نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد
زۆرن ئەو یارییە فۆلكۆرییە كوردەوارییانەی لەشاری كەركوك دەكرێنو خەڵكی چێژ لەتەماشاكردنیان وەردەگرن یاریی (دامە ـ داوە)ش یارییەكی كۆنی كوردەوارییەو مێژوویەكی دوروودرێژی هەیەو خەڵكێكی زۆریش لەشارەكەدا ئەو جۆرە یارییە فۆلكلۆرییە دەكەنو بەیارییەكی كوردەواری دەزاننو بۆچوونیان وایە كەزۆر جیاوازترە لەیاریی شەترەنج بۆ ئەم مەبەستەش بۆچوونی چەندین یاریزانمان سەبارەت بەم یارییە وەرگرتووە.
مێژوونوسێك رایدەگەیەنێت؛ هەر لەبەرە بەیانی مێژوویەوە مرۆڤی كورد جوانكاری خۆی لەیاری دامەدا بەكارهێناوە، تا گەیشتۆتە ئەم سەردەمەی ئێستامانو رەنگو بۆی رابردووی خۆی هەڵگرتووە.
دامە جۆرەها یاری تێدایە
محێدین عەبدوڵڵا لەسەر یاریی دامە بەكوردستانی نوێی وت: یاریی دامە، یارییەكی كۆنی كوردەوارییەو بەیەكێك لەیارییە رەسەنەكانی كورد دەزاندرێتو دوو ناوی تایبەتیی هەیە، یەكێكیان دامە واتە: لێكدانەوە، بەعەرەبی التفكر ناوی دووەمیان داوە واتە: داونانەوە تەڵە بۆ ئەوەی لەبەرامبەرەكەت ببەیتەوە، یاریی دامە بریتیە لە 64 خانە (8×8)و دوو كەس بەرامبەر بەیەك دادەنیشن، هەرلایەكیان ریزی بەردەم خۆی بەچۆڵی دەهێڵێتەوەو 16 بەرد لەڕیزی دووەمی پێش خۆی دادەنێتو سەدەها جۆر یاریی تێدایە، بۆ ئەوەی لەبەرامبەرەكەی بباتەوە، ئەوەشی كەگەیشتە دواخانەی بەرامبەرەكەی، ئەوا دەبێتە ئاغای دامەو دەتوانێت بەنێو هەموو خانەكاندا بسوڕێتەوەو بەرد هەڵبگرێت.
وتیشی: كورد وەك نەتەوەیەكی رۆژهەڵاتی هاوشانی نەتەوەكانی تری ناوچەكە ئەم یارییەی كردووە، ئێستا ئەم یارییە لەهیندستانو پاكستانو ئەفغانستانو ئێرانو توركیاو وڵاتانی جیابووەوە لەروسیا هەمووان ئەم یارییەیان تێدایەو یارییەكە دەكەنو یارییەكە لەهەموو قوژبنێكی ئەم وڵاتاندا پەرەیسەندووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی یەكێتییەكی تایبەت بەیارییەكەوە، یاریی دامە نەبووەتە هاوتای یاریی شەترەنج كەئەمە جێی داخەو ئەم یارییە بەیارییەكی نێودەوڵەتی ئەژمارناكرێتو خوولو پاڵەوانێیی نێودەوڵەتیی بۆ ناکرێت.
لەیەكچوونی یاریی دامە لەگەڵ شەترەنج
ئەو یاریزانە باسی لەوەشكرد یاریی دامە زۆر جیاوازیی لەگەڵ شەترەنجدا هەیە، ئێمە خۆمان جۆرە یاسایەكی زیاترمان دانا بۆ پاڵپشتیی یاسا كۆنەكانی یاریی دامەو ئێستاش لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بكرێتە کتێبێكی یاساكانی دامە، ئەوەی من ئاگادارم لەساڵانی پەنجاكاندا كۆمەڵێك پیاو ماقووڵ هەبوونو بەتایبەتی لەچایخانەكانی (یادگار، عاشوور) لەگەڕەكی ئیمام قاسم، لەچەند چایخانەیەك یاریی دامە دەكراو لەبیرمە تەختەی ئەو دامانەی كەیاریی لەسەر دەكرا كۆنو چاڵ ببوون، دەبێت چەندین كەسی تر پێش من یارییان لەسەر كردبێت، ئێستاش یاریزانی زۆر باشمان هەنو بەردەوام سەرقاڵی دامەكردن لەكاتی پشوویاندا.
یارییەكە تەنیا بۆ كات بەسەربردنە
حاجی كەریم ساڵح، ماوەی 40 ساڵە یاریی دامە دەكاتو بەیارییەكی فۆلكلۆری كوردەواری دەزانێت بەكوردستانی نوێی وت: بۆ یەكەمجار لەساڵی 1971 و لەبەردەم هاندەرانی خۆمدا چوار جار لەمەلا شكورم بردەوە كەئەو یاریزانێكی زۆر باشەو لەنێو شاری كەركوكدا كەسێكی بەناوبانگە لەم جۆرە یارییەداو ئەوكات زۆربەی پلانەكانی دامەی دەزانیو دەیتوانی بەهەموو جۆرێك یاریی بكات، ئیتر لەو كاتەوە ركابەرایەتی لەنێوانماندا دروستبوو، هەربۆیە بەردەوام لەبەرامبەر یەكتردا هەوڵی بردنەوە دەدەین.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئێمە زیاتر لەدوای بانگی عەسرەوە ئەم یارییە دەكەینو یارییەكەش تەنیا بۆ خۆشیو كات بەسەربردنو چێژ وەگرتنە، من خۆم لەگەڕەكی ئازادیی شاری كەركوك فێری ئەمجۆرە یارییە بوومو تائێستاش بەردەوام ئەم یارییە دەكەمو بەشداری چەندین خولو پاڵەوانێتیی دامەم كردووەو پلەكانی دووەمو سێیەمم بەدەستهێناوە، چونكە ژەمارەیەك یاریزانی باش بەشدارییان تێدا كردبوو.
لەپێنجوێن یارییم كردووە
عەلی فایەق، كەیاریزانێكی تری ئەم یارییەیە سەبارەت بەچۆنیەتیو ناوەڕۆكی یاریی دامە بەكوردستانی نوێی وت: لەهەر شوێنێك یاریی دامە هەبێت دەڕۆم، چەندینجار بۆ دەرەوەی شاری كەركوك رۆیشتوومو یارییم كردووە، بۆ نموونە لەقەزای پێنجوێن یارییەكیان لێم بردەوە، دوای سێ رۆژ ئەمجا پلانەكەیانم دۆزییەوە، لەناحییەی كاكەمەند لێیان بردمەوەو سەعات (4)ی بەیانی دەستەكەیانم ئاشكراكرد، چونكە یارییەكە خۆی بۆچوونی شەڕە پلانی جەنگە، بیر لەوە دەكەیتەوە چۆنو بەچ پلانو شێوازێك لەبەرامبەرەكەت ببەیتەوە ئەوەی من بیزانم ئەم یارییەش (63) جۆر (ئۆین) یاخوود فێلی سپیی تێدایە، بۆ نموونە یاریی مەیموونە، ئاڵت داش واتە: بەشەش بەرد ئاغا دامە دەكەیت كەتوركەكان زۆرتر ئەم یارییە دەكەن.
باسی لەوەشكرد بەچاوی خۆم بینیوومە لەئەمریكا، ئەمریكییەكان دانیشتوون یاریی دامەیان كردووە، بەڵام بەداخەوە ئەم یارییە یارییەكی نێودەوڵەتی نییەو لەزۆر وڵاتیشدا یارییەكە دەكەنو باشترین یارییش لەشاری كەركوك دەكرێت، بەتایبەتی لەهەردوو گەڕەكی (ئیمام قاسم و رەحیم ئاوا).
یاری لەنێوان قانق-ی شاعیرو ئاغادا
شاخەوان مەلا محێدین تەمەنی 45 ساڵەو ماوەی 15 ساڵ دەبێت ئەم یارییە دەكاتو بەیاریزانێكی باش ناوی دەبرێت، شاخەوان سەبارەت بەیارییەكە وتی: دەتوانم بڵێم مێژووی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ (200) ساڵ لەمەوبەر، نموونەشم ئەوەیە كەلەسەردەمی (قانعی) شاعیردا ئەم یارییە باوبووەو ناوبراو باسی ئەوەش دەكات كە لەسەردەمانێكی زوودا یارییەكە كراوەو وەك لەشیعرەكانیشیدا دەردەكەوێت حەزی لەجەو روستەم نەبووەو خەڵكی زۆرداری پێ قبوڵ نەبووە بەتایبەتی ئاغاو زۆردارەكان. لەیارییەكی قانعو ئاغادا، ئاغا یاخوود دامە بۆ قانع دادەنێتو پێیدەڵێت: ئەو پووشە بخۆ، دواتر قانع زۆری پێناخۆش دەبێتو یارییەكە بەجێدەهێڵێت، رۆژێكی تر قانع ئاغا بانگ دەكاتو داوای لێدەكات یاریی بكەن، قانع لەجێی بەرد پشقل دادەنێتو بەئاغا دەڵێت: ئەو پشقلە بخۆ، ئاغاكەش زۆری پێناخۆش دەبێت، بۆیە قانع توانی تۆڵەی خۆی بكاتەوە،.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكر تائێستا بەشدارییم لەدوو خولدا كردووەو لەیەكێك لەو خولانەدا پلەی سێیەمم بەدەستهێناوە.
مرۆڤی كورد جوانكاری خۆی تێدا بەكارهێناوە
لەوبارەیەوە مێژوونووس سمكۆ بەهرۆز سەبارەت بەمێژووی یاری دامە بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەپێی ئەو بەڵگە مێژوویانەی كەهەیە یان دۆزراوەتەوە لەرەقیمە قوڕییەكان ئەوە دەخەنەڕوو بەتایبەتی لەشارستانیەتی سۆمەرییەكانەوە مرۆڤ بۆ بەسەربردنی كاتەكانی رۆژانەی بەجۆرەها چالاكی كۆمەڵایەتیەكاتیان بردۆتەسەر كە بەشێكی لەچوار چێوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان رەنگیان داوەتەوە.
وتیشی: كۆمەڵگەی كوردەواریی خۆمانیش لەداچۆڕانی بەو شارستانیەتیانەی دەوروبەری توانیویەتی لەپڕۆژەكانی كات بردنەسەر سوود لەكۆمەڵێك یاریو دابو نەریتی پەیوەندیەكان وەربگرین كەخۆی چڕكردۆتەوە لەیارییە بەكۆمەڵو تاكەكانو بەكارهێنانی جۆرەها كەرەستەی جۆراو جۆر لەیارییەكانی.
باسی لەوەشكرد یاری دامە دەرهاویشتەی قۆناغە مێژووییەكانە بۆ سەرهەڵدانی ئەویش لەچوار چێوەی رەنگدانەوەی یارییەكەو جۆری كەرەستەو بیركردنەوە لەبەكارهێنانی ئاوەزی مرۆڤ بۆ ئەو دەرهاویشتانەی كەتێدا كاتەكانی رۆژانەی تێدا بباتەسەر.
165 جار بینراوە