سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » 100 ساڵەی سوپای عیراق

100 ساڵەی سوپای عیراق

100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عیراقدا تێپەڕی، 100 ساڵ لەمەوبەر لەسەردەستی بەریتانییەكان و لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقی، دامەزراوەی سەربازیش پێكهێنرا.

سوپای عیراق لە سەرەتای دروستبوونییەوە وەك یەكێك لە دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەت، لە بری لانەدان لە پیشەگەریی و بەدوورخستنەوەی لە ململانێكانی ناوخۆ، بۆ مەبەستی سیاسی بەكارهاتووە و دەستی لەزۆربەی ئەو كودەتایانەدا هەبوو كە عیراقیان لە مێژووی ناوچەكەدا بە وڵاتی كودەتان ناساند.

سوپای عیراق لە سەردەمی شاهانەی دەستوری و كۆماریدا، بۆ داپڵۆسینی بزاوتنە رزگاریخوازەكان بەكارهێنرا، بەتایبەتیش لە دژی بزاوتنەكانی كورد كە لەپێناو مافی رەوای میللەتێك خەبات و تێكۆشانیان كردووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 2003، وەك بەشێكی دانەبڕاو لە عیراق، یادی 6ی كانوونی دەكردەوە، یادی دامەزراندنی سوپایەك كە بەردەوام چەكوشی ئادەبووە بۆ سەركوتكردن و پوكاندنەوەی سەرهەڵدانەكانی.

دامەزراوەی سەربازیی لە زۆربەی قۆناغەكانی دەوڵەتی عیراقیدا، داردەستی ئەو دەسەڵاتانە بووە كە بە یەك رەنگی سیاسی كارییان كردووە و رەنگەكانی ترییان یان وەك پاشكۆ تەماشا كردووە، یان پەراوێزیان خستوون.

لە دوای ساڵی 1921، دامەزراوەی سەربازی عیراق، لە ململانێ‌ نێوخۆرییەكاندا بەكارهێنراوە، پاشان شەڕی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كورد و دواتر جەنگی عیراق- ئێران و پاشان جەنگی داگیركردنی كوێت.

هێندەی ئەوەی لەپێناو عروبە و چەند ئامانجێكی بەدوور لە بەرژەوەندییەكانی گەلانی عیراقدا بەكارهاتووە، هێندە لە خزمەتی گەلی عیراق و خواستە رەواكانیدا نەبووە، جگە لەم چەند ساڵەی دوایی كە ئەركی جەنگی تیرۆر و لەناوبردنی رێكخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لەئەستۆگرت.

كلتوری بەدوورگرتنی دامەزراوەی سەربازیی لە ململانێ‌ سیاسییەكان لە عیراقدا بەرجستە نەبووە، بەو پێیەی بەردەوام تێیدا رەنگێك بەسەر رەنگەكانی تردا زاڵ دەكرێت، لایەنێك دەست بەسەر جومگە گرنگ و هەستیارەكانیدا دەگرێت و لایەنەكانی تر پەراوێزدەكات و لە پێوەرە نیشتمانییەكان لادەدات.

100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عیراقدا تێپەڕی و هێشتا ئەو سوپایە نەبۆتە سوپەرێكی بەهێز بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و رێگرتن لە دەستوەردانە دەرەكییەكان، یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی كرایەوە و هێشتا پێویستی بە راهێنەر و راوێژكارانی بیانییە، گەندەڵیش لە گرێبەستەكانی كڕینی چەك و تەیاركردنیشی لەولاوە بوەستێت.

 364 جار بینراوە