سەرەکی » راپۆرت » چارەسەری كێشەكان لە دیدی یەكێتی-یەوە

شرۆڤەی رۆژ

چارەسەری كێشەكان لە دیدی یەكێتی-یەوە

تەحسین تەها چۆمانی

دوای دەستپێكردنی گفتوگۆكانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عیراق و نیگەرانییەكان لەبارەی تێپەڕاندنی پشكی كورد لە پڕۆژەیاساكەدا، كە تاوەكو ئێستا روون نییە لە ئەنجومەنی نوێنەران چۆن تێدەپەڕێنرێت، هەوڵە سیاسییەكان بۆ چارەسەری ئەم پرسە وەك ئەوەی لە پێشوودا دەستیپێكردبوو، ئێستا زیاتر بووە.

لە هەرێمی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەمیشە پێیوابووە «پێویستە بژێویی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتیان تێكەڵ بە پرسە سیاسییەكان نەكرێت»، بۆ یەكێتی ئەمە دوو پرسی جیاوازە، بۆ ئەوەش یەكێتی بەردەوام جەختی لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كردۆتەوە و دوو بنەماشی بەپێویست زانیوە، ئەوانیش؛ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ، دەستوور بنەما بێت بۆ كۆتاییهێنان بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان.

تا ئێستا روون نییە كە پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021دا بە كوێ دەگات، بۆیە لەپێناوی چارەسەری كێشەكاندا، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی بەغدای كرد.

لە دوا كۆبوونەوەیدا لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هاوسەرۆكی یەكێتی جەختیكردەوە لە «تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاساییەی، كە تایبەتە بە پشكی كورد و شایستە داراییەكانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 لەپێناوی چارەسەركردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتیان و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم». هاوكات داواشیكرد «پشكی جووتیارانی

هەرێم لەبەرچاوبگیرێت و وەك بەڵێنیان پێدرابوو كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت».
یەكێتی ئەمە بە ئەركی خۆی دەزانێت كە دەریچەیەك بۆ چارەسەری كێشەكان بدۆزێتەوە، هەروەك سەرۆك مام جەلال-یش تەئكیدی كردۆتەوە «بۆ هێنانەدیی تەواوی ماف و ئامانجەكانی گەلەكەمان، هەمیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ریزی پێشەوەدایە و رۆڵی گرنگ دەبینێت».

دۆخی عیراق، ئێستا زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە بە دۆخێكی دژواری ململانێی سیاسی، ئابووریدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت كە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەش هێندەی دیكە هەستیاریی سیاسی دروستكردووە.

یەكێتی بۆ ئەم دۆخەی كە عیراق تێیكەوتووە و كێشەكانیش لەگەڵ هەرێم چارەسەر نەكراون، پێش ئەوەی ئەو هەستیارییەی كە لەلایەن بەشێكی لایەنەكانەوە بەرامبەر بە پشكی هەرێم لەئارادایە، زیاتر بێت، پێیوایە دەبێت چەند هەنگاوێك بگیرێنەبەر، لەوانە:

یەكەم: جەختكردنەوە لەسەر یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان.

دووەم: بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا و پابەندبوون بە هەر رێكەوتنێك كە لەنێوان وەفدی هەرێم و بەغدا دەكرێت.

سێیەم: بەفیڕۆنەدانی كات و سەردانی وەفدی لایەنە سیاسییەكان و حكومەت بۆ بەغدا، بۆ تێپەڕاندنی پشكی كورد لە پڕۆژەیاسای بودجەدا.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چ لە بەغدا و چ لە هەرێم، روئیای سیاسی خۆی هەبووە بۆ خۆگونجاندنی هەردوولا لەگەڵ ئەو دۆخەی لە ئارادایە، بۆ ئەوەش هەمیشە پێیوابووە دەبێت «دەستوور بنەما سەرەكییەكە بێت».

 129 جار بینراوە