سەرەکی » راپۆرت » ״چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم״پەڕە 25

״چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم״

راپۆرتی كۆتایی هەفتە

سەرۆكایەتییەكانی عیراق جەخت لەسەر «چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان» دەكەنەوە.

چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم
سەرۆكایەتییەكانی عیراق (سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری)، دوێنێ لە بەغدا كۆبوونەوە و لە راگەیەنراوەكەی كۆبوونەوەكەدا هاتووە «كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی عیراق؛ جەختدەكاتەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لەبارەی دۆسێ داراییە هەڵپەسێردراوەكانەوە، بەتایبەتی پاراستنی مافی سەرجەم مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەكان».

هەڵبژاردنی پێشوەختە
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆكایەتییەكانی عیراق بە ئامادەبوونی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆبوونەوە و « گفتوگۆ كرا لەبارەی دۆسێی هەڵبژاردنەكانی داهاتووەوە».

لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر «پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو و ئامادەكاریی پێویست بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە»، كرایەوە.

״گفتوگۆی نوێنەران لەسەر بودجە بەردەوام دەبێت״
پەیوەست بە دۆخی عیراق، گفتوگۆكانی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقەوە بەردەوامە.

لەوبارەیەوە، دکتۆر بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوام بوو، «چەندین پێشنیاز لەبارەی بڕگەو مادەكانی پڕۆژەیاساكەوە خرانەڕوو»، وتیشی: دوای تەواوبوونی گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەبارەی پڕۆژەیاساكەوە، لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە راپۆرتی كۆتایی ئامادەدەكرێت .

״433 حزب داوایان بۆ خۆتۆماركردن پێشكەشكردووە״
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەش ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق بەردەوامە و بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان «433 حزب داوایان بۆ خۆتۆماركردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێشكەشكردووە».

 116 جار بینراوە