سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەواڵنامەی ئەڵمانیا

هەواڵنامەی ئەڵمانیا

مێرکل خۆی کاندید ناکاتەوە

ئەمە 15 ساڵە وچوارەمین خولە (ئەنجێلا مێرکل) ڕاوێژکاری کۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵە، هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشاندا کەلە 21 ی ئەیلولی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێتەوە و ڕاوێژکاری نوێ دیاری بکرێت، هەرچەندە داوای لێدەکەن کە خۆی کاندیدبکاتەوە، بەڵام مێرکل بڕیاریداوە لەتەواوبونی خولەکەیدا وازلە پۆست وسیاسەت بێنێت ودابنیشێت.

توشبوانی کۆرۆنا ملیۆنێکیان تێپەڕاند
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 6 هەزار کەس توشی کۆرۆنابوون. ئێستاش لەبەرزترین ئاستیدایە و ڕۆژانە سەرو 20 هەزار کەس توشی کۆرۆنا دەبن و مردنیش زۆرە. ئێستا حکومەت ڕێکارەکانی خۆپارێزی توندترکردوەو کۆروکۆبونەوە نەماوە هەوڵی زۆریش لەئارادایە کە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە بنکەکانی دەرزی لێدان بکرێنەوە و تا هاوینی داهاتوو پەتاکە کۆنترۆڵ بکرێت.

داوادەکرێت چاودێری بخرێتە سەر پارتی AFD
زاسکیا ئەسکن سەرۆکی پارتی سۆسیالدیموکراتی ئەڵمانیاSPD داوای کردووە چاودێری زیاتر بخرێتەسەر پارتی جێگرەوە بۆئەڵمانیاAlternative Fr Deutschland ، چونکە ئەوانن کە توندڕەوی و نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستی بڵاو دەکەنەوەو بونەتە مەترسی بۆسەر ئایندەی وڵات، ئەو ژنە دەڵیت «چاودێری جموجۆڵی لایەن و گرووپە سیاسیەکان بەتایبەتی ئەوانەی گومانیان لەسەرە لەچوارچێوەی دەستور یاساییە».

ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشا بە تەلاری دیوانی ڕاوێژکاری
ڕۆژی چوارشەممە شوفێرێک بەئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی کێشا بەدەرگای تەلاری دیوانی ڕاوێژکاری و لەسەرلایەکی نوسرابوو» سیاسەتی عەولەمە بوەستێنن»، لەدیوەکەی تریش نوسرابوو» ئێوە منداڵ کوژو مەلعونن»، شوفێرەکە پیاوێکی کامڵی خاوەن پێدوایستی تایبەتە و لەساڵی 2014 ش بەهەمان ئەو ئۆتۆمبێلەوە جارێکی تر خۆی کێشاوە بەدیواری دائیرەی ئەمنی پاسەوانانی (ئەنجێلا مێرکل)ی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئەو ڕووداوە هیچ زیانێکی گیانی ومادی نەگەیاندوە.

هۆشداری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێکی تر دەدرێت
پێگەی gentside بڵاوی کردۆتەوە کە لەمڕۆژانە لە وڵاتی پۆلیڤیا ڤایرۆسێکی تری جیا لە کۆرۆنا، خەریکە بڵاودەبێتەوە بەناوی شاباری Chapare وسێ کەسیش پێی مردوون. هەمان سەرچاوە دەڵیت ئەو ڤایرۆسە لە مشک پەیدابووە و دەتوانێت لەیەکێک بۆ یەکێکی تر خۆی بگوازێتەوە. نیشانەکانی ڤایرۆسە نوێیەکە بریتین لە سەرئێشە و سک ئێشە و تاو پێست فڕیدان و نەزیفبوونی خوێن. ئەم ڤایرۆسە بەپلەی گەرمای بەرزو مادەکحولیەکان لەناودەچێت، شایانی باسە لە دانیمارکیش لەناو ئاژەڵی مینکدا جۆرە ڤایرۆسێکی تر بڵاوبۆتەوەولەبەر گوێزرانەوەی بۆ مرۆڤ هەزارن سەر لەو ئاژەڵە لەناوبران.

داوای لابردنی پاریزبەندی سەرۆکی حکومەتێک دەکرێت
داواکاری گشتی لەشاری ئیرفۆرت داوای کردوە کە مافی پارێزبەندی لەسەر (بۆدۆ رامیلۆف) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی تۆرینگن هەڵبگیرێت، چونکە لەچەند مانگێکی ڕابردوودا لەکۆبونەوەیەکی پەرلەمانی هەرێمەکەدا لەکاتی موناقەشەکردندا پەنجەی ناوەڕاستی بۆ پەرلەمانتارێکی پارتی ئەلتەرناتیڤ هەڵبڕێوە و جنێوی پێداوە و پێی وتوە « بۆناو تەنەکەی خۆڵ باشی» بۆ ئەمەش سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.

نازیە نوێکان کۆرۆنۆیان بۆخۆیان قۆستۆتەوە
نازیە نوێکان وگروپەڕادیکالی وپۆپۆلیستەکان کەلەمساڵانەی دواییدا گەشەیان کردوە هەوڵ دەدەن بەهۆی کۆرۆناوە دەنگی زیاتر بێنن وئەوە بەدەرفەت دەزانن کە رەخنە لەحکومەت وڕێکارەکانی خۆپارێزی وفشار خستنەسەر هاوڵات بۆ خۆیان بقۆزنەوەو سەرنجی خەڵک بۆ خۆیان ڕابکێشن، بەردەوام ناڕەزایی دەردەبڕن وخۆپیشاندان دەکەن ،نێوەندی سیاسیش هەمیشە لەگەڵیان دڕدۆنگەوفشاری زیاتریان دەخەنەسەر.

ژنان دەچنە ناو ئیدارەی کۆمپانیاکانەوە
هەرچەندە 100 ساڵ زیاتر ژنانی ئەڵمانیا چونەتە ناو پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەوە، بەڵام ئێستا زۆرێک لە کۆمپانیا و فابریکەکاندا ڕەگەزی ژن پۆستی باڵای نیە و تەنها پیاوان ئیدارەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی دەدەن. بۆیە پڕۆژەبڕیارێک ئامادەکراوە بەپێیەوە دەبێت لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هەر یەکێک لەو دامەزراوانەدا لە نێوان دوو پۆست بۆ پیاوان یەکێک بۆ ژنان بێت و ئەو پرۆژەیە خراوەتە بەرنامەی ئەم خولەی پەرلەمان و بڕیارە تا کۆتایی خولەکە دەنگی لەسەر بدرێت.

لقێکی گەورەی کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێل دەکرێتەوە
کۆمپانیای Teslaبۆ دروستکردنی ترومبێلی کارەبایی لەنزیک بەرلینی پایتەخت، لقێک دەکاتەوە و لەسەر ئاستی هەموو دونیا گەورەترین کۆمپانیا دەبێت. ئەمەش هەنگاویکە بۆ پاراستنی ژینگە، چونکە ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە ژینگە پیس ناکەن، پلانی ئەوەشیان هەیە لەچەند مانگێکدا نیو ملیۆنی لێ دروست بکەن.

 110 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*