سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جەنگی و مستەفا کازمی چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد

لاهور شێخ جەنگی و مستەفا کازمی چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٦ـی١ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبووەوە.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هەرێم کەمال ئاغا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراقدا.

لاهور شێخ جەنگی پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاساییەی کە تایبەتە بە پشکی کورد و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی٢٠٢١ لە پێناوی چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

هاوکات داواشیکرد کە پشکی جوتیارانی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت و وەک بەڵێنیان پێدرابوو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق لەو بارەیەوە لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە لەسەر رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بە هەوڵی هەموو لایەنەکان و رایگەیاند: هەر بڕیارێک لەلایەن حکومەت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت وەک یەکێتی پشتیوانی دەکەین بۆ تەواوکردنی ئامادەسازییەکان و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەرکەوتنی پرۆسەکە.

داواشیکرد سەرۆک وەزیران رۆڵی هەبێت لە دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ئارامی زیاتر لە ناوچە دابڕێندراوەکان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئامادەیی خۆی دەربڕی کە هاوکار و پشتیوان بێت و هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێناوی سەقامگیری عیراق و پاراستنی مافی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی دەستوری عیراقدا.

 94 جار بینراوە