سەرەکی » هەواڵ » دەریای ناوەڕاست؛ 268 كۆچەر رزگاركران

دەریای ناوەڕاست؛ 268 كۆچەر رزگاركران

كەشتییەكی سەر بە رێكخراوی ئێس ئۆ ئێس-ی ناوەڕاست، لە نزیك كەناراوەكانی لیبیا 149 كەسی رزگار كرد.

سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە: دوای چەند سەعاتێك لە رزگاركردنی 119 كەس لە نزیك كەناراوەكانی لیبیا، كەشتیی ئۆشن ڤایكینگ 149 كەسی دیكەی لە هەمان ناوچە رزگار كرد، بەو پڕۆسەیەش، لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعات، كەشتییەكە 268 كەسی لە مردن رزگار كردووە.

ئاماژەیان بەوەشكردووە: زۆربەی رزگار كراوەكان خەڵكی ئەفریقیان ‌و 58 كەسیان لە خوار تەمەنی 18 ساڵەوەن ‌و چوار منداڵی شیرەخۆرەیان تێدا بووە.

ئێستا ئۆشن ڤایكینگ تەنها كەشتیی سەر بە رێكخراوێكی ناحكومییە لە ناوچەكەدا، كە لە دەریای ناوەڕاستدا بە هانای ئەو كەسانەوە دەچێت، كە دەیانەوێت لە وڵاتانی ئەفریقیاوە بە نایاسایی خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا ‌و كۆچەرەكانیش زیاتر لە تونس ‌و لیبیاوە دەیانەوێت بە ئیتالیادا خۆیان بگەیەننە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا. بە وتەی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ-یش، لە ساڵی 2020 دا زیاتر لە هەزار 200 كۆچەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.

چەند رۆژێكیش لەمەوبەر، بەلەمێكی كۆچەران كە لە لیبیاوە بەرەو ئیتالیا بەڕێكەوتبوو، لە دەریادا تێكشكا ‌و بەهۆیەوە 43 كۆچەر گیانیان لەدەستدا.

 73 جار بینراوە