فه‌وزیه كه‌ریمی له دایكبووی كابوله. ساڵی (1980) كۆچی كردووه بۆ ئه‌مریكا و له كالیفۆرنیا گه‌وره بووه. فه‌وزیه له بواری هونه‌ری شێوه‌كاریی و بایۆلۆجیدا خوێندوویه‌تی و ماسته‌ری هه‌یه له ئه‌ده‌بیاتی داهێنهردانهدا له كۆلیجی (مێلز) له (ئوكلاند)ی كالیفۆرنیا. وێنه‌كێش و نووسه‌ره و خه‌ڵاتی ده‌زگای (جێف رۆنا)ی نووسه‌رانی وه‌رگرتووه. له ئیشه‌كانی وێنه‌كێشانی كتێبی (ماڵی خشت)ی (ئۆلین ئههاروینیان ماركو) و چه‌ند به‌رهه‌مێكی تره. فه‌وزیه له ته‌كساس ده‌ژی و یه‌كه‌م رۆمانی به ناوی (رێگای كاكێشان به‌سه‌ر سه‌رمانه‌وه‌یه
Above Us the Milky Way) تازه بڵاوبۆته‌وه. له‌م نووسینه‌دا باسی په‌یوه‌ندی نێوان وێنه و ده‌ق ده‌كات.
فوزیە کریمی
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
دایكم حیكایه‌تخوان بوو، حیكایه‌تخوانێكی زگماك، چیرۆك گێڕانه‌وه تێكه‌ڵی خوێنی ببوو. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه ئیشی نه‌بوو، خۆشی نه‌یده‌زانی ئه‌م توانایه‌ی هه‌یه، ته‌نیا ده‌یزانی عاشقی ئه‌م ئیشه‌یه. خه‌ڵكی له ده‌وری خۆی كۆنه‌ده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكیان بۆ بگێڕێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی چاخواردنه‌وه هه‌بوایه، دایكم رۆڵه جیاوازه‌كانی خۆی وه‌كو (دایك، هاوسه‌ر، كارمه‌ند، خانه‌خوێ) ده‌خسته‌لاوه و رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بینی: واته حیكاتخوانی یان چیرۆك گێڕانه‌وه. چیرۆك سه‌راپای وجودی داگیرده‌كرد، ده‌نگی، ده‌نگی ده‌دایه‌وه، چاوانی ته‌ڕ ده‌كرد و هه‌ناسه‌كانی قووڵ ده‌كرد. چیرۆك ئه‌وی گه‌وره ده‌كرد، ئه‌ویش چیرۆكی گه‌وره‌تر ده‌كرد. چیرۆكه‌كانی دایكم به‌سه‌رهاتی واقیعی بوون، ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی بینیبوونی و له‌گه‌ڵیاندا ژیابوو، چووبوونه قاڵبی ئه‌زموونی زیندووه‌وه. ئه‌و شتانه بوون كه گێڕانهوهشیان چێژبه‌خش بوو.
دایكم حیكایه‌تخوان بوو، به‌ڵام من نووسه‌ر و وێنه‌كێشی چیرۆكم. چیرۆكه‌كان به گه‌روومدا تێپه‌ڕ نابن، مه‌گه‌ر له كاتی خوێندنه‌وه‌دا، به‌ڵكو له‌سه‌ر په‌نجه‌كانمه‌وه دهتكێن. دایكم مرۆڤێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و بێ‌باك بوو، وه‌كو هه‌موو چیرۆكخوانه باشه‌كان، یه‌كسه‌ر چیرۆكی ده‌خوڵقاند، چیرۆكه‌كه له ده‌روونی و له پێچاوپێچه‌كانی ئه‌ندێشه و ده‌نگیدا فۆرمه‌ڵه ده‌بوو. گێڕانه‌وه‌كه‌ی فه‌زای پڕ ده‌كرد و هه‌موو كار وكاردانه‌وه‌كانی گوێگرانی له‌گه‌ڵ خۆیدا هاوئاهه‌نگ ده‌كرد.
به‌ڵام له‌لای من چیرۆكه‌كه له جێگایه‌كی قووڵتردا فۆرمه‌ڵه ده‌بێت، له جێگایه‌كدا له نێوان هه‌ست و نه‌ستدا، له‌و شوێنه‌دا كه ره‌مزه‌كان ده‌بنه وه‌سیله‌ی هه‌ست و نه‌ست. من به‌شێوه‌یه‌ك ده‌نووسم ده‌ڵێی چاوێكم كراوه‌ته‌وه و ئه‌وی ترم داخراوه، له‌سه‌ر مێزه‌كه‌م و له‌ناو بێده‌نگیی ژووره‌كه‌مدا ده‌نووسم. ئه‌گه‌ر پانزه كه‌س له ژووره‌كه‌دا بن، من شتێكم نییه بۆ وتن. ده‌ڵێی سه‌راپای وجودم له‌وێ نییه.
له‌وێوه كه من ئاسایی له‌ناو فه‌زای داخراو و بینادا ده‌ژیم، زۆر باش شاره‌زای قه‌باره و پێكهاته و تۆڕی وایه‌ری بینا و ئهپارتمانهكانم. له‌وه تێگه‌یشتووم كه تۆڕی وایه‌ری به‌ده‌نی من بۆ حیكایه‌تخوانیی دروست نه‌بووه به‌ڵكو بۆ چیرۆكنووسین دروست بووه. هه‌ڵبه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی ببینرێت. نه‌ستم یان زیهنی ناخودئاگام كه هێشتا خاو و ساده‌یه، زیاتر له رێگه‌ی وێنه‌وه په‌یوه‌ندی دروست ده‌كات، مناڵه‌كه‌ی یانی هه‌ستم یان زیهنی خودئاگام زیاتر له رێگه‌ی زمانه‌وه ئیش ده‌كات، له فه‌زای نێوان ئه‌م دوانه‌وه كه چیرۆكه‌كه‌م فۆرمه‌ڵه ده‌بێت، ئه‌وسا وێنه و زمان هاوكات پێكه‌وه ده‌رده‌كه‌ون.
له زیهنی مندا، هه‌میشه وێنه هاوشانی زمان بووه. چاوانم داده‌خه‌م و یه‌كسه‌ر چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌سه‌ر په‌رده‌ی پێڵووی چاوانم ده‌بینم. چه‌ند ساتێك پێش خه‌وتن، وێنه‌كان له‌سه‌ر په‌رده‌ی پێڵووی چاوم یاری ده‌كه‌ن. هه‌ندێكیان بێجووڵهن، هه‌ندێكیان ده‌جووڵێن، سه‌ره‌تا خێران، پاشان هێواش ده‌بنه‌وه، زۆر زوو وه‌كو مهعجوونێك، ده‌مخه‌نه ناو ناخودئاگاوه. پێش خه‌وتن، خه‌ون دێته سه‌رینم.
من هه‌ست به تۆڕی وایه‌ری ناوه‌كی به‌ده‌نی خۆم ده‌كه‌م. كاتێ بیست و چه‌ند ساڵێ بووم، هه‌موو پیت و ژماره‌كان، ره‌نگی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بوو. كاتێ لاو بووم له هاوڕێیه‌كم پرسی پیت و ژماره‌كان چ ره‌نگن، پاشان تێگه‌یشتم خه‌ڵكانی تر ئه‌و هه‌سته‌یان نییه. ئه‌و هه‌سته و ئه‌و هۆشیارییه كه سۆز و خۆشه‌ویستی شێوه‌ی هه‌یه و كه‌وچك و چنگاڵیش سۆز و خۆشه‌ویستییان هه‌یه له‌و شتانه بوون كه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا باسم نه‌ده‌كردن.
پاشان به دیارده‌ی (هه‌ستئامێزی) ئاشنا بووم كه له به‌شداری رێڕه‌وه‌كانی مێشكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ره‌مزه‌كان له مێشكدا ره‌نگ په‌یدا بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندی ره‌مزه له‌گه‌ڵ ره‌نگدا ورده ورده له مێشكمدا لاواز بوو. له‌وانه‌یه به‌هۆی هه‌وڵی خودئاگایی منه‌وه بووبێت یان به‌هۆی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نه‌وه، به وردی نازانم. به‌هه‌رحاڵ له كاتی نووسیندا وێنه‌كان خۆیان نیشانی من ده‌ده‌ن و ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مانا و پاڵنه‌ری بیرۆكه‌كانم بگوێزنه‌وه. زۆریان ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام زۆر جار ده‌ڵێی ناچارم بیانخه‌مه‌وه سه‌ر كاغه‌ز و له نێوان ئه‌و وێنانه و ده‌قی سه‌ر كاغه‌زه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ك دروست بكه‌م.
پیته‌كانی ئهلف و بێ له كاتی سه‌رهه‌ڵدانیاندا فۆرمی خۆیان له وێنه‌ی ده‌وربه‌رمان وه‌رگرت بۆنموونه: مانگا (A)، په‌رژین (H)، ئاو (W) ئێمه‌ی مرۆڤ ماوه‌یه‌كی زۆر پێش ئه‌وه‌ی ببین به نووسه‌ر، وێنه‌كێش بووین. له مناڵیدا پێش ئه‌وه‌ی فێری خوێندنه‌وه‌ی وشه‌كان بین، فێری خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌كان ده‌بین. پاش كتێبی وێنه‌دار، ده‌چینه سه‌ر (كتێبی ئه‌لفا-Alpha Book) و دواتر ده‌چینه سه‌ر كتێبی نووسراو. دواجار ده‌گه‌ینه خاڵێك كه وێنه‌كان له‌بیر ده‌كرێن و ته‌نیا ده‌قه‌كه ده‌مێنێته‌وه. هه‌میشه به‌لامه‌وه پرسیار بوو بۆچی ئه‌مه رووده‌دات؟ ئه‌م دوانه وه‌كو یه‌ك نین. نووسین له مێشكماندا ناتوانێت جێگه‌ی وێنه بگرێته‌وه، و وێنه‌ش ناتوانێت لاسایی ریتم و ناسكییه‌كانی زمان بكاته‌وه.
هه‌رچه‌نده ئێمه له رێگه‌ی چاوه‌وه هه‌ردووكیان وه‌رده‌گرین، له ناخی خۆماندا به هه‌ستی جیاواز وێنه و زمان وه‌رده‌گرین. ده‌ق و وێنه، هه‌ر یه‌كه‌یان یاسای خۆیان هه‌یه و بۆ -چیرۆك گێڕانه‌وه، فێركردن، ده‌ربڕینی ورده‌كاریی، ئیلهام به‌خشین، مانا به‌خشین و ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆز- میكانیزمی تایبه‌تی خۆیان به‌كارده‌هێنن. هه‌ڵبه‌ته به ئامانجی گه‌یشتن به بینه‌ر یان خوێنه‌ر. كه‌واته بۆچی له به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیدا هه‌ردووكیان به‌كارنه‌هێنین؟
كاتێ وێنه و نووسین، له‌سه‌ر لاپه‌ڕه له ته‌نیشت یه‌كه‌وه ده‌بن، به یارمه‌تی یه‌كتری شتێك ده‌خوڵقێنن كه هیچیان به‌ته‌نیا ناتوانن ئه‌وه بكه‌ن. ده‌ق به یارمه‌تی وێنه روون ده‌بێته‌وه یان ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام به یارمه‌تی وێنه ده‌توانین نووسینه‌كه رێك و جوانتر یان (پۆلیش) بكه‌ین. من به ئه‌نقه‌ست ئه‌م زاراوه‌یه‌م له هونه‌ری پۆلیشكردنی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه وه‌رگرت. هونه‌ری وێنهداركردنی كتێب، لایه‌نی جۆراو جۆری هه‌یه، لایه‌كی هونه‌ری وێنه‌كێشانه. من ساڵه‌ها وێنه‌كێشی ژینگه بووم و شاره‌زاییه‌كی باشم له‌م لایه‌نه‌ی ئیشه‌كه‌دا هه‌یه. ئیشی ئه‌م وێنانه ئه‌وه‌یه كه ده‌رسه نووسراوه‌كان شرۆڤه و روون ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یانكه‌ن به وێنه‌دار.
مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ئه‌م ئیشانه جوانییان تێدا نییه، یان به نیسبه‌ت ده‌قه‌كه‌وه پله دوون. به‌ڵام كاریگه‌ریی بنچینه‌یی ئه‌مه-كه وێنهداركردنه- چۆنێتییهكهی سنووردار ده‌كات. له‌و لای ئه‌م شه‌به‌نگه‌وه، ده‌قێكی پۆلیشكراو هه‌یه. له ده‌قێكی پۆلیشكراودا، وێنه زیاتر له‌وه‌ی كه ده‌ق وه‌سف ده‌كات (شتێكی جیاواز)یش نیشان ده‌دات. لێره‌دا زمان و وێنه، به یارمه‌تی میكانیزم و توانای خۆیان به شێوه‌یه‌ك باسی چیرۆكه‌كه ده‌كه‌ن كه ته‌واو تایبه‌ته به خۆیان.
له كتێبێكی پۆلیشكراودا، وێنه و ده‌ق پێكه‌وه زه‌ماوه‌ند ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فۆرمی سێیه‌م بخوڵقێنن-واته مناڵێكی دووڕه‌گ- كه هاوكات به راناوی هه‌ست و نه‌ست قسه ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیاندا په‌یوه‌ندی دروست ده‌كات. ئه‌م ئیشه ناوكه‌كه‌ی پڕتر و كامڵتره و له چه‌ند رێگایه‌كی جیاوازه‌وه سه‌رنجمان راده‌كێشێت.
بۆ نموونه له قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌ده‌بدا، وێنهكێشانهكانی (جۆرج كروكشانك) له چه‌ند به‌رهه‌مێكی چارلز دیكنزدا، له شه‌به‌نگی (وێنه‌كێشان) نزیكتره. ئه‌م وێنه كێشراوانه ئه‌و ئیشه نیشان ده‌ده‌ن كه له ده‌قه‌كه‌دا باسكراوه، هه‌ستی قۆشمه‌یی و دیكنز و ویژدانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن. وێنه‌ی مه‌عنه‌وی (كه‌ی نیڵسن) ده‌كه‌وێته ناو ئه‌م شه‌به‌نگه‌وه كه ده‌ق روون ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له رێی دروستكردن و سوود وه‌رگرتن له فه‌زاوه، فه‌زا و مانای ئه‌و چیرۆكانه فراوان ده‌كات كه وێنه‌یان بۆ كێشراوه.
له كۆتایی ئه‌م تارماییه‌دا، (ولیام بلیك) هه‌یه كه ناتوانین كتێبه‌كانی بۆ ده‌ق و وێنه دابه‌ش بكه‌ین، چونكه به‌هۆی به‌كارهێنانی چاپی كانزایی و ئه‌و عیرفانه‌ی له به‌رهه‌مه‌كانیدا هه‌یه، ده‌ق و وێنه به كرده‌وه یه‌ك شتن. له كتێبه‌كانی (بلیك)دا ده‌ق و وێنه به‌ڕاستی زه‌ماوه‌ند ده‌كه‌ن و ئه‌زموونێكی قووڵ فێری خوێنه‌ر ده‌كه‌ن.
له ده‌قێكی پۆلیشكراودا، ده‌ق له نێوان وێنه و دیمه‌نه سه‌یره‌كاندا قه‌تیس ده‌بێت و گفتوگۆیه‌كی زیندوو و گه‌رم و گوڕ و ته‌قریبه‌ن قابیلی بیستن له نێوان ئه‌م دوانه‌دا له رهوتدایه. ده‌ق و وێنه بۆ سه‌رنجڕاكێشان ركابه‌ری ده‌كه‌ن و ئه‌زموونێكی دڵفڕێن دروست ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌كی زۆر له هونه‌ری پۆلیشكردنی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ده‌ستیان هه‌بووه، ره‌گه‌زه‌كانی ئه‌م هونه‌ره یهكپارچهییهكی باشیان تێدایه. پۆلیشكارییهكانی ولیام بلیك كه به ته‌نیا خوڵقێنراون، هه‌رچه‌نده بچووكن، گه‌رموگوڕن. وێنه و ده‌ق تێكچرژاون و وێنه‌كێشانی ئاویی هه‌ردووكیان پێكه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه. هه‌ریه‌كه‌یان مانایه‌كیان هه‌یه، به‌ڵام پێكه‌وه گۆرانی ده‌ڵێن و مۆسیقا لێده‌ده‌ن. له كتێبه‌كانی كۆمیك (Comic)دا وێنه ده‌قی له خۆگرتووه و ده‌قیش وه‌ڵامێكی باشی وێنه ده‌داته‌وه، ئه‌م مامه‌ڵه هه‌میشه‌ییه‌ی نێوانیانه كه چیرۆكه‌كه به‌ره‌و لووتكه ده‌بات و جاریوایه خێراییه‌كی وای هه‌یه كه پیاو گێژ ده‌كات. ئه‌م هونه‌ره له كۆتاییدا، ده‌ق و وێنه له قاڵبێكدا ئاوێته ده‌كات- وه‌كو خۆشنووسی عه‌ره‌بی و چینی. ئه‌م هونه‌ره چۆنایهتییهكی بێسنووری هه‌یه و چه‌ند فۆرمێك له ئه‌ده‌ب ده‌خاته به‌رده‌ستمان كه پڕن له ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندی ژیان.
خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی وشه و وێنه‌كان- ئیتر له مێشكدا بێت یان له‌سه‌ر كاغه‌ز- جێگایه‌كه كه ره‌مزه‌كان رۆڵێكی دیاریان هه‌یه و توانای ده‌ربڕین په‌یدا ده‌كه‌ن. ئێمه به‌جۆرێك دروست بووین كه بتوانین هه‌م وێنه و هه‌م زمانه‌كه بخوێنینه‌وه و مانای هه‌ر یه‌كه‌شیان به‌جیا لێك بده‌ینه‌وه. ئه‌م دوانه پێكه‌وه ئیش ده‌كه‌ن، چ له كتێب و چ له ده‌روونماندا، گشتێك دروست ده‌كه‌ن كه له به‌شه‌كانی گرنگتره، گشتێك كه ته‌ڕو پاراوتر و پێگه‌یشتووتر و قووڵتره.
سه‌رچاوه: nebesht.com
116 جار بینراوە