سەرەکی » وتار » ئایا راستە پێشمەرگە 138 گوندی رووخاندووە؟

ئایا راستە پێشمەرگە 138 گوندی رووخاندووە؟

سەمەد چاوشین

ھەرکە لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2014 شەمشەمە کوێرەکانی داعش بە فیتی چەند وڵاتێک روویان لە عیراق کرد، سوپای عیراق لە زۆربەی ناوچەو پارێزگایەک ھەرەسی ھێنا و پارێزگا و شارەکانی تکریت و نەینەوا و رومادی و قەزای حەویجە و ناحیەکانی ریاز و رەشاد و عەباسیە و زاب لە شاری کەرکوک کەوتنە دەستی داعشەوە، ئەگەر قارەمانێتی پێشمەرگە نەبووایە، کەرکوکیش بەدەردی ئەو شارانە دەچوو، داخەکەم کاربەدەستانی ئەمڕۆی کەرکوک لەجیاتی ئەوەی پاداشتی پێشمەرگە و سەرکردایەتی کورد بدەنەوە کە نەیهێشت کەرکوک وەکو موسڵ و تکریت و رومادی خاپووربێت، لەجیاتی ئەوەی تەرمی پێشمەرگەکان ئاشکرابکەن کە چۆن لە حەویجە سووکایەتییان پێکرا، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک لە لێدوانێکدا دەڵێت ١٣٨ گوند لە سنووری حەویجە و زاب و ریاز و عەباسییە بەدەستی پێشمەرگە خاپوورکراون و داوادەکات لەلایەن حکومەتی عیراقەوە قەرەبوو بکرێنەوە، گوایە پێشمەرگە غەدری لێکردوون.

بۆیە دەمەوێ چەند راستییەک بخەمەڕوو:

یەکەم- ئەوە پێشمەرگە و ئاسایش بوون پارێزگارییان لە ھەموو خەڵکی کەرکوک دەکرد بەبێ جیاوازی.

دوەم- ئەوە ئاسایشی یەکێتی بوو لە کەرکوک چەندین جار ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و توانییان منداڵی تورکمان و عەرەب، دکتۆری تورکمان و عەرەب، بەڵێندەری تورکمان و عەرەب کە وەکو بارمتە لای تیرۆریستان گیرابوون، رزگار بکەن.

سێیەم- تا سوپای عیراقیش ھاتەوە حەویجە و رەشاد و زاب و عەباسیە، رۆژێک لەرۆژان دەستی پێشمەرگە نەگەیشتە ئەو ناوچانە، ئیتر چۆن پێشمەرگە خاپووری کردوون؟

چوارەم- حەویجە و ریاز و عەباسیە و رەشاد مۆڵگەی سەرەکیی داعش بوون و لەلایەن فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان و فڕۆکەی عیراقەوە خاپوورکران، نەک لەلایەن پێشمەرگەوە.

پێنجەم- نازانم بەچ روویەکەوە داکۆکی لە حەویجە و ناحیەکانی دەکەن کە تائیستاش مۆڵگەی تیرۆریستانن؟

شەشەم- داخەکەم دەبوو سەرکردایەتیی کورد داوای قەرەبووی لەئێوە بکردبایە لە تۆڵەی پێشمەرگە دیلەکانی حەویجە، نەک ئێوە پێشمەرگە تۆمەتبار بکەن.

حەوتەم- جا ئەگەر وابێت و بەو پێوەرە بێت، ئەوا دەبێت خەڵکی موسڵ و تکریت و رومادیش سکاڵا لەسەر ھاوپەیمانان و سوپای عیراق تۆماربکەن، خۆ لەو شوێنانەش پێشمەرگەی لێ نەبوو!

 181 جار بینراوە