سەرەکی » مانشێت » هاوسەرۆکانی یەکێتی و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە

هاوسەرۆکانی یەکێتی و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ـی١ـی٢٠٢١، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازییان کرد لە رۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدی هاوڕێی.

لە دیدارێکدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان و عیراق تاوتوێ کرا لەبەر رۆشنایی پێشهات و رووداوەکانی ئێستا و پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکانیش دووپات کرایەوە بە ئامانجی سازکردنی دیالۆگی جدی و لابردنی بەربەستەکان.

هاوسەرۆکانی یەکێتی جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێناوی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی ئارامی ناوچەکە.

تەئکیدیشیان لە جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی کردەوە لە چوارچێوەی رێکەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە حکومەت، هاوکات بە خاڵێکی گرنگیان لە قەڵەمدا بۆ بەهێزکردنی حکومەت و پاراستنی زیاتری قەوارەی هەرێمی کوردستان و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم.

ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشیان دووپات کردەوە بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی و پاراستنی یەکڕیزیی لە نێوان هێز و لایەنەکاندا.

هاوسەرۆکانی یەکێتی داوایان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرد کە رۆڵی خۆی ببینێت لە لێکنزیک کردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە پێناوی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کۆتایی هێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور بە جۆرێک کە مافەکانی هاووڵاتییانی تێدا پارێزراو بێت و چیتر ڕێگە نەدرێت قووت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسییەکان بکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک پارێزراو بێت.

کونسوڵی گشتی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامی هەوڵەکان و یارمەتیدان و هاوکاریکردنی لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ڕێکەوتنی کۆتایی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.

راشیگەیاند کە وڵاتەکەی لە رووی پێداویستی پزیشکی و کەرتی تایبەتەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

 180 جار بینراوە