سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئەمریكا كونسوڵخانە لە بیابانی گەورە دەكاتەوە

مەغریب پێیخۆشە و پۆلیساریۆ نیگەرانە

ئەمریكا كونسوڵخانە لە بیابانی گەورە دەكاتەوە

لە كاتێكدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا خۆی بۆ بەجێهێشتنی كۆشكی سپی ئامادە دەكات و چارەنووسی بیابانی خۆرئاوا لە نێوان مەغریب و بەرەی پۆلیساریۆی سەربەخۆخواز كێشەی لەسەرە و یەكلایی نەكراوەتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی خۆی لە ناوچەكە دەكاتەوە.

ئەمریكا نیازی نییە بنكەی سەربازی دامەزرێنێت
نوێنەرایەتییەكەی ئەمریكا لە شاری داخلەی سەر كەنار لە باشووری بیابانی خۆرئاوا دەكرێتەوە و بەهۆی ئەو پڕۆژە گەشەپێدانە گەورەیەی حكومەتی ریبات دەستیپێكردووە، پێشبینی دەكرێت بەندەری تایبەت بە راوكردن لەو شارە بگۆڕدرێت بۆ سەنتەرێكی دەریایی ئیقلیمی و خزمەت بە ئەفریقیا و دوورگەكانی كەناری بكات.

بە گوێرەی بەیاننامەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە مەغریب، بارەگای نوێنەرایەتییەكە لەلایەن یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا دەكرێتەوە، كە رۆژی شەممەی رابردوو سەردانێكی بۆ بیابانی خۆرئاوا و شاری (عیون)ی دەستپێكرد.

شینكەر كە لە چوارچێوەی گەشتێكی ئیقلیمی سەردانی جەزائیر-یشی كرد، جەختیكردەوە لەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان نیازی نییە بنكەی سەربازی لە بیابانی خۆرئاوا دامەزرێنێت و نیازیشی نییە فەرماندەی سەربازیی ئەمریكا لە ئەفریقیا، بارەگای سەربازیی خۆی بۆ ئەو ناوچەیە بگوازێتەوە.

ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی راگەیاندنی رێکەوتنی سێ قۆڵیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و مەغریب و ئیسرائیل دێت، كە لە 22ی كانونی یەكەمی رابردوو لە ریبات ئیمزایان كرد، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان ریبات و تەلئەبیب و داننانی واشنتۆن بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی خۆرئاوادا.

چارەسەرێكی هەمیشەیی و گونجاو
مەغریب كە دوای هەریەك لە ئیمارات و بەحرێن و سودان، بوو بە چوارەم وڵاتی عەرەبی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، لە بەرامبەر ئیمزاكردنی رێكەوتنەكەدا، مافی ئەوەی پێدرا كە بیابانی خۆرئاوا بە بەشێك لە خاكی خۆی بزانێت و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و دوای چەند رۆژێكیش لە رێكەوتنەكە، واشنتۆن پشتی بە نەخشەیەكی نوێی مەغریب بەست، كە بیابانی خۆرئاوای لەخۆدەگرت.

دوای ئیمزاكردنی رێكەوتنەكەش، جارید كوشنەر راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: بە داننان بە سەروەریی بیابانی خۆرئاوا بۆ مەغریب، ترەمپ شكستی لە چاككردنی دۆخەكە رەتكردەوە و لەجیاتی ئەوە، چارەسەرێكی هەمیشەیی و گونجاوی بۆ هەردوولا پەسەندكرد.

لە رێكەوتنەكەدا هاتبوو، كە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە شاری داخلە دەكرێتەوە و ، بە مەبەستی پاڵپشتیی دارایی و تەكنیكی بۆ پڕۆژە تایبەتەكانی وەبەرهێنان لە مەغریب و ئەفریقیا لە باشووری بیابانەكە، بانكی گەشەپێدانی ئەمریكیش بڕی 3 ملیار دۆلار تەرخان دەكات. وتیشی: یەك ملیار دۆلاری دیكە وەكو پاڵپشتییەك بۆ گەشەپێدانی كاری ژنان لە ناوچەكە تەرخان دەكرێت.

20 وڵات نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی خۆیان کردۆتەوە
دوور لەلایەنە داراییەكەی، بە لای دەسەڵاتدارانی مەغریبەوە، بڕیاری گەڕاندنەوەی سەروەریی بیابانی خۆرئاوا بۆ ریبات، هەنگاوێكی مێژوویی گەورە بوو و لەو چەند مانگەی كۆتایی ساڵی رابردوودا، 20 وڵات نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی خۆیان لە شارەكانی داخلە و عیون كردەوە، لەنێویشیاندا، دوورگەكانی قەمەر، لیبیریا، بۆركینافاسۆ، بەحرێن و ئیمارات. ئەو هەنگاوەش ناڕەزایی بەرەی پۆلیساریۆی لێكەوتەوە و بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتیی ناویبرد.

لەگەڵ هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان یەكناگرێتەوە
مەغریب 80 %ی خاكی بیابانی خۆرئاوای كۆنترۆڵكردووە، كە رووبەرەكەی 266 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت و پێشنیازی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەو ناوچەیە كردووە، بەڵام بەرەی پۆلیساریۆ داوای راپرسیی دەكات بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ناوچەكە، لەسەر بنەمای دەقی رێكەوتننامەی ئاگربەستی نێوان هەردوولا، كە دوای 16 ساڵ لە شەڕ، ساڵی 1990 بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان ئیمزا كراوە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*