سەرەکی » راپۆرت » لامەركەزیی بۆچی؟

شرۆڤەی رۆژ

لامەركەزیی بۆچی؟

هەواڵ و بەدواداچوون

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پڕۆژەكەی بۆ پرسی سیستمی لامەركەزیی لە هەرێمی كوردستان، بڵاوكردەوە. پڕۆژەكە لە 11 مادە پێكهاتووە و بەڕوونی مەبەست و ئامانجەكانی لامەركەزیی، یان نا ناوەندێتی تێدا خراوەتەڕوو.

وەك لە پڕۆژەكەدا هاتووە، «مەبەست لە نا ناوەندێتی بریتییە لە دابەشكردن و دابەزاندنی دەسەڵاتە كارگێڕیی و دارایی و تەكنیكی و یاساییەكان لە نێوان حكومەتە خۆجێییەكان و دامەزراوە ناوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان».

لە پاڵ وردەكاریی تەواوی ئەو پڕۆژەیەدا، ئەو پرسیارە گرنگە، كە بۆچی یەكێتی جەخت لە پرسی نا ناوەندێتی دەكاتەوە و كاری بۆ دەكات؟

ئەزموونی چەند ساڵەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و سیستمە ئیداری و كارگێڕییەكەی ئەوەمان پێدەڵێن، كە لە هەرێمی كوردستان، جێگرەوەی ناوەندێتی بۆتە پێویستییەكی سەرەكی و چارەنووسسازی كۆی ئەو قەیرانانەی كە رۆژ بە رۆژ لە كەڵەكەبووندان. بەوپێیەی ناوەندێتی، یان مەركەزییەت، بە درێژایی چەندین ساڵ نەیتوانیوە لەلایەنی كارگێڕی و دارایی و دەسەڵاتەوە، ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە تەواوی پارێزگاكاندا متمانەیان بە یەكە ئیدارییەكان هەبێت و لەگەڵ خۆشیدا جۆرێك لە هاوسەنگی بهێنێتە ئاراوە. دیارترین لاوازیی سیستمی مەركەزییەت، ئەو ناهاوسەنگییەیە كە لە هەناوی دەسەڵاتە كارگێڕیی و داراییەكەیدا هەیە، ئەم ناهاوسەنگییە وێڕای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی مەركەزییەوە ناتوانرێت چارەبكرێت، پرسی رۆتین و گەندەڵی و نایەكسانیی لە نێوان پارێزگاكان و تەواوی قەوارەی سیاسیی هەرێمیشدا، زیاتر كردووە.

رەنگە لە دوای ئەم پڕۆژەیەوە، كۆمەڵێك دیدو تێڕوانینی جیا و سیاسی بێنە ئاراوە، كە لە پێشووتردا بە رێك و رەوانی ئەمە دەبینرا، یەكێك لە دیارترین ئەو دیدە سیاسییانەی كە لە كاردانەوەی ئەو پڕۆژەیاسایەدا رەنگە بێتە ئاراوە ئەوەیە، كە «پڕۆژەكە هەوڵێكە بۆ لاوازكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێم و لێك جیاكردنەوەی پارێزگاكان»، بەڵام تێزەكانی نا ناوەندێتی لە بەرامبەر ناوەندێتی ئەوەمان پێدەڵێن، یەكێك لەو هۆكارانەی كە دەبێتە هۆی دابەشبوون و لێك جیاكردنەوەی نەتەوەیەك، رەهاییە لە پرسی مەركەزییەتدا، بەڵام ئەوەی وا دەكات ئەو كەلێنە پڕ بكاتەوە، نا ناوەندێتی و بەرژەوەندیی هاوبەشە.

هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، رۆژانە كە گلەیی لە سیستمی ئیداری و دارایی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم دەكەن، لە راستیدا بە ناڕاستەوخۆ گلەیی لە سیستمی مەركەزی و خراپییەكانی دەكەن، بەو لێكدانەوەیەش بێت نا ناوەندێتی بۆ ئەم دۆخەی هەرێم دەكرێت وەك تەنیا ئەڵتەرناتیڤی ناوەندێتی لێی بڕوانرێت.

دۆخی ناوەندێتی هەرێم، بە درێژایی چەندین ساڵ وەك دەبینرێت بەرهەمەكەی جۆرێك بووە لە بێدەسەڵاتكردنی پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكانی، واتە هیچ یەكێك لە پارێزگارەكان نەیانتوانیوە پارێزگاری دەسەڵاتداربن لە راییكردنی ئیشوكارەكانیاندا. بێ شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە ئیداریی و داراییەكان بۆ پارێزگاكانی هەرێم و لەوێشەوە بۆ یەكە ئیدارییەكانی دیكە، ئەستەمە هەرێم بەو ناوەندێتییەی كە تەمسیلی حوكمڕانی دەكات، بتوانێت قەبارەی قەیرانەكان، گەندەڵی، بێكاریی كەم بكاتەوە و هاوسەنگی لە داهاتدا بكات.

 225 جار بینراوە