سەرەکی » ئاراستە » ژماره‌ 19و دكتۆر كاوه‌ی تیپی 93ی كۆیه‌

له‌ یادی 35 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونیدا

ژماره‌ 19و دكتۆر كاوه‌ی تیپی 93ی كۆیه‌

ئاوات كۆكه‌یی

له‌ درێژه‌ی كاروانی خه‌بات و شه‌هاده‌تدا، وه‌ك چۆن زۆر چیرۆك و رووداوی خه‌مئامێزو ناخ هه‌ژێن هه‌یه‌، ئاوهاش بابه‌تی سه‌یرو سه‌رنجڕاكێش هه‌یه‌، هه‌ندێك له‌وانه‌ هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ پێشتر به‌رنامه‌ی بۆ دانرابێ و به‌ پێی نه‌خشه‌یه‌كی خواستراو رووداوه‌كه‌ ئاراسته‌كرابێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر شایه‌دحاڵه‌كان زیندوو نه‌بن، ئه‌ستەمه‌ بڕوابكرێت كه‌ ئه‌وه‌ رێكه‌وته‌ و رێكه‌وتێكی سه‌یریش.

یه‌كێك له‌و رووداوانه‌ به‌سه‌ر هاتی شه‌هیدبوونی دكتۆر كاوه‌ی تیپی 93ی كۆیه‌ یه‌.

دوای تیماركردنی بریندارێك خۆشی شه‌هیدكرا
ره‌هبه‌ری سه‌ید برایم كه‌ هاوڕێی منداڵی و خوێندنگه‌و پێشمه‌رگایه‌تیی ئه‌و شه‌هیده‌یه‌ و ئاگاداری زۆر روداوی ژیانی و شه‌هیدبوونه‌كه‌شییه‌تی، له‌ لێدوانێكدا بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌روه‌رانی كوردستانی نوێ، سه‌رگوزشته‌ی داستانه‌ گه‌وره‌كه‌ی (كانی وه‌تمان)ی بۆ گێڕاینه‌وه‌ كه‌ دكتۆر كاوه‌ی تێدا شه‌هیدبووه‌، سه‌ره‌تاش باسی له‌وه‌كرد كاوه‌ عه‌بدوڵڵا ناسراو به‌ دكتۆر كاوه‌، له‌ دایكبووی ساڵی 1960ی شاری كۆیه‌ یه‌، به‌ منداڵی و گه‌نجی پێیان ده‌وت كاوه‌ دلێر، پێشمه‌رگەیه‌كی ئازاو گه‌نجێكی رۆشنبیرو پزیشیكی شۆڕش بوو.

وتیشی: منداڵی یه‌ك گه‌ڕه‌ك بووین، هاوڕێی منداڵی و خوێندنگه‌و پێشمه‌رگایه‌تی یه‌كتری بووین، زۆر گه‌نج بوو كه‌ بوو به‌پێشمه‌رگه‌، پاشان له‌به‌ر من هاته‌ تیپی 93ی كۆیه‌، كه‌ ئه‌وكاته‌ من سه‌رتیپی ئه‌و تیپه‌ بووم.

شه‌هید كتۆره‌ كاوه‌ گه‌نجێكی خوێنده‌وارو رۆشنبیربوو، یاریده‌ده‌ری پزیشك بوو، وه‌ك پزیشكی شۆڕش كاری ده‌كرد، ساڵی 1981 له‌گه‌ڵ دكتۆر شاڵاو یه‌كه‌م نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕشیان له‌ گوندی (پڵینگان)ی دۆڵه‌ ره‌قه‌ دامه‌زراند، ئه‌و هاوكارو یاریده‌ده‌ری دكتۆر شاڵاوبوو.

دواتر كه‌هاته‌ لای ئێمه‌ بوو به‌ دكتۆری تیپی 93ی كۆیه‌، له‌ راستیدا كاری ئه‌و شه‌ڕو چالاكیی پێشمه‌رگانه‌ نه‌بوو، به‌ڵكوو پزیشكی بوو، به‌ڵام هێنده‌ ئازاو چاونه‌ترس بوو، پێی داده‌گرت به‌شداریی شه‌ڕه‌كان بكات و ده‌شیكرد.

سه‌باره‌ت به‌ داستانه‌كه‌ی كانی وه‌تمان و شه‌هیدبوونی دكتۆر كاوه‌، ره‌هبه‌ری سه‌یدبرایم كه‌ ئه‌وكاته‌ فه‌رمانده‌ی تیپی 93ی كۆیه‌ بووه‌ و سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕه‌كه‌شی كردووه‌، وتی: ساڵی 1986 به‌پێی نه‌خشه‌یه‌كی تیپی 93ی كۆیه‌، له‌ كانی وه‌تمان بۆسه‌یه‌كمان بۆ هێزه‌كانی رژێم نایه‌وه‌، دكتۆر كاوه‌ نه‌ده‌بوو به‌شداریی بكات، به‌ڵام رازی نه‌بوو ئه‌و له‌دووره‌وه‌ بێت و ئێمه‌ش له‌ شه‌ڕدابین، بۆیه‌ زۆری لێكردین و به‌شداریی كرد.

ئه‌وه‌بوو كاروانێكی گه‌وره‌ی ئۆتۆبێلی سه‌ربازی رژێم به‌ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی دوكان- سلێمانیدا هات، گه‌یشته‌ كانی وه‌تمان و لێمان دان، شه‌ڕ دامه‌زرا، زه‌ره‌رێكی زۆری ماڵی و گیانی به‌ر دوژمن كه‌وت و ده‌ستكه‌وتێكی زۆریشمان هه‌بوو، ته‌نیا یه‌ك پێشمه‌رگه‌ برینداربوو به‌ناوی (قاسم حه‌مه‌ گچكه‌ل)، دكتۆر كاوه‌ هه‌ر له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا به‌خێرایی ته‌داوی كردو برینكه‌ی بۆ پێچا، ئینجا وتی: با هێرشێكی تریان بكه‌ینه‌ سه‌رو ده‌ستكه‌وته‌كانمان زیادتر بكه‌ین، ئه‌وه‌بوو هێرش كرایه‌وه‌ و به‌داخه‌وه‌ دكتۆر كاوه‌ شه‌هیدكرا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا، ئه‌و هاوڕێیه‌ی شه‌هید دكتۆر كاوه‌ باسی له‌ رێكه‌وتێكی سه‌یركردو وتی: رۆژی شه‌ڕه‌كه‌ 19ی مانگ بوو، واتا 19/11/1985، ژماره‌مان 19 پێشمه‌رگه‌ بوو، 19 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی دوژمن له‌ جۆری ئیڤا سوتێنران، ئه‌و چه‌كانه‌ی ده‌ستیشمان كه‌وتن وابزانم هه‌ر 19 پارچه‌ چه‌ك بوون، دوای 12 ساڵی رێكیش له‌و رووداوه‌، دایكی شه‌هید دكتۆر كاوه‌ به‌ناوی (ئامینه‌ كه‌ریم ئه‌حمه‌د) له‌19ی مانگ، واتا 19/11/1997 كۆچی دوایی كرد.

باسی له‌وه‌شكرد ئه‌وكاته‌ی دكتۆر كاوه‌ شه‌هیدكرا، ته‌رمه‌كه‌یمان برده‌ گوندی (قولقوله‌)ی ده‌شتی كۆیه‌ و له‌وێ به‌ ئه‌مانه‌ت به‌خاكمان سپارد، پاش ماوه‌یه‌ك برایه‌وه‌ زێدی له‌دایكبوونی و له‌ گۆڕستنانی شه‌هیدان له‌شاری كۆیه‌، دووباره‌ به‌خاكسپێردرایه‌وه‌.

كتێبخانه‌ی شه‌هید دكتۆر كاوه‌
له‌ به‌شێكی گێڕانه‌وه‌كانیدا، ره‌هبه‌ری سه‌یدبرایم وتی: وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ ئه‌و هاوڕێیه‌مان، ساڵی 1987 كتێبخانه‌ی شه‌هید دكتۆر كاوه‌مان له‌ ناوچه‌ی (فه‌تاح ته‌پل) له‌ ده‌شتی كۆیه‌، نێوان گونده‌كانی (كانیبی و قزلوو) كرده‌وه‌، وه‌ك ناوه‌ندێكی رۆشنبیری لێهات، خه‌ڵكێكی زۆر هه‌م كتێبیان بۆ ده‌هێناو هه‌م خوێنده‌واران و خوێنه‌رانیش سه‌ردانیان ده‌كرد و كتێبیان لێده‌خواست، هه‌روه‌ها ببووه‌ شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌و رێكخستنه‌كان و خه‌ڵكانێكی زۆریش له‌ رۆشنبیران له‌وێ كۆده‌بوونه‌وه‌و مناقه‌شه‌و گفتوگۆیان ده‌كرد.

به‌وه‌سڵیش كتێبمان ده‌دایه‌ خه‌ڵك و به‌وه‌سڵ لێیان وه‌رده‌گیرایه‌وه‌، به‌ كورتییه‌كه‌ی سیستمی كتێبخانه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی بۆ دانرابوو.

پاشان هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ئه‌و كتێبخانه‌یه‌، وتیشی: دیاره‌ له‌ئه‌نفالدا تێكچوو، به‌ڵام له‌ دوای راپه‌ڕین جارێكی دیكه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر دووباره‌ كتێبخانه‌ی شه‌هید دكتۆركاوه‌مان كرده‌وه‌ له‌ ناو (قشڵه‌ی كۆیه‌)، ئێستا كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌و فراوانه‌، له‌و شوێنه‌دا كافتریای لێیه‌و گه‌نجان و خه‌ڵك به‌گشتی سه‌ردانی ده‌كه‌ن، شوێنه‌كه‌ش هه‌ربۆخۆی شوێنه‌وارییه‌ و كه‌لوپه‌لێكی زۆرو سه‌رنجڕاكێشی شوێنه‌راویشی لێیه‌.

 107 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*