سەرەکی » وەرزش » جیهان بۆت دەگری

جیهان بۆت دەگری

سەرەتای ژیانی مارادۆنا
ناوی تەواوی دییگۆ ئارماندۆ مارادۆنایە، رۆژی 30/10/1960 لە نەخۆشخانەی پۆلیكلینیكۆی ناوچەی لانۆس لە هەرێمی بۆینس ئایریس لەدایكبووە، خێزانەكەی لەبەر هەژاری شوێنی خۆیان جێهێشتووەو هاتوونەتە ئەم هەرێمە.

مارادۆنا چوار خوشك و دوو برای هەبوو، دووبراكەی لەخۆی بچووكتر بوون و ئەوانیش یاریزانی تۆپی پێ بوون، ئەو هەر لەمنداڵییەوە خولیای وەرزش و یاریی تۆپی پێ بووە و بەهرەیەكی زۆری هەبووە.

مارادۆنا كاتێك لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكانی شارەكەی خۆی یاریی بەتۆپ دەكرد، لەتەمەنی 12 ساڵیدا بانگ كراوە بۆ تیپی منداڵانی ئەسترێلا رۆغا لە ناوچەكەی خۆی، ئەوانەی بەشوێن یاریزانی منداڵی بەهرەمەنددا دەگەڕان و مارادۆنا لەو تیپە دەبینن، بانگی دەكەن بۆ تیپی لۆس سیبۆلیتاس كە تیپێكی تازە پێگەیشتووان بووە.

ئیتر تادەهات لێهاتوویی و تواناكانی ئەم یاریزانە زیاتر دەردەكەوتن، رۆژی 20/10/1976 ئەو رۆژە گرنگەی ژیانی بوو كاتێك كاروانی یارییكردنی ئیحتیرافی دەستیپێكرد و بوو بە یاریزانی یانەی ئەرجەنتینۆس جونیۆرس.

تا ساڵی 1981 لەو یانەیە مایەوە، دواتر چووە یانەی بوكا جونیۆرس، ساڵێکیش لەم یانەیە مایەوە و تا دەستپێكردنی مۆندیالی 1982 لە ئیسپانیا هەر لەو یانەیە یاریی دەكرد.

مۆندیال و یانەی بارسیلۆنا
پاش ئەوەی لە مۆندیالی 1982 بەشداریی كرد و وەك یاریزانێكی نێودەوڵەتی بینرا، مۆندیالی ئیسپانیا زیاتر ئەم یاریزانەی بەجیهان ناساند، بەجۆرێك هەر دوای تەواو بوونی یارییەكانی ئەو مۆندیالە، یانەی بارسیلۆنا وەك دیارترین یانەی ئەو سەردەمەی ئەوروپا و جیهان، بۆندێكی گرانبەهای پێشكەش كردوو بردیە ریزەكانی خۆی و دوو وەرز بۆ ئەم یانەیە یاریی كرد.

بۆندەكەی مارادۆنا لەگەڵ یانەی بارسیلۆنا لەو سەردەمەدا گرانترین بۆند بوو، بڕەكەی 5 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی بوو، ئەو بڕە پارەیە بووبە ریكۆردی گرانترین بۆندی ئەو سەردەمە و راهێنەری ئەوكاتەی بارسیلۆناش سیزار مینۆتی ئەرجەنتینی بوو.

ئەو دوو ساڵە لە بارسا تەنیا دوو جامی بەرز كردەوە، یەكەمیان جامی شای ئیسپانیا بوو پاش بردنەوەیان لە ریاڵ مەدرید، جامی دووەمیش جامی سوپەری ئسپانیا بووە كە لەیارییەكەدا لە بیلباویان بردەوە.

ناپۆلی
لەبارسیلۆنا پێكان و نەخۆشی بەرۆكی مارادۆنایان گرت و وەك مارادۆنا ناسراوەكە نەبینرا، تەنانەت ئیدارەی یانەكەش رەخنەی ئەوەیان لێی هەبوو كە ئەو هێندەی گرانی بۆندەكەی دەستكەوتی بۆ یانەكە نەبووە، بۆیە كاتێك یانەی ناپۆلی بۆندێكی پێشكەش دەكەن، مارادۆناو یانەی بارساش پێی قایل دەبن و ساڵی 1984 دەچێتە یانە ئیتالییەكە.

ئیتر لەناپۆلی مارادۆنایەكی تر بینرا، گەیشتە لووتكەی ئاستی هونەری خۆی، ئەو ئاستەش وایكرد مارادۆنا ببێتە خۆشەویستترین یاریزانی هاندەرانی ناپۆلی.

دووجار نازناوی پاڵەوانی بۆ یانەكە بردەوە ئەویش لە وەرزەکانی 1986-1987 و 1989-1990 دا، دوو جاریش دووەمی ئەو خولە بووە، 1987 جامی ئیتالیاشان بەرز كردەوە، ساڵێكیش دووەمی ئەم خولە بوون، ساڵی 1989 جامی یەكێتیی ئەوروپاشیان بەرز كردەوە.

لەئیتالیا مارادۆنا توشی كێشەی خواردنی مادە هۆشبەرەكان بوو، باسی ئەوەش دەكرا پەیوەندی لەگەڵ چەتەکانی مافیادا بەتایبەتی كامۆرادا هەبووە، جگەلەوەش تۆمەتی منداڵی نا شەرعی درایە پاڵ، پاش ئەوەی دەركەوت كە مادەی كۆكاینی بەكار هێناوە 15 مانگ سزای راگرتنی لەیارییكردن بەسەردا سەپێنرا، كاتێك سزاكەی تەواو دەبێت هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و سیڤییا بۆندێكی پێشكەش دەكەن و ئەو سیڤییا هەڵدەبژێرێت و ساڵی 1992 یاریی بۆ ئەو یانەیە دەكات، ساڵی دواتر دەگەڕیتەوە ئەرجەنتین و یاریی بۆ نیو ئۆڵد بۆیز دەكات، دواتر دەچێتە یانەی بوكا جونیۆرز تا ساڵی 1995 لەم یانەیە دەمێنێتەوە، ساڵی 2001 یش بەرەسمی واز لەیارییكردن دەهێنێت.

مۆندیال و مارادۆنا
مارادۆنا بەشداریی چوار مۆندیالی كردووە، یەكەمیان مۆندیالی 1982 – ئیسپانیا بووە، لەم مۆندیالەدا نەیتوانیوە جامی مۆندیال بەرز بكاتەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە دووەم جەولەی یارییەكاندا و لە یاریی بەرازیلدا بەكارتی سور كراوەتە دەرەوە.

مۆندیالی مەکسیک- 1986 لووتكەی دەستكەوت و ناو و نابانگی مارادۆنا بووە بەوەی جامی مۆنیالی وەك كاپتنی ئەرجەنتین بەرز كردەوە، هەرلەم مۆندیالەدا هەموو جیهان گۆڵە دەستەكەی ئەم ئەفسانەیە لەیاد ناكەن كە لە قۆناغی چارەكی كۆتاییدا لە ئینگلتەرای كردو بەو گۆڵەش بۆ یاریی نیوەی كۆتایی سەركەوتن و ئەم یارییەشیان لە بەلجیكییەكان بردەوەو بۆ یاریی كۆتایی سەركەوتن و جامی مۆندیالەكەشیان 3-2 لە ئەڵمانیا بردەوەو جامەكیان بردەوە بۆ ئەرجەنتین.

مارادۆنا لە دەستەكانی خودا دا
ئەمەی سەرەوە مانشێتی رۆژنامەی زەسەنی بەریتانییە بۆ كۆچی دوایی مارادۆنا، ئەمەش یەك مانای هەیە ئەویش ئەوەیە بەریتانییەكان و بە تایبەتیش هەوادارانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەرگیز ئەو گۆڵەیان لەیاد ناچێت كە بەدەست لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرای كرد.

مۆندیالی ئیتالیا- 1990 مۆندیالی سێیەم بوو ئەم یاریزانە بەشداریی تیادا بكات، تا یاریی كۆتاییش رۆیشتن، بەڵام لەیاریی كۆتاییدا 0-1 بە ئەڵمانیا دۆڕان و بەو پەنالتییەی لە دەقیقەی 85 ی یارییەكەدا كە گومانی لەسەر بوو بە ئەڵمانیا دۆڕان.

دوا مۆندیالی مارادۆنا
مۆندیالی ئەمریکا- 1994 مۆندیالی خۆرئاوابوونی ئەستێرەی ئەم ئەفسانەیە بوو لە مێژووی مۆندیالەكاندا، لەم مۆندیالەدا پاش پشكنینە لابورییەكان دەركەوت كە مادەی قەدەغەکراوی بەكار هێناوە.

مارادۆنا ئەوەی رەتكردەوە كە مادەی لەوجۆرەی خواردبێت، تاوانەكەی خستە ئەستۆی راهێنەرەكەی بەوەی كاتێك ئەو خواردنەوانەی تەواو دەبن كەلە ئەرجەنتینەوە هێنابوونی، لەئەمریكا خواردنەوەی تر دەكڕن بۆی و نەیانزانیوە مادەی قەدەغە كراوی تیادایە و مارادۆناش بەبێ مەبەست بەكاری هێناوە.

مارادۆنا لەم مۆندیالەدا دوو یاریی كرد، گۆڵێكیشی كرد، دواتر پاش ئەوەی سەلمێنرا كە مادەی قەغەكراوی بەكارهێناوە، گەڕێنرایەوە ئەرجەنتین، ئیتر بەمشێوەیە پاش 17 ساڵ بەردەوامی لەگەڵ تانگۆ، کۆتایی بە یارییە نێودەوڵەتییكانی و بەشدارییكردنەكانی لەمۆندیالدا هات كە 91 یاریی بوون و 34 گۆڵیشی تیادا كردوون.

بەكورتی
كاتێك هەواڵی كۆچی دوایی ئەم ئەفسانەیە بڵاو بۆوە سەرجەم جیهان ماتەمی گێڕا، كەسایەتییە جیهانییەكان، یاریزانەجیهانییەكان، رۆژنامەو كەناڵە راگەیاندنەكانی جیهان، خەمبارییان راگەیاند، بەكۆستێكی گەورە ناویان برد، كورتەی ئەو كاردانەوانە ئەمانەی خوارەوەن:

* لە ئەرجەنتین سێ رۆژ ماتەمینی رەسمی راگەینرا.

*زۆربەی هەرە زۆری یاریزانە ناودارەكانی جیهان لەنێویاندا بەرازیلییەكان كە بە ركابەری سەرسەختی ئەرجەنتینیەكان دادەنرێن، پرسەو هاو خەمی خۆیان راگەیاند، لەنێویاندا پیلییەی ئەفسانە كە بۆ كۆچەكەی ووتی: ماڵئاوا مارادۆنا لە ئاسمان یەكدەگرینەوە.

*لە یاریگاكانی ئەوروپا و جیهانیش تا ئەم ساتەش هەرچی یارییەك دەکرێت، بەر لەدەستپێكردنی یارییەكان دەقیقەیەك بەبێدەنگی بۆ گیانی مارادۆنا دەوەستن.

*یانەی بارسیلۆنا یەكەم یانە بوو كە ئاڵای یانەی داگرت و ماتەمینی یانەكەی بۆ كۆچی مارادۆنا راگەیاند.

* ئەمانەی خوارەوە چەند مانشێتێكی رۆژنامەكانی جیهانە بۆ کۆچی مارادۆنا: *گلۆبۆ سپۆرتی بەرازیل(ماڵئاوا ئەی ئەفسانە)، ئۆگلۆبۆی بەرازیل (ماراۆنای ئەفسانە لەتەمەنی 60 ساڵیدا ماڵئاوایی كرد)، بیڵدی ئەڵمانی (یاریزانە زێڕینەكەی ئەرجەنتین ماڵئاوایی كرد).

*شاری ناپۆلی دیارترین ئەو شارانەی ئەوروپایە كە ئەم كۆچی دواییەیان بەرز راگرت، هاندەرانی یانەی ناپۆلی بەچەندین شێوازی جۆراو جۆر ماتەمینی خۆیان دەربڕی و چەندین گردبوونەوەی ماتەمینی رێكخرا.

*هەر یانەی ناپۆلی ئێستا بیر لەوە دەكاتەوە كە ناوی (سان پاوڵۆ)ی یاریگای یانەكەیان بگۆڕن بە (دییگۆ مارادۆنا).

مارادۆنا وەك راهێنەر
ئەم ئەفسانەیەی تۆپی پێی هەرچەندە لە یارییكردن و لاكێشە سەوزەكانی جیهاندا هەموو جیهانی بە یارییكردن و جوڵەی جوان و گۆڵی سەرنج راكێش سەرسام كردبوو، بەڵام كاتێك درێسی یارییكردن بۆ دواجار دادەكەنێت، روودەكاتە جیهانی راهێنان، بەڵام نەیتوانی لەمدا وەك یارییكردنەکەی سەركەوتوو بێت.

ئەو ساڵی 1994 لە یانەیەكی ئەرجنیتنەوە بە ناوی رۆساریۆ سێنتراڵ راهێنان دەستپێدەكات، بەڵام نەیتوانی سەركەوتوو بێت و تەنیا دوو مانگ توانی بەردەوام بێت ئەوەش بەهۆی ئەنجامە خراپەكانییەوە.

دواتریش ساڵی 1995 یانەیەكی تری وڵاتەكەی ئەو ئەركەی پێدەسپێرن ئەویش راسینگ كلوپ بوو، لەمەشدا زۆر بەردەوام نەبووە و زوو وازیهێناوە.

2008 ئەركی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین وەردەگرێت، بەڵام كۆتاییەكەی كە مۆندیالی 2010 ی ئەفریقای باشوور بوو، دۆڕاندنە سەختەكەی بە ئەڵمانیا 0-4 و كرانە دەرەوەی ئەرجەنتین، خاڵێكی رەشی تری مارادۆنا بوو لەژیانی راهێنەرییداو لەم ئەرکەش دورخرایەوە.

پاشان ئیمارات هەڵدەبژێرێت و لەم وڵاتەش دوو ئەزموونی خراپی هەبووە لەگەڵ یانەكانی وەسڵ – 2011 و فوجێرە 2017 -دا و لەهیچیاندا سەركەوتوو نەبووە و دوورخراوەتەوە.

دواجار دەگەڕێتەوە كیشوەری ئەمریكای لاتین و لەمەكسیك لەگەڵ یانەی دواردۆس سیناولا دەبێتە راهێنەر، لێرەش هەرچەند ئەنجامەكانی زۆر خراپ نەبوون بەڵام تەنیا ساڵێك مایەوەو 2019 وازیهێنا، دوا وێستگەی یانەی جیمانستیكا لاپلاتا بووەو لێرەش کەم مایەوە و دواتر بەیەكجاری وازیهێناوە.

بەخاك سپارندنەكەی
پەتای كۆرۆنا رێگەی نەدا بەخاك سپاردنی مارادۆنا ببێتە بەخاك سپاردنێكی شایستە بە ناوو ناوبانگەكەی، بۆیە لیژنەی بەخاك سپاردن تەنیا رێگەیان بەكەس و كاریدا لە مەراسیمەكەدا ئامادەبن و نەهێڵرا كەسی تر بەشداریی بكات، چونكە ئەگەر مەراسیمەکە لەکاتی ئاساییدا بوایە ئەوا دەبووە مەراسیمێكی جیهانی.

پاش ئەوەی مارادۆنا لە ماڵەوە گیان لەدەستدەدات، دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە و لەوێ مردنەكەی تۆمار دەكرێت، دواتر دەخرێتە تابوتێكی تایبەت و دەبرێتە كۆشكی سەرۆكایەتی ئەرجنتین لە(كاسا رۆسادا) و لەوێوە بەڕێدەكرێت بۆ گۆڕستانی (گاردن دی بیلاڤیستا) ی شاری بۆینس ئایرس و لەتەنیشت گۆڕی باوك و دایكی بەخاك سپێردرا.

 

 56 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*