سەرەکی » ئاراستە » لە یادی کۆچی دوایی باوکی ئازیزمدا

لە یادی کۆچی دوایی باوکی ئازیزمدا

ھەتا ئەو رۆژەی باوکم کۆچی کرد، بەداخەوە دەیان جار مراندیان، لەکاتێکدا ئەو پیاوە لەسەر ئێمەی خێزانەکەی ھیچ زەحمەت و بارگرانییەکی نەبوو، چجای لەسەر خەڵکی تر.

ئەوکاتەشی رویشت و بۆ ھەتاھەتا جێیهیشتین ئەوسا ھەموو زانیمان چەندە شوێنەکەی لەناخمانداو لەبەرچاومان بەتاڵە، بەتایبەتیش لای ئێمە. لای ھونەر و ھونەرمەندان، کەریم کابان کە بە بەرھەمەکەمەکانی ئایکۆنێکی دیاری میوزیکی کوردی بوو، لەدەستچوو، دەکرا بەرھەمی زۆری تری ھەبێ، بەڵام مەخابن نەبوو، جێگاکەی بەتاڵ و بێ پڕکردنەوە دەمێنێ و سەدای ئاوازو گۆرانییەکانیشی تا ھەتا ھەتایە ھەردەمێنێ. لای ھاوەڵەکانی کە ھەندێکیان ماون، ھاوڕێ دڵسۆزەکەی جارانیان رۆیشت، کە گەر رۆژێکێش لە بەر ھەر ھۆیەک بووبێ نەیبینینایە، دەبوو بە تەلەفۆن ھەواڵی بپرسینایە. لای ئەوان جێگاکەی چۆڵەو تامەزرۆی قسەو نوکتەو پێکەنینەکانین. بەندە ماوەیەک پاش کۆچی دوای باوکم سەرێکی رەحمەتی کاک مستەفای رازاوەم دا لە دوکانەکەی لە شەقامی مەولەوی، پاش دانیشتن سەیرێکی کردم و بەحەسرەتەوە گوتی: بەخوا کاک شوان جێی باوکت زۆر چۆڵە و زۆریشی بیر ئەکەم، حەیف بۆ کەریم کابان. لای ئێمەی خانەوادەو بنەماڵەکەی ماڵئاوایی ئەو بۆ ئێمە زۆر قورس بوو، ئەو وەک پەتی تەزبیح وابوو بۆ بنەماڵە، بەداخەوە کە پچرا، ھەموو پەرتەوازەبووین، کەم جارو بەدەگمەن کۆدەبینەوە، شوێنەکەی زۆر خاڵییە، بۆشاییەکی گەورەی لەبەرچاوو ناخماندا دروستکردووە، نە راستەوخۆ نە بەتەلەفۆن گوێمان لەدەنگی نییەو ئەوە دیداریشی ھەر ھیچ. ئەگەرچی لەدوو ساڵی کۆتایی تەمەنیدا کەمتر دەدواو کەمتر دەمانبینی، بەڵام بۆ ئێمە ھەر ئەو کۆڵەکە بەھێزە بوو کە تەلاری ژیانمانی راگرتبوو. بۆ منیش، ھەمیشە لەیادو لەبەرچاومە، لە رانییەوە کە تازە فامم کردبۆوە ھەرکاتێک نەخۆش بوومایە یان بێتاقەت بوومایە، بەدەنگی شمشاڵەکەی ئارامی دەکردمەوە، تا ساڵانی غەریبی و دەربەدەری نەفیی خوارووی عیراق کاتێک ھەموو ھەوڵێکی ئەوەبوو ھەست بەغەریبی و تەنیایی نەکەین و بۆ ئەوەش ھەموو ھەفتەیەک دەیبردین بۆ سینەماو جارێکیش بۆ گەشت، من لەوەوە حەزم لە سینەماو فیلم کرد، تا جارێکی تر پەیوەندی کردن بەشۆڕشەوەو چاوەڕێی گەڕانەوەی مانگانەی لەسەرکردایەتی کە دەترساین شەھید بێ، تا سەردانە پڕ مەترسییەکانی بۆ لای من لەکاتی پێشمەرگایەتیمدا، تا پاش راپەڕین و دڵخۆشبوونی رادەبەدەری بەڕزگاربوونی کوردستان، تا نەخۆشکەوتنی وردەوردە کزبوونی مۆمی تەمەنی، ھەموو ئەمانە وەک فیلم بە بەرچاومدا تێدەپەڕن و رۆحم ماندوو دەکەن. شەوان درەنگ، کاتێک دەورم چۆڵ دەبێ زۆرجار لەگەڵ ئەو وێنە گەورەیەی کاروانی مامە قادرم کێشاوێتی و لەیەکەم ساڵیادی کۆچی دواییدا بەدیاری بۆی ھێناین و ئێستا لەژووری دانیشتنەکەمان بەرامبەر خۆمان ھەڵمانواسیووە، ئەکەومە گفتوگۆ و پرسیاری جارانی پڕ دەربەدەری و ئەم شار و ئەو شاری لێدەکەم، پرسیاری ئیزگەی بەغدا و تیپی مۆسیقای سلێمانی و ئاوازی تازەی لێدەکەم، ھەواڵی مامە قادر و دایکمی لێ ئەپرسم! ھەواڵی ھاوڕێیانی و گەڕەک و جارانی شاری لێ دەپرسم! کە وەڵامم دەست ناکەوێ و بێدەنگی دەمکۆژێ، خۆم ئەدەمە دەست رەحمەتی فرمێسک تا کەمێک رۆحم ئاسوودە بێ. چی بکەم بیرت دەکەم. یادت بەخێر و گۆڕت پڕ نوور بێ.

شوان کەریم کابان

 146 جار بینراوە