یەکەی ئابووری
بەڕێوەبەری گشتیی باجەكانو خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، روونكردنەوە لەسەر شێوازی رێكخستنەوەی سیستمی كۆكردنەوەی باجو رسومات لە هەرێمی كوردستان دەداتو وردەكارییەكانی ئاشكرا دەكات، بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی باجەكانو خانووبەرەی میری، سەرجەم بڕیارەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانو كەسانی هەژارە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
كۆمپانیاكانی گەیاندن و پەیوەندیكردن
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، د.كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باجەكانو خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەی لەبارەی شێوازی رێكخستنەوەی سیستمی كۆكردنەوەی باجو رسومات، لە چوارچێوەی ئەو 11 بڕیارە دا كە دوێنێ 11ی 1ی 2021 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەریكردو وتی: «یەكێك لە بڕیارەكان بریتییە لە سەپاندنی باج بەسەر كۆمپانیاكانی گەیاندن، بە تایبەت كۆمپانیاكانی (كۆڕەك، زین و ئاسیا) كە داهاتی ئەو باجە بە رێژەی (20 ٪) بۆ ناوچەكانی دیكەی عیراق بووە، بەڵام لەمەودوا داهاتی ئەو باجە كە مانگانە بە ملیارەها دینار دەخەمڵێنرێت بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت دەگەڕێتەوە».
سەبارەت بە بڕیاری سەپاندنی باج بەسەر كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت، كەمال تەیب وتی: «لە شارەكانی دیكەی عیراق باجی فرۆشراوەكان دەدرێتەوە بە حكومەتی فیدراڵ، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو باجە نەدەدرا بە حكومەت، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێویستی زانی ئەو داهاتە بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتیو كۆمپانیاكانی گەیاندن رێكاری پێویست بگرنەبەر و بە زوترین كات ئەو داهاتە بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتی».
كەس نییە پارێزبەندی هەبێت
یەكێكی دیكە لە بڕیارەكانی حكومەت پابەندكردنی كۆمپانیاكانی سكیوریتی نەوتو غازە بە پێدانی باج، لەوبارەیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكانو خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەموو ئەو كۆمپانیایانە پابەند دەكرێن بەوەی باجی شایستە بدەن بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە بەپێی گرێبەستەكان بە بیانووی جیاواز كۆمپانیاكانی بواری نەوت باجیان نەداوە، هاوكات كارمەندانی بیانی كە لەو بوارە كار دەكەن باجیان نەداوە، لەمەودوا دەبێت باج بدەن.
باسی لەوەشكرد، پێداچوونەوە بە لێخۆشبوون لە باجو دهاتەكان لە گومرگەكان دەكرێتو كۆتووبەند دەكرێن، هیچ كەسێكیش نییە پارێزبەندی هەبێت و دەبێت بەپێی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكان لە هەرێمی كوردستان پێویستە باج بدەن.
باج لەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەت
دەربارەی میكانیزمی گونجاو بۆ وەرگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی تایبەت، كەمال تەیب دەڵێ: «حكومەتی هەرێم سوودمەند نییەو لەو سەرمایەی دەدرێت بەو ئۆتۆمبێلانە، بۆ ئەو بڕیارەش وەزارەتی دارایی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی دەردەكات بۆ وەرگرتنی باج لە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و ئەو ئۆتۆمبێلانەی گرانبەهان».
ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم ئەو بڕیارانەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچوون، «لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و خەڵكی هەژارە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان».
65 جار بینراوە