سەرەکی » وتار » ژن و رۆڵی لە دوای کۆنگرە!

ژن و رۆڵی لە دوای کۆنگرە!

فەهیمە سابیر*

بابەتی بەشداری ژن لە بڕیاری سیاسی بابەتێکە زۆری لەسەر وتراوە، جێگای سەرنجی چالاکوانانی سۆسیالیستی و بواری دیموکراسی و مافی مرۆڤ و هاولاتی بوونە، بە تایبەتی ئەمرۆ جوڵانەوە و تەڤگەرە سیاسیەکان بەشی زۆری دونیای گرتۆتەوە، لە ئەوروپاوە تا ئەمریکا و رۆژهەلاتی ناوەراست و بگرە تەواو دونیا، کە پێویست دەکا هەموو تواناکانی مرۆڤ و لەگەڵیدا ژنیش رۆڵ ببینێت، لە کاتێکدا لە رابردوو لەو ململانێیە سیاسیانە ژن پەراوێز خراوە، بەهۆی ئەوە باجی زۆری داوە.

سۆسیال دیموکراتەکان بەشداری ژن لە کاری ناو کۆمەڵگە خاڵی دەستپێک و مەرجی رزگاری سیاسی و یاسایی و رەگەزی ژن دادەنێن، یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک بزوتنەوەیەکی سۆسیال دیموکرات، هەر لە زووەوە هەوڵی بە رێکخستنکردنی ژنانی داوە، لە دوا کۆنگرەش دەرفەتی زیاتری بە ژن داوە لە دامەزراوە جیاجیاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەشداربن، هاوبەش بن لە بریاری سیاسی، بەمەش رۆڵ و کاریگەری و پێگەی ژنان بۆ ئەوەی بەرگری و شەری مافەکانی ژنان بکەن بەهێزتر بووە، لێرەوە ژنان لە ئۆرگانە جیاجیاکانی یەکێتی دەتوانن زیاتر داکۆکی و کار بۆ یەکسانی جێندەری و مافی ژنان و یەکسانی پیاو و ژن لە ئەرک و مافەکانیان بکەن، ئەو کەلتورە یەکسانیە پەرەپێبدەن، کار بۆ کۆمەلێک پرۆژە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژن و پشت بەخۆبەستن بدەن، ئەمە سەرەرای ئەوەی لە رابردوو یەکێتی دەستپێشخەر بووە بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمان و هاندان و رێگەخۆشکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک لە رێکخراوی مەدەنی بۆ پارێزگاری کردن لەو ژنانەی پێویستیان بە هاوکاریە و ڕوو بەڕوو بوونەوەی دیاردە دزێوەکان کە پەیوەندی بە کۆنەپارێزی و میراتی دواکەوتوی ناو کۆمەڵگە هەیە.

کلارا زیتکینا یەکێکە لە خەباتکەرانی بزوتنەوەی سیاسی ژنان کە هێزی ئیرادەی ژنان بە سەرەکی دەبینێ، لە رێکخستنی ژنان و ئازادبوونی کەسایەتی ژن وەک مەرجی لە پێشینە بۆ هاتنە خەباتی سیاسی پیشەیی گرنگە، شێوازی بە رێکخستنکردن و پەروەردەی سیاسی توانای بە ژن بەخشیوە بۆ ئەوەی دەنگی لە سەندیکا و کۆبونەوەی سیاسی ئەو پارتەی کاری تێدا دەکات تاکو دەنگی تێدا بیستراوبێت.

چینە چەوساوەکان و ژنان دەبێ لەو راستیە تێبگەن رزگاربوونیان تەنها بە توانا و هێز و ماندوبوونی خۆیان دێتە دی، ژن لەو خەباتەی هاوپەیمانی لە ناو ئەو پیاوانە کە کاریگەریان هەیە بۆ دروست دەبێ، هەروەک چۆن چەوساوەکان هاوپەیمانی لە ناو فەیلەسوف و هونەرمەندان و شاعیران بۆ دروست دەبێت.

ئەلیکسێندرا کۆلۆنتای چالاکوانی سۆسیالیستی دەڵێت» لە کۆمەلگەی سەرەتایی ژن پێگەی بەهێز بووە چونکە لە بەرهەمهێنان رۆڵی هەبووە، بەڵام دواتر کە پیاوان هەموو کارەکانی بەرهەمهێنانیان گرتە ئەستۆ، کۆمەڵگە چیتر بە پێویستی نەزانیوە ژن یەکسان بێ بە پیاو، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ئامادەیی هەبێت گرنگی تایبەتی بە ژن بدات، دەبێ ژن بە تەواوی وەکو پیاو کاری کۆمەلایەتی بە سود ئەنجام بدات» بۆیە ئامانجی بزوتنەوەی ژنان کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کاری بۆ کردوە و هەوڵی چەسپاندنی داوە هەر لە سەرەتاوە مافی کارکردن بووە کە ژنان خەباتیان کردوە بۆ بوونە ئەندامی سەندیکا و کرێی یەکسان و پارستنی کاری ژن و دایکایەتی .

چەوسانەوەی ژن بە تەنها بەس نیە بۆ خەباتکردن و رزگاربوون، کۆتکردنی ژن لە نێوان چوار دیوار زۆر جار ژن ملکەچ و بێ توانا دەکات تەنها لەو کاتەی ژن کار دەکا و دەبێتە هێزێکی کۆمەلایەتی متمانە پەیدا دەکات کە دەتوانێت خەبات دژی چەوسانەوەی خۆی وەک ژن بکات، بۆیە گرنگە ژن رزگاری بێ لە گۆشەگیری و بێتە بواری بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، لە مێژووی شۆرشی فەرەنسا ژنان گەورەترین خۆپیشاندانیان بە ناونیشانی خۆپیشاندانی نان بۆ کۆشکی ڤێرسای لە 5ی ئۆکتۆبەر رێکخست، کە داوای نانیان دەکرد و پاسەوانەکانی کۆشکیان چەک کرد چەکەکانیان دایە دەست ئەو پیاوانەی بە دوایانەوە بوون لە خۆپیشاندانەکە لەکۆمۆنەی پاریس لە ساڵی 1871 ژنان لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری بوون و ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە رێکخستنی سەربازەکان و نزیک کردنەوەیان لە شۆرش بۆیە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کار لە سەر بیناکرنی کۆمەڵگەیەک دەکا کە ژنان ئازاد و دەرفەتی کاری یەکسانیان هەبێت، لە مێژە وە وتراوە ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادی ژنەوە بە ستراوەتەوە.

*بەرپرسی بۆردی توێژینەوەو رووناکبیری

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*