سەرەکی » مانشێت » بافڵ تاڵەبانی: سیاسەتی یەكێتی یەك سیاسەتە

״بۆ هەر كۆبوونەوە و بارودۆخێك، هەموو مەكتەبی سیاسی ‌و سەركردایــەتی ئاگادار دەبێت و بەرنامەكانیش پێكەوە دادەنرێن״

بافڵ تاڵەبانی: سیاسەتی یەكێتی یەك سیاسەتە

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا، رایگەیاند: سیاسەتی یەكێتی یەك سیاسەتە. وتیشی: پێویستە هەموو حزبەكانی كوردستان كاربكەن بۆ ئارامكردنەوەی ئەم دۆخە، بەڕاستی ئەوە كێشەیە مووچە نادرێت، دەبێ بۆ ئەوە كاربكەین، ئەمنیەتی خەڵك گرنگە لای ئێمە، دەبێ كاربكەین بۆ چاكسازیی و هەموو ئەو كێشانەی هەیە، ئێمە باوەڕمان بە بەرنامەیەكی چاكسازیی قووڵتر و باشترە لەوەی ئێستا لە حكومەت دەیبینین، ئاماژەی بەوەشدا «دووئیدارەیی نە لە بەرنامەی یەكێتی-دایەو نە بەرنامەیەكی دروستیشە».

تا كۆتایی ئەمساڵ چاوەڕێی شتی باش دەكەم
سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە لە دواهەمین كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتی ئاماژە بەوە كراوە كە بەر لە كۆتایی ساڵ وەك یەكێتی بڕیاری كۆتایی دەبێت لەبارەی حكومەت لەبارەی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی، رایگەیاند: نەخێر ئەوە هەڕەشە نییە لە كەس، لەوانەیە شتێك ببیستنەوە، رەنگە شتێكی باش بێت، چاوەڕێ بكەن، ئێمە بەرنامەیەكمان هەیە لەگەڵ هەموو حزبەكانی كوردستان، لەم دانیشتنەدا كەمێك لەو بەرنامەیەتان بۆ رووندەكەمەوە، یەكێك لە شتەكانی كە هەمانە ئەو دانیشتنانەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوومانە، بەڕاستی من تا كۆتایی ساڵەكە چاوەڕێی شتی باش دەكەم، چاوەڕێی شتی خراپ ناكەم، بەڵام ئێمەش دەبێ بەرنامەی خۆمانمان هەبێت، چەند شتێك هەیە لەنێوانماندا هێشتا جێبەجێ نەبووە، چاوەڕێ دەكەین بەزووترین كات ئەو شتانە جێبەجێ ببن، تا بتوانین باشتر ئیشەكانی خۆمان بكەین، من بە هیچ جۆرێك ئەوە بە تەهدید نابینم، بەڵام بەڕاستی یەكێتیش و هەموو حزبەكانی كوردستانیش، دەبێ بەرنامەی خۆیانیان هەبێت، هەموومان دەزانین كە دەمانەوێت كوردستان بۆ كوێ بڕوات، ئێمەش بۆ ئەوە ئیش دەكەین بەڕاستی.

بەرنامەو دیدگای یەكێتی یەك بەرنامەیە
لەوەڵامی پرسیاری كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی، كە چەند جارێك هەوڵدراوە بكرێت، بەڵام نەكراوە، هاوسەرۆكی یەكێتی، وتی: ئەوە سەبەبەكەی منم، ئێمە لیژنەیەكمان هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەم جارە چووبووینە خزمەتی كاك نێچیرڤان، ئێمە پێمان باشتر بوو ئەو لیژنەیە تۆزێك ئیشەكانی خۆی جێبەجێ بكات، كە ئیشەكانی لیژنەكە جێبەجێ بوون و زیاتر چووینە پێشەوە، ئەو كاتە بەسەرچاو زۆر زۆر پێمانباشە ئێمەش لە چ ئاستێكدا كۆبینەوە لەگەڵ پارتی، ئامادەین. وتیشی: بەرنامەو دیدگای یەكێتی بەرامبەر پارتی، یەك بەرنامەیە، مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، دەنگیان پێداوەو بڕیاری هاوسەرۆكانە، بۆ هەر كۆبوونەوەو بارودۆخێكیش، هەموو مەكتەبی سیاسی ‌و سەركردایەتی ئاگاداردەبێت و بەرنامەكانیش پێكەوە دادەنرێت، بۆ دوا كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسیمان كرد، لیژنەیەكمان دروستكرد، كە هاوسەرۆكانی تێدابوو، بەرنامەی خۆمان دانا كە چی باس دەكەین و چی باس ناكەین، خەتە سوورەكانمان لەكوێیەو لەكوێ نییە، لەكوێ تەنازول دەكەین و لەكوێ تەنازول ناكەین، هەر كاتێكیش لیژنەیەك پێكدەهێنرێت هەمووان لێی ئاگادارن و لیژنەكەش دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ هەر بڕیارێك، كە ئەو دەسەڵاتەش بۆ تیمی یەكێتی لە حكومەت و لە پەرلەمانی كوردستان و لە هەموو ناوەندەكاندا هەر بەوشێوەیەیە.

سیاسەتی یەكێتی یەك سیاسەتە
ئەوەشی خستەڕوو كە سیاسەتی یەكێتی یەك سیاسەتە، ئەوەی كە من دەچم لەگەڵ پارتی دادەنیشم، ئەو مەلەفە لای منە، ئەگەر سەرنجیش بدرێت دانیشتنەكان لەگەڵ گۆڕان، زۆربەی جار كاك لاهور؛ دەیكات، ئەمە شتێكی زۆر ئاساییە، ئەمە ئیش دابەشكردنە لەناو خۆماندا، هەر جارێكیش كە تیمێكی یەكێتی دەچێت بۆ لای حزبێكی تر، هاوسەرۆكان، مەكتەبی سیاسی و كارگێڕی مەكتەبی سیاسی كۆدەبێتەوەو بەرنامە دادەنێت، خەتی سوور دادەنێت، خاڵەكانی مفاوەزات دادەنرێت، من لیژنەیەكم لەگەڵدایە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، من چوار جار چووم بۆ لای پارتی، پێنجەمین جار من بڕۆم باشترە، یان هەڤاڵێكی تر كە رەنگە ئاگاداری چوار دانیشتنەكەی دیكە نەبووبێت، ئەوەش ئیشوكاری حزبیی خۆمانە.

پێویستە هەموو حزبەكانی كوردستان كاربكەن بۆ ئارامكردنەوەی ئەم دۆخە
بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان و گوزەرانی خەڵك و مووچەخۆران و كێشە و قەیرانەكانی ئەمڕۆی ناوچەكە بەگشتی، تەوەرێكی دیدارەكە بوو، لەوبارەیەوە، بافڵ تاڵەبانی، باسی لەوە كرد بەڕاستی پێویستەو دەبێت هەموو حزبەكانی كوردستان كاربكەن بۆ ئارامكردنەوەی ئەم دۆخە، بەڕاستی ئەوە كێشەیە مووچە نادرێت، دەبێ بۆ ئەوە كاربكەین، ئەمنیەتی خەڵك گرنگە لای ئێمە، دەبێ كاربكەین بۆ چاكسازیی و هەموو ئەو كێشانەی هەیە، ئێمە باوەڕمان بەبەرنامەیەكی چاكسازییە قوڵترو باشتر لەوەی ئێستا لە حكومەت دەیبینین، دڵنیام ئەگەر هەموو لایەنەكانی كوردستان، كێشە شەخسییەكانی خۆیان لابدەن و دابنیشین پێكەوەو بەڕاستی كاربكەین لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان، ئەمەم زۆر پێباشترە لەوەی ئەم بارودۆخە بكەین بە بیانوویەك تا سیاسییەن گۆڵ لە یەكتری بكەین، یان خوانەكردە شتێكی تر بكەین بەرامبەر یەكتری، بەڕاستی كاتی ئەوە هاتووە، واز لەو شتانە بهێنین، حزبەكانی كوردستان زۆربەیان پێویست دەكات بێن دانیشن و بەرنامە دابنێین و پشتیوانی یەكتری بین، ئەوەی ئێستاش دەگوزەرێت ئەوەیە بارودۆخەكە بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەوە لەهەموو عیراقدا وایە، ئاشكراشە چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و مووچە لەم كاتەدا لای بەغدایە، ئەوەی كوردستان بەدەستییەوەیەتی لە نەوت و بازرگانی، هەروەها ئەو داتایانەشی من بینیومن، ئەوە نییە مووچەی پێ دابینبكرێت، بۆیە پێویست دەكات حكومەت كارەكانی خۆی بكات زیاتر لەهەنگاوەكانیدا بچێتە پێشەوە، با ئێمە زۆر چاوەڕێی ئەوان نەكەین، با خۆمان لە بەغدا بین و هەموو رۆژێك بێین و بڕۆین و لەپەیوەندیدابین لەگەڵیاندا، چونكە وا بەردەوام نابێت و ناتوانرێت وا بەردەوام بێت، لایەنە سیاسییەكان پێویستە بەرنامەیان هەبێت و هەمووانیش پێكەوە بەرنامەیان هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەمڕۆ و دەرچوون لە قەیرانەكان، بۆ ئەو مەبەستەش باسی كۆبوونەوەی سێقۆڵیی پارتی، یەكێتی و گۆڕان كراوە و لەبەرنامەدایە، تا راشكاوانەو ئاشكرا دەستبخرێتە سەر كێشەكان بۆ چۆنێتی چارەسەركردنیان بەشێوەیەكی جددییانەو دڵنیاشم دەكرێت. ئەو چاكسازییانەشی باس دەكرێن پێویستە بەشێوەیەك بن حكومەت بەرنامەی هەبێت، پێداچوونەوە بكات بەهەموو ئەو گرێبەستانەی كراون هەر لە ناردنی نەوت بە بۆری و ئەو كۆمپانیایانەی پەیوەستن بەو پرسەوە، ئەوەی لە خاڵە سنوورییەكان دەگوزەرێت، ئیشی جدی بكرێت لەسەر گەندەڵی، چ گەندەڵی حزبەكان بێت، گەندەڵی شەخس یان هەر جۆرە گەندەڵییەك بێت.

دوای هەڵبژاردن دۆخەكە باشتر دەبێت
سەبارەت بە دۆخی كەركوك و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی و ئەو هەوڵانەی لەئارادان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن توركمانەوە، بافڵ تاڵەبانی، ئەوەی خستەڕوو كە قسە زۆر هەیە لەسەر ئەو پرسە، بەڵام دەتوانم پێت بڵێم كە ئەوە شتێكی ئاسان نییە، پێموایە هەموو لایەنە كوردستانییەكان بەرنامەی خۆیانیان هەیە بۆ ئەو پرسە، من بە شتێكی جدی نابینم لەم كاتەدا و زۆریش قورسە، ئەوەشی ئێستا لە كەركوك هەیە حوكمێكی سەربازییە، وتیشی: گەڕانەوەی سوپای عیراق بەپێی رێكەوتن نەبووە، بەڵكو بەشێوەیەك بووە، كە چەند شەوێك پێش ئەوەی هجومەكە بكرێتە سەر كەركوك، ئێمە لەگەڵ ئەمریكییەكان، ئینگلیزەكان، لەگەڵ عەبادی قسەمان كردبوو، چارەسەرێكمان دۆزیبۆوە، ئەوان دەیانوت دێین كەركوك دەگرین، ئێمە دەمانوت نایكەن و شەڕتان لەگەڵ دەكەین، ئەوەبوو چارەسەرێكی ناوەندیمان دۆزیبۆوە، سەربازگەیەكی وێرانی رووخاو بەناوی سەربازگەی كەیوان، دەمانویست پڕی بكەین لە ئەمریكی، ئینگلیز، كەنەدی و ئیسپانی و هەموو ئەو هێزانەی لە فەرماندەیی بوون، لەهەمان كاتیشدا، كوردو عیراقییەكان بچنەوە سەربازگەی كەیوان و لەوێ ئیشەكە بوەستێت، ئیمزای سەركردایەتییەكان لەسەر ئەوە بوو، چووشم بۆ كۆبوونەوەكەی دوكان، زۆر هەوڵمدا ئەوە جێبەجێ بكەم، ئەوەبوو بە جۆرێكیش ئەوە قبوڵ كرا، بەڵام قەناعەتیان نەكرد لەسەر كاتەكەی، قەناعەتیان نەكرد لەسەر ئەوەی كە چەند جددی بوون، لەو 24 سەعاتەدا هێرش دەكرا، دووبارەشم كردەوە كە هێرش دەكرێت، بەداخەوە هەندێك لە هەڤاڵان لەو كۆبوونەوەیەدا غەڵەت تێگەیشتبوون و دەیانوت ئەو هێزە بۆ چاوسووركردنەوە هاتووە، دەمزانی ئەو هێزە بۆ چاوسووركردنەوە نەهاتبوو، ئەو هێزە هاتبوو كورد لە كەركوك دەربكات، ئێمە شەڕی خۆمان كرد، تا توانیمان شەڕی خۆمان كرد، شەهیدیشمان دا، پێشمەرگەی ئێمە دەبابە پانی كردەوە، بۆیە هیچ رێكەوتن نەبوو، كەركوك تەسلیمی ئەم و ئەو بكەین، حەقیقەتی ئەوە وابوو، كە لەوێ شەڕێك كرا، شەڕەكەمان پێ نەدەكرا، پێشموتن شەڕەكەمان پێ ناكرێت، حەقیقەتەكەشی ئەوەبوو كە روویدا، دووبارەشی دەكەمەوە، ئێمە رێكەوتنمان نەكردووە، ئەوەشی كە دەڵێت رێكەوتنمان كردووە لەگەڵ بەغدا، ئاگای لە شتەكان نییە. ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ دۆخی ئێستای كەركوك چەند بەرنامەیەكمان هەبوو، وەختێك هەبوو دەمانتوانی، پارێزگارێك دابنێین بۆ كەركوك و چەند گۆڕانكارییەكی تر بكەین لەشارەكەدا، ئێمە زانیمان ئەم دۆخە بە كوێ دەگات، هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی دەیانزانی بارودۆخەكە چی لێ دێت، ئەوەبوو نەهاتنە پێشەوەو هاوكارمان نەبوون، چەند حزبێك هاوكارمان نەبوون، وای لێهات ئەم پارێزگارەی ئێستا لە شوێنی خۆی بمێنێت، دۆخی كەركوكیش وردە وردە خراپتر بوو، پێویست بوو ئەم پرسیارە لە من نەكرایە، لە خەڵكی دیكە بكرایە، ئینشائەڵڵا دوای ئەم هەڵبژاردنە دۆخەكە بەرەو باشتر دەچێت.

دووئیدارەیی نە لە بەرنامەی یەكێتی-دایەو نە بەرنامەیەكی دروستیشە
لەبارەی ئەو دەنگۆو قسەو باسانەشی لەئارادان تایبەت بە دووئیدارەیی و هەروەها پرسی لامەركەزییش، بافڵ تاڵەبانی، دووپاتیكردەوە كە گاڵتەم بەو قسانە دێت كە باس لە دووئیدارەیی دەكەن، ئەو هەموو خوێنەمان نەڕشت و ئەو هەموو شەهیدەمان نەبوونە قوربانی، تا كوردستان بكەین بە دوو سێ پارچە، زۆر زۆر چارەسەری دیكە هەیە بۆ ئەم دۆخە، ئێمە بەیەكەوە بەم هەموو حزبانە ناتوانین حەقی خۆمان لە بەغدا وەربگرین، چۆن بە تەنیا دەیكەین، دووئیدارەیی نە لە بەرنامەی یەكێتی-دایەو نە بەرنامەیەكی دروستیشە. وتیشی: من دژی ئەوەم لەم قۆناغەدا كە مووچەی فەرمانبەران راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بدرێت، نابێت هیچ شتێك بدەین بە بەغداو باوەڕمان وابێت بەئاسانی دێتەوە دەستمان.
قسەكردن لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق و ئامادەكارییەكان بۆی، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو، بۆ ئەوە، هاوسەرۆكی یەكێتی، رایگەیاند: وەك یەكێتی، بەدڵنیاییەوە تیممان ئامادەكردووە، زۆر بەوردی دیراسەی یاسای نوێی هەڵبژاردنمان كردووەو دۆخەكەمان بەگشتی هەڵسەنگاندووە، چاوەڕێی ئەوەش دەكەین ئەنجامی باش بەدەستدەهێنین.

رێگەنادەین كاری نایاسایی بكرێت
سەبارەت بەو دەنگۆیانەشی هەن لە سنووری سلێمانی، كە گوایە قاچاخچێتی و كاری نایاسایی هەیە، ئاماژەی بەوەكرد كە هەندێك لەو دەنگۆیانە راست نین، بەڵام مافیا لە سلێمانی، لە هەولێرو لەچەندین شوێن دروستبوون، ئێمە زۆر بەجددی كارمان لەسەر ئەوە كردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی لە سلێمانی كۆبوونەوەم كردووە، لیستێكی گەورەمان حازركردووە لەو كەسانەی ئەو كارە نایاساییانە دەكەن، یەك بە یەك دەچینە سەریان و دەستگیریان دەكەین زۆر زۆر بەتوندی و حسابیش بۆ ئەوە ناكەین پەیوەندییان بە هەر كەسێكەوە هەبێت‌و لەوچوارچێوەیەشدا بەرنامەیەكی زۆر جوانمان هەیەو ئەو تاوانانە لێرە هیچ قابیلی قبوڵ نییەو قبوڵیشمان نەكردووە، راستەو دڵنیام قاچاخچێتی هەیە، دڵنیاشم لەهەموو مەرزێك ئەو شتانە روودەدات، دڵنیام لەچەندین شوێن دەیان و زیاتر بیری نەوت هەیە كە داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شەخس، یان بۆ حزب، یان بۆ بەشێك لە حزب، دڵنیام لەملاوئەولا، چەند مەرزێك هەیە كە هەر حكومەتی لێ نییە، ئەمە كێشەیەكی زۆر زۆر گەورەیە، ئێمە وەك یەكێتی حەزدەكەین ئەمە چارەسەربكرێت، حەزدەكەین حكومەت دابنیشێت بەرنامەیەك بۆ هەموو ئەم شتانە دابنێت، تا لەسەرەوە تا خوارەوە بارودۆخەكە باشتر بكەینەوە، بەڵام حەزدەكەم ئەوە بزانن كە ئێمە ئیجرائاتی زۆر جددییمان كردووە، وتیشی: لیژنەیەكمان دروستكردووە بەمەبەستی پێداچوونەوە بە بارودۆخی ناوخۆی حزب و ئیدارەی گشتی و پڕۆژەكان و تەواوی مەلەف و پرسەكاندا.

پشتیوانی هەموو رەخنە و هەوڵێكین كە دەدرێن بۆ باشكردنی دۆخی كوردستان
وتیشی: من لە بری تیمی حكومەت و تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم، قسەناكەم و وەڵامنادەمەوە، چونكە ئەوە ئیشی من نییە، تیمی حكومەت بەرنامەیان هەیەو كاردەكەن لەگەڵ بەغدا، هەر كاتێك پێویستی كرد ئێمە وەكو یەكێتی پەیوەندیی و هاوڕێمان هەیە لە بەغدا، رەنگە بتوانین هاوكاریان بین و كەی پێویستیكرد هاوكاریان بین، زۆر ئاساییە بۆ ئێمە لە بەغدا بین و هاوكاریی تیمەكەمان بین. وتیشی: تیمی یەكێتی لە حكومەتدا، بەشێكە لە حكومەت، ئێمە گلەیی بكەین لەحكومەت، بەدڵنیاییەوە لە هەموو حكومەتی دەكەین، دەبێ ئێمە وابكەین، ئیشی ئێمە ئەوەیە ئەگەر تێبینییەكمان هەبێت، دەبێ قسەكانمان بكەین، یەكێتی هەر وابووە و سەرۆك مام جەلال دەیوت لە منەوە دەستپێبكەن، ئێمە رەخنەمان لە مام جەلال دەگرت، رەخنەو گلەییكردن ئاسایین، بەڵام ئەگەر بكرێت ئەو رەخنەو گلەییانە بەجۆرێكی تەندروست بكرێن، باشترە‌و من وەك بافڵ كوڕی مام جەلال، باوەڕم بە میدیای ئازاد هەیە، حەزدەكەم میدیا پرسیاری قورس لە بەرپرسان بكات، ئیشی میدیا ئەوەیە، ئێمە پشتیوانی تیمی یەكێتین لەحكومەتدا، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە رەخنەمان لێیان نەبێت، رەخنەشمان دەبێت و وەك یەكێتیش پشتیوانی هەموو رەخنەو هەوڵێكین كە دەدرێن بۆ باشكردنی دۆخی كوردستان، هەموو كاتێكیش حكومەت دەبێ خۆی حازربكات بۆ رەخنەكان و ئەو دۆخانەی دێنەپێشەوە.

״ئاگاداری وردەكاریی گرێبەستی 50 ساڵەی نێوان هەرێم و توركیا نیم״
لەبارەی دۆسێ و مەلەف و گرێبەستەكانی نەوت بەتایبەت گرێبەستی 50 ساڵە لەگەڵ توركیادا، بافڵ تاڵەبانی، ئاشكرایكرد كە ئاگاداری وردەكاریی گرێبەستی 50 ساڵەی نێوان هەرێم و توركیا نیم، رای خۆم و زۆربەی سەركردایەتیی یەكێتیش وایە كە بەڵێ یەكێتی تا ڕادەیەك ئاگاداری مەلەفی نەوتە، بەڵام ئاگاداری وردەكاریی زۆر شت نین، زۆر گرێبەست هەیە وردەكارییەكەی نەبینراوە لای ئێمە وەك یەكێتی، ئەمەش یەكێكە لە خاڵەكانمان كە لەدانیشتنەكانماندا باس دەكرێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.

دەبێت هەموومان كارێك بكەین هەرگیز شەڕ روونەدات
تایبەت بە پرسی كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بە یەكگرتنەوەی هێزەكانی حەفتاو هەشتای هێزەكانی پێشمەرگە، هەروەها دەنگۆی پێكدادان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، هاوسەرۆكی یەكێتی، رایگەیاند: بەرنامەیەك هەیە بۆ چاكسازیی لەناو هێزی پێشمەرگە، رەنگە ئەوە یەكێك لە مەرحەلەكان بێت، بەڵام زۆر مەرحەلەی دیكە هەیە كە دەبێ جێبەجێبكرێت، تا ئەوە باس بكرێت. وتیشی: من شەڕكردن لەگەڵ پەكەكە بەدووردەبینم، لەگەڵ هیچ جۆرە شەڕێكدا نیم لەگەڵ كوردداو دەبێت هەموومان كارێك بكەین ئەوە هەرگیز روونەدات، ئەوە شتێكی زۆر زۆر خراپە بۆ كوردستان.

سەرنجڕاكێشان كارێكی زۆر باشە
سەبارەت بەو كۆبوونەوەیەشی كە تیایدا بڕیاردرا بە «سەرنجڕاكێشانی جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و سڕكردنی ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی»، بافڵ تاڵەبانی وتی: سەرنجڕاكێشانی كاك قوبادو رێواز خان، من بە شتێكی زۆر زۆر باشی دەزانم، بۆ زانیارییشتان ئەوە بەرنامەی كاك قوباد بوو، لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی باسیكرد، كاك قوباد ئەوەی كرد بۆ یەك هۆكار، بۆ یەكڕیزیی تیمەكەی خۆی، بۆ بەرگرییكردن لە هەڤاڵێك كە ناتێگەیشتنێك هەبوو، لەسەر قسەی ئەو هەڤاڵە، كاك قوباد-یش وەك هەموو جارێك، كە كاك قوباد زۆر بەوەفایە، كاك قوباد حەزی نەكرد خۆی لە تیمەكەی جیابكاتەوە، كە زۆر بەئاسانی دەیتوانی خۆی لە تیمەكەی جیابكاتەوە. وتیشی: مەسەلەكەی كاك بەختیار، باسكرا لەناو سەركردایەتیی یەكێتیدا، سەركردایەتی ئەو بڕیارەی دا، جا كاك بەختیار چ وەڵامێكی دەبێت، سكاڵا دەكات، ئەوە ئیشی كاك بەختیارە، هەر دوو ئەو پرسانەش، پرسی حزبی بوون، من بە شتێكی باشی دەزانم، حەزیش دەكەم لێرەدا شایەتیی شتێكتان بۆ بدەم، هەم لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، قوباد ئەوەڵین كەس بوو كە ئەم شتە باس بكات، هەم لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیش كە باسكرا، كاك قوباد و رێوازخان، ئەوەڵین كەس بوون، دەستی خۆیان بەرزكردەوە.

هەڤاڵانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، مامۆستای ئێمە بوون برای ئازیزی ئێمەن، واجبمانە رێزیان لێ بگرین، كەس پەراوێز نەخراوە
سەبارەت بە دواهەمین كۆنگرەی یەكێتی و پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی، وتی: برایانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی، هەڤاڵ و برای گەورەی ئێمەن، ئێمە لەگەڵیاندا دانیشتووین، گفتوگۆیەكی دوورودرێژمان كردووە، رێكەوتووین لەسەر هەموو شتێك لەنێوانماندا، رێكەوتووین لەسەر دەسەڵات، جۆری ئیشكردن، رێكەوتووین لەسەر دامەزراندنی كۆبوونەوەو دروستكردنی وەفدو رێكەوتووین لەسەر هەموو شتێك، بەڕاستی ئەو قسانەم زۆر پێناخۆشە كە بەناڕاست دەكرێن، هەڤاڵانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەڕێزن، هاوڕێی ئێمەن، مامۆستای ئێمە بوون هەندێكیان، برای ئازیزی ئێمەن، واجبمانە رێزیان لێ بگرین، كەس پەراوێز نەخراوە.

یەكێتی چەند كێشەیەكی هەبوو، ئێستا خۆشبەختانە زۆربەی ئەو كێشانە نەماون
وتیشی: من بەڵێنم بە راگەیاندنەكان داوە دانیشتنی هاوشێوەمان هەبێت، بەڵام لەڕابردوودا یەكێتی چەند كێشەیەكی هەبوو، ئێستا خۆشبەختانە زۆربەی ئەو كێشانە نەماون، بارودۆخی ناو یەكێتی زۆر زۆر باشە، بەرنامەیەكی زۆر زۆر باشمان هەیە، یەكێتی وتەبێژی هەیە و لە داهاتوویەكی نزیكدا كار لەسەر بەرنامەو پلانەكانی خۆی، وەك وتەبێژ، دەكات.

هەر كەسێك بەڵگەی لەلا هەیە، ئاگادارمان بكاتەوە،ئیشی لەسەر دەكەین
لەكۆتایی قسەكانیشدا، سەبارەت بەو قسانەی كراون كە گوایە پارەیەكی زۆر هەیەو ژێرزەمینەكان پڕن لەپارە، رایگەیاند: سوپاسی هەر كەسێك دەكەم كە ئەو شوێن و ژێرزەمینانەمان پیشانبدات كە پڕن لەپارە، تا دەریانبهێنین، چونكە بەڕاستی ئەمڕۆ پێویستمانە، وتیشی: من هیچ داتامان لانییە كە بەرپرسێكی كورد پارەی هەبێت لەدەرەوە، ئەگەر پارەشی هەبێت لە دەرەوە، دەبێ بزانرێت ئەو پارەیە چییە، من دڵنیام بەرپرس هەیە پارەی بردبێتە دەرەوە، بەڵام نازانم چ جۆرە پارەیەك، ئەگەر بەرپرسێك پارەی دزیی بردبێتە دەرەوە، ئەوە زۆر ئاسان نییە، ئێستا بانكە داخراوەكانی سویسرا، وەكو پێشتر نەماون، پارە سپیكردنەوە لە ئەوروپاو ئەمریكا وا ئاسان نییە، بۆیە من داواتان لێ دەكەم ئەگەر بەڵگەیەكی لەو شێوەیەتان لەلا هەیە، ئاگادارمان بكەنەوە، چونكە خۆمان بۆ ئەو شتانە دەگەڕێین، ئەگەر پێمانی بدەن، ئێمە ئیشی لەسەر دەكەین.

 109 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*