سەرەکی » راپۆرت » چیرۆکی ئەو رۆژەی بایدن هاتە كەركوك

چیرۆکی ئەو رۆژەی بایدن هاتە كەركوك

راپۆرتی؛ كەناڵی ئاسمانیی كەركوك

«ئێمە عیراق جێدەهێڵین، ئەوكات ئەگەر دیكتاتۆرێك لە سەدام خراپتریش بگاتە دەسەڵات، پەیوەندیمان پێوە نابێت، مادەم پڕۆژەیەكتان بۆ پێكەوەژیان نییە».

جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، پێش 11 ساڵ لەمەوبەر، لە پەراوێزی سەردانێكیدا بۆ كەركوك، ئەم چەند وشەیەی بە گوێی نوێنەرانی كورد، عەرەب و توركماندا دا، كە ئەوكات بە نیگەرانییەوە كەركوكی بەجێهێشت.

كۆبوونەوەكە لە 13ی كانوونی دووەمی 2009 لە فڕۆكەخانەی كەركوك، بەڕێوەچوو، ئەوكات جۆ بایدن سیناتۆر بوو، هاوكات پاڵێوراویش بوو بۆ جێگری سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما.

״لەسەر یەك بەرنامە رێكبكەون و پێكەوە شكۆمەندیی بۆ خەڵكی كەركوك بگەڕێننەوە״
سەردانەكەی جۆ بایدن، هاوكات بوو لەگەڵ مقۆمقۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە 31ی كانوونی دووەمی هەمان ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی دیاریكرابوو بە پارێزگای كەركوكیشەوە، بەڵام زۆرترین ململانێی هەولێر و بەغدا لەسەر چۆنێتی بەشداربوونی كەركوك بوو لەو هەڵبژاردنەدا. جۆ بایدن، كە هەم بۆ گوێگرتن و هەم بۆ ئامۆژگاریی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان سەردانی كەركوكی كردبوو، بە نیگەرانییەوە پارێزگای كەركوكی بەجێهێشتووە كاتێك هەستیكردووە بۆچوونی پێكهاتەكان بۆ ئایندەی پارێزگای كەركوك لە یەكترییەوە دوورن. جۆ بایدن لە كۆبوونەوەكەدا داوایلێكردوون «لەسەر یەك بەرنامە رێكبكەون و پێكەوە شكۆمەندیی بۆ خەڵكی كەركوك بگەڕێننەوە».

بەرنامەی نوێنەری پێكهاتەكان
ئەو بەرنامەیەی نوێنەری پێكهاتەكان لە كەركوك، پێشكەشی جۆ بایدن-یان كردبوو، ناوەڕۆكەكانیان لە یەكترییەوە دووربوون. كورد داوایدەكرد كەركوك بەتەواوەتیی بخرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان. عەرەب بە خاكی عیراقیان دەزانی و داوایان دەكرد هەر وەكو خۆی بمێنێتەوە. هەرچی توركمان بوو ئەوكات پێداگریی دەكرد بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ. لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، كە ئەوكات جێگر بوو، بە جۆ بایدن دەڵێت: تۆ هەر ئەو كەسە نیت كە پڕۆژەیەكت هەیە بەناوی «پڕۆژەی بایدن»ەوە؟، بایدن؛ وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: ئەو پڕۆژەیە من خاوەنی نەماوم و بووە بە پڕۆژەیەكی ئەمریكی و بەناوی منەوە لە ئەنجومەنی سیناتۆرەكانی ئەمریكا لەسەر رەفەكان ماوەو 75 دەنگی لە كۆی 100 دەنگ بەدەستهێناوە. كە ئەو پڕۆژەیە چارەسەرێكی باش بوو بۆ عیراق.

لە سەروەختی هاتنی جۆ بایدن بۆ عیراق لە ساڵی 2009، مەسعود بارزانی لە هەوڵی ئەوەدابوو ناكۆكییەكان لەسەر هەڵبژاردنەكان بكات بە دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە كەركوكیشی دەگرتەوە، بەڵام عەرەب لە كەركوك بەربەستی دروستكرد و ناڕازی بوو، بەتایبەت لە بەكارهێنانی ئاماری دەنگدەران و دانیشتووانی كەركوك بۆ رەتكردنەوەی ئەم هەوڵانە، ئەمەش بە یەكێك لەو هۆكارانە دادەنرێت، كە بەهۆیەوە جۆ بایدن سەردانی كەركوكی كرد.

״كەركوك دەكرێت گەورەترین خاڵی وەرچەرخان بێت״
پاش چەند مانگێك لە سەردانەكەی بۆ كەركوك، جۆ بایدن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ABC دەڵێت: نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیانكردووە بە پڕۆژەیەك بۆ مامەڵەكردن لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان لە عیراق. كەركوك دەكرێت گەورەترین خاڵی وەرچەرخان بێت بەرەو توندوتیژیی زیاتر.

بەپێی میدیا ئەمریكییەكان، جۆ بایدن ئەوكات سەركەوتووانە توانی بەغداو هەرێم بگەیەنێتە رێكەوتن و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوەبچێت، بەڵام كەركوك لەو هەڵبژاردنە دەركرا.

ئەوكات جۆ بایدن، كە سەردانی كەركوكی كرد، تەنها سیناتۆرێك بوو، بەڵام ئێستا بایدن سەرۆكە و كەركوكیش هەر وەكو ئەوكاتە نە پڕۆژەی بۆ پێكەوەژیان هەیە و نە رووناكییەكیش بۆ ئاشتی و ئارامی بەدیدەكرێت.

 218 جار بینراوە