سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » چوار حیكایه‌ت له‌ سه‌دان حیكایه‌تی سه‌رده‌می نه‌بوونی

چوار حیكایه‌ت له‌ سه‌دان حیكایه‌تی سه‌رده‌می نه‌بوونی

ده‌یه‌ی كۆتایی سه‌ده‌ی بیست، بارودۆخی دارایی و ئابووریی له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر سه‌خت و دژواربوو، به‌ڕاستی خه‌ڵك نه‌دار و موحتاج بوو. له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ كوردستان ئاهێكی پێدا هاته‌وه‌.
ئێواره‌ی 30/11/2020 له‌ماڵی خۆمان من و ئاڵای هاوسه‌رم و ئه‌له‌ندی كوڕم نانی ئێواره‌مان ده‌خوارد، به‌رێكه‌وت قسه‌و باسمان چووه‌ سه‌ر نه‌بوونییه‌كه‌ی نه‌وه‌ده‌كان.

حیكایه‌تی یه‌كه‌م:
ئاڵا وتی: پاش نیوه‌ڕۆیه‌ك له‌گه‌ڵ ئاوان چووین بۆ ماڵی بابه‌ كه‌ریم- ماڵی باوكم- ، ته‌نها سێ دینارم پێ بوو، دینارێكم دا به‌پاس. چووینه‌ ئه‌وێ و پاش یه‌ك دوو سه‌عات رووخسه‌تمان خواست تاكو بگه‌ڕێینه‌وه‌، زۆر خه‌ریك بوون له‌گه‌ڵمان تاكو بمێنینه‌وه‌، نه‌ماینه‌وه‌ و هه‌ستاین. كه‌ گه‌یشتینه‌ سه‌ر جاده‌كه‌، به‌به‌ر دوكانێكدا رۆیشتین، ئاوان- كچم- داوای شتی كرد بۆی بكڕم، به‌ناچاری بایی دینارێكم بۆ كڕی، دینارێكم بۆ مایه‌وه‌. كه‌ گه‌یشتینه‌ لای پاسه‌كان، په‌شیمان بوومه‌وه‌ له‌وه‌ی سواری پاس ببم، وتم نه‌بادا ناسیاوێكی تیابێ و نه‌توانم پاره‌ی بۆ بده‌م، به‌ناچاریی ملی رێگه‌م گرته‌به‌ر و به‌پێ تا ماڵه‌وه‌ كوتام و له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاوان منداڵ بوو، ناچاربووم جارجاره‌ بیكه‌مه‌ باوه‌ش.

حیكایه‌تی دووه‌م:
ئه‌له‌ند وتی: دایكم رۆژێك وتی له‌گه‌ڵمدا وه‌ره‌ بۆ بازاڕ، منیش پێموت: ئه‌گه‌ر سه‌یاره‌یه‌كم بۆ بكڕیت، ئه‌وا دێم، ئیتر دایكم وه‌عدی دامێ و پێكه‌وه‌ چووین بۆ بازاڕ. كه‌ گه‌یشتین وتی: با شته‌كانی تر بكڕم، نه‌با پێویستم به‌ پاره‌ بێت، كه‌ ته‌واو بووم و پاره‌م پێ مایه‌وه‌، سه‌یاره‌كه‌ت بۆ ده‌كڕم. پاشان گێڕایه‌وه‌ و وتی: هه‌ندێك شتمان كڕی و دایكم وتی: ته‌واو، منیش پرسیم، پاره‌ت پێ ماوه‌؟ سه‌یری جانتاكه‌ی كرد، وتی: باشه‌ پێنج دینارم پێ ماوه‌.
چووینه‌ به‌ر دوكانێك سه‌یاره‌ی پلاستیكیی زۆری دانابوو، حه‌زم له‌ دانه‌یه‌كیان كرد، دایكم وتی به‌چه‌نده‌، دوكانداره‌كه‌ وتی: دوو دینار، وتی باشه‌ ئه‌یبه‌ین، ده‌ستی كرد به‌ جانتاكه‌یدا، پێنج دینارییه‌كه‌ی ده‌رهێنا، زۆر شه‌ق وشڕ بوو، دای به‌ كابرا، سه‌یرێكی كرد و وتی: به‌خوا داده‌ ئه‌مه‌ زۆر شڕ و شێواوه‌، وه‌ری ناگرم و پێنج دینارییه‌كه‌ی دایه‌وه‌ ده‌ست دایكم، منیش به‌ نابه‌دڵی سه‌یاره‌كه‌م دانایه‌وه‌.

حیكایه‌تی سێیه‌م:
ئاڵا لێی پرسیم: بیرته‌ كه‌ به‌ ئه‌له‌ند دووگیان بووم نه‌متوانی بچمه‌ خه‌سته‌خانه‌؟ وتم ئه‌ی چۆن. وتی: ئه‌له‌ند بابۆت بگێڕمه‌وه‌: كه‌سكم به‌ تۆ هه‌بوو، نزیك ببومه‌وه‌ له‌ واده‌ی خۆم، قسه‌م له‌گه‌ڵ دكتور رێزانی مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی كرد، وتم ئه‌گه‌ر بچمه‌ خه‌سته‌خانه‌ی مناڵبوون بۆئه‌وه‌ی له‌وێ مناڵه‌كه‌م ببێ، پاره‌ی ئه‌وێ؟ وتی: نه‌خێر، به‌ڵام ده‌بێت ده‌به‌یه‌ك گاز بۆ موه‌لیده‌كه‌ی خه‌سته‌خانه‌ بكڕیت، هه‌روه‌ها یه‌ك ده‌به‌ نه‌وت بۆ زۆپاكان، چونكه‌ دونیا سارده‌-مانگی كانونی دووه‌م بوو- هه‌روه‌ها ئه‌و دوو سێ سسته‌ره‌ی له‌گه‌ڵ دكتۆره‌كه‌دا ده‌بن، یه‌كی شتێكیان بده‌رێ. درێژه‌ی دایه‌ و گوتی: وه‌ختێك پاره‌ی ئه‌و شتانه‌مان حیساب كرد، كردییه‌ 500 دینار، له‌كاتێكدا یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی ئه‌و پاره‌یه‌شمان پێ نه‌بوو. بۆیه‌ به‌ناچاری ئه‌له‌ند گیان، بۆ له‌دایكبوونی تۆ، په‌نام برده‌ به‌ر مامانی خۆماڵی و ته‌نیا 30 دینارمان دایه‌!

حیكایه‌تی چواره‌م:
به‌نده‌ ساڵی 1994 جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان بووم كه‌ ئه‌وسا خوالێخۆشبوو برای خۆشه‌ویست مامۆستا عه‌باس ئه‌لبه‌دری به‌ڕێوه‌به‌ر بوو. باره‌گای ئیزگه‌ له‌ نزیك هۆڵی رۆشنبیریی بوو له‌ گه‌ڕه‌كی ریعایه‌، ماڵی ئێمه‌ له‌ مامۆستایان بوو له‌ نزیك مزگه‌وتی ئاسۆی شه‌هیدان، كرێچی مامۆستای ئازیز و خۆشه‌ویست و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ كاك كه‌مال سابیری كۆچ كردوو بووین و له‌قاتی سه‌ره‌وه‌ له‌ دوو ژوور و هه‌یوانێكدا بووین. پاش ته‌واوبوونی كار، ئێواران له‌گه‌ڵ كاك مه‌جید زه‌نگه‌نه‌ كه‌ به‌رپرسی به‌شی عه‌ره‌بی بوو، پێكه‌وه‌ به‌دوو قۆناغ ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌، سه‌ره‌تا ده‌چووینه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامی سالم به‌رامبه‌ر بینای ئێستای سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی، له‌وێ سواری پاس ده‌بووین بۆ داره‌ سووتاوه‌كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی شێخان، پاشان له‌وێ سواری پاسی زه‌رگه‌ته‌ ده‌بووین، به‌نده‌ له‌ به‌رامبه‌ر دیواری پاركی ئازادی، كه‌ ئه‌وسا هێشتا نه‌كرابوو، داده‌به‌زیم و ده‌چوومه‌ ماڵه‌وه‌، كاك مه‌جیدیش درێژه‌ی ده‌دایه‌ و ده‌ڕۆیشت بۆ زه‌رگه‌ته‌!

 68 جار بینراوە