سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » مافی مرۆڤ، دروشمێكی سەرەكیی یەكێتی-یە

مافی مرۆڤ، دروشمێكی سەرەكیی یەكێتی-یە

رۆژی 10/12/1948 رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤی دەركرد، كە لە پێشەكییەكی كورت و 30 ماددە پێكهاتووە. لەم میساقەدا بنەماكانی مافی مرۆڤی دیاریكردووە لەڕووی مافە مەدەنی و سیاسی و ئابووری و كەلتوورییەكانی، بەڵام تاكو ئەم رۆژگارە، رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، وەك پێویست، لە جیهاندا نەچەسپاوە، جا هۆكارەكانی یەكجار زۆرن، لە زۆر شوێن، بەهۆكاری؛ بوون و مانەوەی بیری پاشڤەڕۆی ئایینی و مەزهەبی و كەلتووری میللەتەكانە، یاخود بەهۆی بوونی رژێم و دەسەڵاتی دیكتاتۆری و تۆلیتارییە. گەلی كورد، یەكێكە لەو گەلانەی، چەوساوەی دەستی زۆر لەم جۆرە دەسەڵات و رژێم و بیروباوەڕە شمولیانەیە، كە باوەڕیان بە مافی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد نییە وەك مرۆڤێكی تەواو خاوەن نیشتمان و ماف لەڕووی ژیانەوە، وەك هەموو مرۆڤێك، كە بتوانێت بوونی خۆی لە مافی چارەنووس دیاری بكات، جا ئەم مافە لە هەر شێوە و تێكستێكدا بێت.

لە هەرێمی كوردستان، سەرەتاكانی هۆشیاریی تاكی كورد بۆ رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ، چەكەرەی كردووە و كاری لەسەر دەكرێ و پێشكەوتووە، جگە لە رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، چەندین رێكخراوی ناوخۆییش هەیە. حكومەتی هەرێم دەستەیەكی هەیە بۆ بەرگرییكردن و پاراستنی مافی مرۆڤ لە هەرێمدا. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك یەكەم حزبی كوردستانی، لەم رووەوە زوو هەوڵیداوە بنەماكانی میساقی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ جێبەجێبكات و رێزی لێبگرێ، لەسەرووی هەمووانەوە هەڤاڵ مام جەلال هەمیشە وەك داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی مرۆڤ بووە لە هەرێم و عیراق، هەر زووش بڕیاری ئەوەی دا تاكو سەرۆك كۆمار بێت، بڕیاری لەسێدارەدانی هیچ كەسێك واژۆ نەكات، ئەمەش وەك رێزگرتنێك لە مافەكانی مرۆڤ. هەروەها لە ساڵی 1994 مەكتەبێكی دامەزراند لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەناوی مەكتەبی مافی مرۆڤ، كە كاری بەدواداچوون بوو بۆ رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و پاراستن و چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ لە دامودەزگاكانی یەكێتی و ناوچەكانی قەڵەمڕەوی خۆی.

هەروەها یەك لە دروشمە سەرەكییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مافی مرۆڤە، واتە دوای ئاشتی، مافی مرۆڤە، بۆیە لە ساڵڕۆژی یادكردنەوەی جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤ، پابەندبوونی خۆمان بۆ رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان و جیهان دووپاتدەكەینەوە. هیوادارین مرۆڤایەتی دووربێت لە شەڕ و توندوتیژی و مافەكانیان پارێزراو و رێزلێگیراو بێت.

 266 جار بینراوە