سەرەکی » ئاراستە » ئاسایش- security

فەرهەنگی سیاسی

ئاسایش- security

وەرگێڕانی: جێگر ئیبراهیم_ ئارام وەڵەدبەگی

یەکێک لەو ئاڵنگاریانەی پاش جەنگی دووەمی جیهانی بەردەوام بەرۆکی توێژەرانی گرتووە لێکدانەوەی «ئاسایش» وەکو چەمکێکی بنچینەیی لە نووسراوەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی دا بووە. کێشەی شرۆڤە و شیکردنەوەی ئەم چەمکە تاڕادەیەک بۆ بێ توانایی نووسەرانی ئەم بوارە دەگەڕێتەوە‌‌؛ کە ناتوانن لەسەر پێناسەیەکی یەکگرتوو و گشتگیر بۆ ئەم دەستەواژەیە رێکبکەون. ئەگەر تەنانەت پێناسەیەکی شیاویش بخرێتەڕوو (وەکو پاراستن لە بەرامبەر زیان بەرکەوتن) دیسان ئەم پرسە دێتە پێشەوە کە شیاوترینی ئاستی شیکردنەوەی (ئاستەکانی شیکردنەوە) بۆ لێکدانەوەی ئاسایش چییە؟ بابەتی سەرەکی ئاسایش چییە؟ ئاخۆ دەوڵەتە یان تاک؟ دەبێ گرنگی بە کام هەڕەشەی تەناهی و ئاسایشی بدرێت؟ ئەو هەڕەشانەی کە بەکارهێنانی زۆر لەخۆ دەگرن؟ یان ئەو هەڕەشانەی ئاڵنگاری بۆ سەرەوەری دەوڵەت درووست دەکەن؟ ئایا دەبێ لەسەر هەڕەشە کورتخایەنەکان بوەستین یان لەسەر هەڕەشە درێژخایەنەکان؟

بۆچوونی جیاواز
ئەم راستییە لە بارەی پرسیارە ئاماژە پێکراوەکان هێشتا تاڕادەیەکی زۆر لە نێوان توێژەران و زانایان جێگای مشتوومڕی توندە، تا ڕادەیک ئەوە روون دەکاتەوە کە بۆ وردەبەشەکانی پرسی لێکدانەوەی ئاسایش، لە پاش کۆتایی هاتنی جەنگی سارد هەوڵیان بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی تایبەت بە خۆیان داوە. ئەجێندا و تێڕوانینی توێژینەوەیی دژ بەیەک گەلێک زۆرن کە هەڵسەنگاندنی چەمکی ئاسایش بۆ بواری زۆر بەرفراوان لە هەناوی بەشێکی زۆر بەربڵاوی پەیوەندی نێودەوڵەتی دەگوازنەوە. هێشتا دیار نییە ئاخۆ دەبێ لەم فرەڕەنگی و جۆراوجۆرییە دڵخۆش بین یا هەست بە نیگەرانی بکەین. بەڵام ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەوەیە، کە وردەبەشەکانی لێکدانەوەی ئاسایش لە ئێستادا زۆر جیاواز لە سەردەمی جەنگی سارد دەردەکەون کە لەو سەردەمەدا تەنیا لێکدانەوەی ئاسایشی نێودەوڵەتی خۆی لە هەڵسەنگاندنی ستراتیژی زلهێزەکان دەبینیەوە.

رەگی وردەبەشەکانی ئاسایش تاڕادەیەکی زۆر بۆ ئەم بۆچوونە هاوبەشە لە نێوان زۆربەی توێژەران بەتایبەت ریاڵیستەکان پاش جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە کە کاریگەری بەربڵاوی ئایدیالیزم لەسەر هزری بیرمەندانی ئینگلیزی- ئەمریکی لە ساڵانی نێوان دوو جەنگی جیهانی بەگشتی بووەتە هۆی ئەوەی زلهێزە رۆژئاواییەکان کەمتەرخەم بن و نەتوانن هەڵوێستێکی جێگیریان لە بەرامبەر دەستدرێژی نازییەکان لە ئەوروپا لە نێوان سییەکانی سەدەی رابردوودا هەبێت. جگە لە بێ هەڵوێستی و نەبوونی ئیرادەی وڵاتانی رۆژاوا، لەبەرئەوەی دەستەبژێرانی ئەم وڵاتانە بەهۆی گوێڕایەڵی لە ئامۆژگارییە سەرلێشوێنە ئایدیالیستەکانەوە، بە شێوەیەکی یەکجار زۆر بڕوایان هەبوو بە توانای دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت کۆمەڵەی گەلان) بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتان و بە خەمساردییەکی زۆرەوە رێگایان دا توانا سەربازییەکانیان بە رێژەیەکی زۆر بێتەخوارەوە.

دانانی ستراتیژی
یەکەمین شرۆڤەکارانی ئاسایش لە سەردەمی پاش جەنگدا دوای ئەوە کەتبوون کە بەشی پەیوەندی نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەی ئاوڕدانەوەی روون تر سەبارەت بە رۆڵی «ستراتیژ» هان بددەن. ئەوان لێکدانەوەی هۆکارەکانی پشتبەستنی وڵاتان بە زۆر و توندوتیژی بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانیان بە هۆکارێکی بنەڕەتی برەودان بە سەقامگیری ستراتیژی لە نێوان دوو زلهێزەکەدا لەقەڵەم دەدا. بە شێوەیەکی گشتی تر، وردە بەشەکانی لێکدانەوەی ئاسایش لە ژێر کاریگەری بنەماکانی ریاڵیزمی رەسەندا بوون لەبارەی ئاستی چەپەڵی، چاوچنۆکی و هەڵپە بۆ دەسەڵات و سرووشتی خراپی ناخی مرۆڤ. ئەم چاویلکە فەلسەفییە بۆ سەیرکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی بەگشتی، و دوو پرسی ئاسایش و ستراتیژ بە شیوەیەکی تایبەت بوو. ئەنجامی دان پێدانان بەم گریمانە ریاڵیستیانە، قبووڵکردنی شەڕ وەکو کارەسات و بەڵایەکی بەردەوامی مرۆڤ بوو. لەڕوانگەی بەشە پەرەسەندووترەکانی لێکدانەوەی ئاسایش، لەباتی ئاوات خواستن بۆ نەهێشتنی شەڕ بە درووشمی باق و بریق، دەبێ ئەم دیاردەیە بە گیانێکی زانستی، بەدەر لە بەرژەوەندیخوازی لە لایەن توێژەرانەوە بە شێوەیەکی گشتگیر لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

سەردەمی جەنگی سارد
لە ماوەی ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوو واتا ئەو سەردەمەی بە قۆناغی زێڕینی هەڵسەنگاندنی ئاسایش لەقەڵەم دەدەرێت توێژەران بە زۆری سەرقاڵی لێکدانەوە، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی رەهەندی ستراتیژی بەریەککەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤێت بوون. بەگشتی کرۆکی سەرەکی روانگەی ئەوان لەم چوارچێوەیەدا کورت دەبوویە؛ کە شۆڕشی ناوەکی چ کاریگەرییەکی لەسەر ناوەڕۆکی پەیوەندی زلهێزەکان درووست کردووە. ئەم پرسە دوو ئەنجامی هەبوو، راگرتنی ناوەکی وەکوو گرنگترین چەمکی ستراتیژی یەکگرتوو جێگای خۆی لە فەرهەنگەکانی پەیوەندی نێودەولەتیدا کردەوە (تا کۆتایی شەڕی ساردیش پارێزگاری لە پێگەکەی خۆی کرد) و پەیوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤێت لە لایەن لێکۆڵەرانەوە بوو بە مۆدێلی باو بۆ تاوتوێ کردنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

لە سەرەتا تا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە دەقەکانی لێکدانەوەی ئاسایشی گۆڕانکارییەک چەکەرەی کرد. دوابەدوای دەرکەوتنی دوورە دیمەنی شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هند و چین و پەرەسەندنی نەهێشتنی ئاڵۆزی لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ، بەشێک لە توێژەران گومانیان خستەسەر عاقڵانە بوونی ئەو پرسانەی کە بە کرۆکی لێکدانەوەی نەریتی ئاسایش هەژمار دەکران. ئاوڕدانەوەی یەکجار زۆری ئەم وردە بەشە بۆ پرسەکانی «ستراتیژی» توێژەرانی ئەم بوارەی بێزار کرد لە ئەنجامدا گرنگییەکی روو لە گەشە بۆ لێکدانەوەی پرسە ئاسایشییەکانی «دەرەوەی سنوور» لەوانە، تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و تاوانی رێکخراو چەکەرەی کرد. ئەم ئاڵوگۆڕە تاڕادەیەکی زۆر لە ئەنجامی دەرکەوتنی «گرێدراوی دوولایەنە»دا بوو. ئەم چەمکە وەکوو یەکێک لە چەمکە دیارەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی دەرکەوت و لەگەڵ خۆیدا ئەم روانگەیەی پێش خست، کە پاڵنەرە بزۆزەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی زۆر گەورەتر و سەرترن لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤێت.

هەرچەند لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو کرۆکی سەرەکی تاوتوێکردنی ئاسایش هێشتا پرسی بەریەککەوتنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا- گرنگییەکی تایبەت بە پەرەپێدانی هزرەکانی پێشوو دەدرا لەبارەی تیۆری راگرتنی عاقڵانە- بوو و بەشێکی روو لە گەشەی توێژەران لە بەشی پەرەپێدراوی لێکدانەوەی ئاشتی دا، خواستی و نیازی خۆیان بۆ خستنەڕووی «جێگرەوە سەربازییەکان» بۆ ئاسایش پیشان دا. پاش دەستپێکردنی جەنگی ساردی دووەم لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو کرۆکی پرسی لێکدانەوەی ئاسایش بە شێوەیەکی زۆر جددی بە ئاڕاستەی پرسە ستراتیژییەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەنگاوی هەڵگرت لەوانە سیاسەتی بەکارهێنانی چەک و چۆڵی ئەتۆمی، هاوسەنگی هێزە ئاساییەکان لە ئەوروپا، ستراتیژی دەریایی. لەڕاستیدا جگە لە خستنەڕووی توێژینەوەی ئاشتی لە دامەزراوە ئاشتییەکانی ئەوروپای رۆژئاوا کە نموونەیەکی جیا و نایاب بوو، لێکدانەوەی ئاسایش لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو جارێکی تر بۆ تێڕووانینە نەریتییە ستراتیژییەکەی خۆی گەڕایەوە.

چەمکی ئاسایش پاش نەمانی جەنگی سارد
لەبەر رەگە هزرییەکانی لێکدانەوەی ئاسایش، جێگای سەرسووڕمان نەبوو کە زانایانی ئەم بوارە پاش جەنگی سارد لەڕووی چەمکەوە تووشی پەرتەوازەیی بوون: چ شتێک دەبێ وەکوو سەرچاو و مۆدێلی ئاسایش نێودەوڵەتی ببێتە جێگرەوەی بەریەکەوتن و ململانێی رۆژهەڵات و رۆژئاوا؟ کۆتایی هاتنی سیستەمی دوو جەمسەری دەرفەتێکی زێڕینی خستەبەردەم ئەو کەسانە کە بە ئاشکرایی خوازیاری ئەجێندایەکی نوێ بۆ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئاسایش بوون. ئەجێندایەک کە کەمتر پەیوەست بە بە کارهێنانی زۆرەوە (واتا ستراتیژی) بێت و پتر ئاوڕ لە بابەتی وەکوو ژینگە، رێژەی دانیشتوان، هەژاری جیهانی بداتەوە. گرنگی دان بەم پرسە تەنهاییە نوێیانە رەنگدانەوەی هەوڵی بەربڵاوتری کۆمەڵێک لە توێژەران بوو، کە بڕوایان بە قبووڵ کردنی دەوڵەت وەکو بابەت و ناوەڕۆکی ئاسایش لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا نەبوو؛ لایەنگری گرنگی دان ئاسایشی مرۆیی و کۆمەڵایەتی بوون.

لەم سۆنگەیەوە لەباتی پاراستنی سەرەوەری خاکی دەوڵەت دەبێت پاراستن و پاڵپشتی لە بەختەوەری مرۆڤ بکرێتە ئەرکی لەپێشینەی توێژینەوەی توێژەران. ئەم تێگەیشتە بەش بە حاڵی خۆی هەڵوێست و کاردانەوەی نەرێنی بەشێک لە چاودێرانی بەدوای خۆیدا هێنا کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد چوارچێوەی لێکدانەوەی ئاسایش زۆر لە پێویست لە بابەتە ستراتیژییەکان دوورکەوتووەتەوە و مەزاج و خواستی بێ بنەمای رووناکبیرانە باڵی بەسەردا کێشاوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر کۆتایی هاتنی بەریەککەوتنی رۆژهەڵات و رۆژاوا، لێکدانەوەی ئاسایش هێشتا لەسەر شێوەیەکی جێگر و روون نەگیرساوەتەوە و پرسە سەرەکییەکانی بە بێ چارەسەر ماونەتەوە. پرسیارێکی بنچینەیی کە هێشتا بەرۆکی توێژەرانی ئاسایشی بەر نەداوە ئەوەیە کە کام ئەولەویەتەکان دەبێ چۆنیەتی لێکدانەوەی ئەم چەمکە دیاری بکەن؟ لەوانەیە هەموو چاودێران لەسەر ئەم پرسیارە بنەڕەتییە لەیەکتر نزیک ببنەوە بەڵام تا گەیشتن بە کۆدەنگی لەم بوارەدا رێگایەکی دوور و درێژیان ماوە.

لەم لاپەڕەیەدا وەرگێڕانی کۆمەڵێک زاراوەی سیاسی بڵاودەکەینەوە بەناوی فەرهەنگی سیاسی.

 48 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*