سەرەکی » زانست » لە كۆتایی ئەمساڵدا مشتەریی و زوحەل دەبنە هەسارەیەكی دووسەرە

لە كۆتایی ئەمساڵدا مشتەریی و زوحەل دەبنە هەسارەیەكی دووسەرە

لە (٢١)ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا هەسارەكانی مشتەریی و زوحەل دیاردەیەكی گەردوونی ناوازە دروست دەكەن كە (٨٠٠) ساڵە نەبینراوە.

سەدان ساڵە هەردوو هەسارەی مشتەری و زوحەل زانایانی گەردوونناسییان سەرسامكردووە، بەڵام ئەم دوو گەورە هەسارەیە لە كۆتاییەكانی ئەمساڵدا دیاردەیەك دروست دەكەن كە لە چاخەكانی ناوەراستەوە نەبینراوە، بە پێی گەردوونناسان لە (٢١)ی مانگی داهاتوودا هەردوو هەسارەكە وەك هەسارەیەكی دوو سەرە دەردەكەون.

(پاتریك هارتیگان) زانای گەردوونناسی لە زانكۆی(رایس)ی ئەمریكا لەمبارەیەوە دەڵێت» ڕیزبوونی ئەو دوو هەسارەیە شتێكی زۆر دەگمەنە و هەربیست ساڵ جارێك ڕوودەدات، بەڵام ئەم جۆرە ڕیزبوونەیان بەلای یەكەوە زۆر دەگمەنترە، چونكە هەردوو هەسارەكە زۆر نزیك دەبنەوە لەیەك».

دوا نزیكبونەوەی ئەو دوو هەسارە زەبەلاحە لەیەكتر ڕیزبەستنیان لەسەر یەك هێڵ لە ساڵی (١٢٢٦) دا بووە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ لە ئێوارەی (٢١)ی كانوونی یەكەمدا و دوای خۆرئاوابوون ببینرێت، ئەو رێكەوتەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵگەرانەوەی زستانە لە نیوەگۆی باكوور.

گەردونناسان دەڵێن»ئەوانەی بەتەلسكۆب چاودێریی هەسارەكان دەكەن دەتوانن لە شەوی (٢١)ی مانگی داهاتوودا بەڕوونی دیاردەكە ببینن، كە بۆخۆی ڕووداوێكی گرنگ و دەگمەنە، بۆ ئەوانەش زۆر سەرنج ڕاكێشە كە بایەخ بە وێنەگرتنی تەنە ئاسمانیەكان دەدەن.

ئەوان دەڵین» هەرچەندە هەموو دانیشتوانی جیهان لە هەر شوێنێك بن دەتوانن ئەو دیاردەیە ببینن، بەڵام دانیشتوانی نیوە گۆی باكور ماوەیەكی درێژتر دیاردەكە دەبینن.

هەندێك لەو زانایانە هۆشداری دەدەنە ئارەزوومەندانی دیاردە گەردوونییەكان كە ئەو هەلە لەدەست خۆیان نەدەن، چونكە تا ساڵی (٢٠٨٠) دیاردەی وا دووبارە نابێتەوە.

سەرچاوە: سپۆتنیك

 320 جار بینراوە