سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » ئیسرائیل بەرەو چوارەم هەڵبژاردنی پێشوەختە

ئیسرائیل بەرەو چوارەم هەڵبژاردنی پێشوەختە

ئیسرائیل بۆ جاری چوارەم لە ماوەی دوو ساڵدا هەڵبژاردنی گشتی بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو حزبی سەرەكی لە حكومەت شكستخواردووبوون لە پەسەندكردنی بودجەی دەوڵەت لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا.

دەنگدەران لە مانگی ئاداری داهاتوودا لە دوای تەنیا 12 مانگ لە گەڕی كۆتایی، دەچنەوە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان.

هیوا دەخوازێت لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە
هەڵبژاردنی پێشوو یەكلاكەرەوە نەبوو، بەو هۆیەی حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی دەگمەنی لێكەوتەوە. بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەش كە بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەكرێت، هیواخوازە بۆ جاری شەشەم دەستی لە پۆستەكە گیرببێتەوە.

نەتانیاهۆ ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی كراوەتەوە رەتدەكاتەوە و بە فاكتەری سیاسی ناویان دەبات.

لە 23/24/12/2020، پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێست) بەپێی یاسا لەدوای كۆتایی ئەو مۆڵەتەی بۆ پەسەندكردنی بودجەی 2020ی دەوڵەت دیاریی كرابوو، خۆی هەڵوەشاندنەوە.

هەوڵەكان كە11 كاتژمێرییان خایەند بۆ خۆلادان لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بەڵام لە دوای دەنگدان لە دژی پرۆژە یاسایەك كە كاتی زیاتری دەڕەخساند و پێچەوانەی پێشبینییەكان بوو، دووچاری شكست بوون.

بەر لە كۆتایی مۆڵەتەكە لە نیوەی شەو، هەریەك لە نەتانیاهۆ سەرۆكی حزبی لیكودی ڕاستڕەو، و بینی گانتس ركاربەری سیاسی لە حزبی «شین- سپی»، ئۆباڵی دروستبوونی تەنگژەكەیان خستە ئەستۆی یەكتر.

نەتانیاهۆ بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو «ئەم هەڵبژاردنەم نەدەویست»، «لیكود ئەم هەڵبژاردنەی نەدەویست. بەردەوام دەنگمان لە دژی هەڵبژاردن دەدا. بەڵام لە بەدبەختی هەموان گانتس لە رێكەوتنەكانی لەگەڵمان پاشەگەزبۆوە».

بە وتەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل»لیكود سەركەوتنێكی گەورە بەدەستدەهێنێت لەو راپرسییەی وابڕیارە لە 23ی ئاداردا ئەنجام بدرێت».

لەبەرامبەردا گانتس رایگەیاندبوو، لێدوانەكانی سەرۆك وەزیران، «درۆن و نەتانیاهۆ ویستی هەڵبژاردن دەستپێبكاتەوە، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ خۆلادان لە دادگایی كردنی لەسەر گەندەڵی».

ئەو دوو پیاوە لە مانگی نیسانی رابردووەوە لە ئیئتیلافێكی ناجێگیردا دەسەڵاتیان لەنیوان خۆیاندا دابەشكردووە، لەسەر گرتنەدەستی پۆستی سەرۆك وەزیرانیش رێكەوتن، بەجۆرێك لە یەكەمجاردا نەتانیاهۆ پۆستەكە بگرێتەدەست و لە مانگی تشرینی دووەمی 2021دا گانتس پۆستەكە وەربگرێت.

ناكۆكییەكان لە بەرژەوەندی نەتانیاهۆدایە
شرۆڤەكاران دەڵێن، ناكۆكییەكە بوار بۆ نەتانیاهۆ خۆش دەكات، تا كۆتایی بە ئیئتیلافەكە بهێنێت بەهۆی بوونی كەلێنێك لە رێكەوتنەكە كە لێوەی سەرۆكایەتی وەزیران دەدرێتە سەركردەكەی تر بۆ ماوەی سێ‌ مانگی كاتی، گەر هەر لایەكیان رووی لە هەڵبژاردن كرد، بەدەر لە حاڵەتی شكستخواردن لە تێپەڕاندنی بودجە.

راپرسییەكانی ئەم دواییە، ئاماژە بە داڕمانی پشتیوانییەكان دەكەن لە «شین سپی»، ئەم پاشەكشەكردنەش، وێڕای كەمبوونەوەی پشتیوانی بۆ لیكود، بەڵام جارێكی تر حزبەكە دەكانەوە بە گەورەترین حزبی ئیسرائیل.

لەگەڵ ئەمەشدا نەتانیاهۆ رووبەڕووی گوشاری گەورە دەبێتەوە لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانی هەفتانە لە شەقامەكاندا دژ بە حوكمڕانییەكەی، و نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنەوەی دادگاییەكەی لە مانگی شوباتی داهاتوودا، و هەوڵە بەردەوامەكان بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە هەموو جیهانی گرتۆتەوە.

هەندێك لە شرۆڤەكاران دەڵێن، نەتانیاهۆ ویستوویەتی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەر لەوەی ناچار ببێت دەسەڵات رادەستی گانتس بكات، بەڵام پێی باش بووە لە كاتێكی دواتری مانگی ئاداردا ئەنجام بدرێت. ئەمەش دەكرێت كاتی زیاتری پێببەخشێت بۆ هەڵمەتی بەكارهێنانی ڤاكسینی تایبەت بەخۆی بۆ ئابووری وڵاتەكە، تا بەرەو بوژانەوە بچێت.

هەروەها نەتانیاهۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی سیاسی نوێی هاتۆتە بەردەم، لەلایەن جەدعون سار نوێنەری پێشووی حزبی لیكود كە حزبێكی راستڕەوی دروستكردووە و دەكرێت دەنگەكان لە فراكسیۆنەكەی نەتانیاهۆ بپچڕێت.

بۆ جاری یەكەم لە مێژووی وڵاتەكەدا، ئیسرائیل لەماوە یەك ساڵدا سێ‌ هەڵبژاردنی ئەنجامدا، بەڵام ئەنجامەكانی گەڕانەوە بوون بۆ چوارگۆشەی یەكەم، ئەمەش هەر لە سەرەتاوە دەستەواژەكانی هەنگاونانی بەرەو هەڵبژاردنی چوارەم دیاریی كرد.

لە دوایین هەڵبژاردندا كە لە سەرەتای مانگی ئاداری 2020 ئەنجامدرا، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆكی حزبی لیكودی راستڕەو توانی بەسەر بینی گانتسی ركابەری لە حزبی «شین-سپی» سەربكەوێت، بەڵام نەیتوانی هەڵبژاردنەكە یەكلایی بكاتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت.

دادگاییكردنەكە كێشەكانی سەرۆك وەزیری ئاڵۆزكرد

هەروەها دادگایی كردنی نەتانیاهۆ بە تۆمەتی گەندەڵی كە لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری داهاتوو دەستپێدەكاتەوە، هێندەی تر كێشەكانی سەرۆك وەزیرانی ئاڵۆزتر كردووە.

یونی بن مەناحیم، شرۆڤەكاری سیاسی ئیسرائیلی لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، نەتانیاهۆ دەستكەوتی بەدەستهێنا، بەڵام ئەو دەستكەوتنە نەگەیشتە ئاستی سەركەوتن.

بە وتەی مەناحیم «ئەوەی كاروبارەكان یەكلایی دەكاتەوە سەركەوتنە نەك دەستكەوت، بۆیە لە دوایین هەڵبژاردندا نەتانیاهۆ نەیتوانی بەتەنیا حكومەت پێكبهێنێت».

ئەو شرۆڤەكارە سیاسیە ئیسرائیلیە لەبارەی دوا ئەنجامی سێیەم هەڵبژاردنەوە رایگەیاندبوو «گەڕاینەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم كە نەبوونی كاندیدێك دەگەیەنێت بتوانێت حكومەت پێكبهێنێت، ئەمەش دەستەواژەبوو بۆ هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی چوارەم».

نوسینگەی وتەبێژی پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێست) لە 24ی كانوونی یەكەمی 2020 رایگەیاند، «پەرلەمان خۆی هەڵوەشاندەوەو بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرێت» كە چوارەم هەڵبژاردنە لەماوەی دوو ساڵ و پێشبینی دەكرێت لە 23ی ئاداری داهاتوو سازبكرێت.

هەروەها هەڵوەشاندنەوەی كنێست، مانای داڕوخانی حكومەتی ئیئتیلافییە كە نەتانیاهۆ لەگەڵ بینی گانتس ركاربەی سیاسی و سەرۆكی حزبی «شین- سپی» لە مانگی ئایاری رابردوودا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا پێكیان هێنا.

بەپێی راپرسییەكان لە وڵاتەكەدا، هەریەك لە نەتانیاهۆ و كانتس رووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز دەبنەوە لەنێو فراكسیۆنە سیاسییەكانیان، بە تایبەت رەوتی راستڕەوی توندڕەو كە هاوپەیمانە لەگەڵ حزبی لیكۆد بەسەرۆكایەتی نەتانیاهۆ كە جیاوازییان لەگەڵدا هەیە لەڕووی شێوازیی ئیدارەدانی كاروباری دەوڵەت.

پێشتر نەتانیاهۆ و گانتس لەسەر دابەشكردنی پۆستی سەرۆك وەزیران رێكەوتبوون، گانتس دوو ساڵی حوكمڕانی بەربكەوێت لە دوای تێپەڕینی دوو ساڵ حوكمڕانی نەتانیاهۆ، بەو واتایەی دەبوو لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا لەلایەن نەتانیاهۆوە پۆستەكەی رادەستبكرێت، بەڵام كاروبارەكان بەوشێوەیە نەچوون بەڕێوە، بەو پێیەی وڵاتەكە رووی لە هەڵبژاردنی پێشوەخت كرد.

 371 جار بینراوە