنەوەی ئەو گرێبەستە 50 ساڵەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی توركیا لەبارەی نەوتی هەرێمەوە، ژمارەیەك پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە جیاوازەكان یاداشتێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە تاكو دانیشتنێكی تایبەت رێكبخرێت و تێیدا لایەنە پەیوەندارەكان لەحكومەتی هەرێم بانگهێشت بكرێت. وتیشی: دەمانەوێ حكومەت روونكردنەوەی پێویست بۆ پەرلەمان و رای گشتی بدات كە ئایا ئەو گرێبەستە رێگرە لەوەی هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات؟، هەروەك سوودو زیانەكانی ئەو گرێبەستە روونبكەنەوە، بەتایبەتی دوای پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و دروستبوونی كێشەو گرفت بۆ مووچە.
باسی لەوەشكرد «داوامانكردووە بەر لە دانیشتنەكە، ناوەرۆكی رێكەوتنەكەی هەرێم و توركیا بخرێتەبەردەم پەرلەمانتاران بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر».

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*