سیروان سلێمان
پێشمه‌رگه‌ی دێرین سابیر مه‌دحه‌ت، له‌م بیره‌وه‌رییه‌دا باسی به‌شداریی تیپه‌كه‌یان (تیپی 51ی گه‌رمیان) ده‌كات له شه‌ڕه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌نفالی ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی و ده‌ڵێت: رۆژی 11/2/1988 له گوندی عه‌زیز قادری سنووری كه‌لار بووین بروسكه‌یان بۆكردین بچن بۆ ئه‌و سنووره، ئێمه‌ش به‌ڕێكه‌وتین و شه‌وی 15/2 له‌گه‌ڵ تیپه داواكراوه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك گه‌یشتینه گوندی شه‌ده‌ڵه‌ی سنووری سورداش و باره‌گامان له گوندی قزله‌ر دانا، شه‌ڕ بوو، به‌رده‌وامیش فڕۆكه ده‌سووڕایه‌وه‌و تۆپبارانیش هه‌بوو.
به‌ره‌به‌یانی 22/2/1988 ڕژیم هێرشیانكرده سه‌ر گونده‌كانی پیركه، هه‌نارانی سه‌روو و خواروو، ئێمه‌ش وه‌ك كه‌رته‌كانی (3، 5، 6) سه‌عات 5ی به‌یانی چوینه گوندی پیركه، دوژمن چووبووه ناو هه‌ردوو گوندی ههنارانهوه، له هه‌ر كه‌رتێك مه‌فره‌زه‌یه‌ك دیاریكرا كه 30 پێشمه‌رگه یووین و چوین بۆ گوندی هه‌ناران و به‌ره‌و رووی هێزه‌كه‌ی رژێم بووینه‌وه، دوژمن تێكاو گونده‌كه‌یان جێهێشت، به‌ڵام به هیلكۆپتهرو تۆپی قورس هه‌ناران و پیركه تۆپباران و بۆردومان ده‌كرا، جگه‌له‌وه‌ش به پاڵپشتی ده‌یان ده‌بابه و هێزێكی زۆری سه‌ربازی هێرشیان بۆسه‌ر ناوچه‌كه ده‌ستپێكرد و تا ئێواره شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو، له نیوه‌ڕۆدا ته‌قه‌مه‌نیمان كه‌م بۆوه، تیپی 53ی شێروان له سه‌ر شاخی پیركه بوون، شه‌ڕێكی سه‌خت و تۆپبارانێكی زۆریان له‌سه‌ر بوو.
ئێواره‌كه‌ی بینیمان دوژمن دوو ده‌بابه و ئیڤایه و جێب قیادهیهكیان به‌جێهێشتووه، پێشمه‌رگه‌ش چوون چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیان هێناو ده‌بابه‌و ئۆتۆمبێله‌كانیشیان سوتاند، شه‌وه‌كه‌شی كه‌رته‌كانی 1، 2،4ی تیپه‌كه‌مان ئێمه‌یان بهدلكردو گه‌ڕاینه‌وه قزله‌ر، به‌ڵام له ئێواره‌ی رۆژی 23/2 كادرێكی چالاكی ڕێكخستن به‌ناوی مسته‌فا عه‌لی-حه‌به، شه‌هید بوو.
تیپی 53ی شێروانه باره‌گایان له سنگرو مێوڵاكهبوو، ئێمه بهدلمانكردن، ئێواره‌ی 25/2/1988 شاخی قزله‌ر له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه گیرا، كاتی خۆرئاوابوون ئیسماعیل مام خورشید هه‌ندێ كولیچه و نانی بۆ هێناین و نامه‌یه‌كیشی پێ‌بوو بۆمان كه نووسرابوو پشتهوهتان لێگیراوه‌و بكشێینه‌وه بۆ گوندی چۆخماخ، ئێمه‌ش وامانكرد.
حه‌ز ده‌كه‌م شههیدببم!
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سابیر مه‌دحه‌ت ده‌ڵێت: له گوندی چۆخماخ بووین، سه‌عات هه‌شتی به‌یانی ڕۆژی 16/3/1988 من و شه‌هیدان (مام نامیق و ئاسۆخانی) هێسترێكمان باركرد له ته‌قه‌مه‌نی و له باره‌گای تیپه‌وه بهڕێكهویتن بۆ قۆڵێكی شه‌ڕه‌كه له نێوان گوندی قزله‌ر و مێوڵاكه، له ڕێگه ئاسۆ وتی: (حه‌زده‌كه‌م ئه‌مڕۆ له‌پێناو كورد و نیشتیمانه‌كه‌مدا شههیدببم و ئێزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستان هه‌واڵی شههیدبوونهكهم بڵاو بكاته‌وه)، به‌داخه‌وه دوای دوو سه‌عات له‌و قسه‌یه، له هێرشێكدا بۆ سه‌ر خاڵێكی هێزه‌كانی ڕژێم، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیكه به‌ناوی (فه‌تحوڵڵا مه‌جید) شه‌هیدبوون و ئێواره ئیزگه‌كه هه‌واڵی شههیدبوونیانی بڵاوكرده‌وه و هه‌ردوو تهرمهكهشمان له چۆخماخ به‌خاك سپارد.
هێرشی دوژمن هێنده چڕ‌و سه‌خت بوو به‌شێك له سه‌نگه‌ره‌كانی خۆشیان كه‌وتنه به‌ر تۆپبارانی خۆیان و سه‌ربازێكی زۆریان كوژران و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیان كه‌وتنه ده‌ست پێشمه‌رگه.
ڕۆژی 17/3/1988 ڕژێم شاخی قزله‌ری گیرت، بروسكهمان بۆكرا بكشێینهوهو چوینه گوندی (چاڵاوا)و شه‌وێ له‌وێ ماینه‌وه، بۆ به‌یانییه‌كه‌ی كه له‌سه‌ر سه‌رشاخی چاڵاوا بووین رادێوی كوردی به‌غدا هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی هێرشه‌كه‌یان و دهستبهسهرداگررتنی ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی ی.ن.ك-ی بڵاوكرده‌وه.
دوای بڕینی رێگه‌یه‌كی دوور و تێپه‌ڕاندنی چه‌ندین گوند و ناوچه، گه‌یشتینه سنووری قه‌ندیل و له‌وێ بنكه‌مان دانا، پێشمه‌رگه‌یه‌كمان به‌ناوی میران فه‌ره‌ج به تۆۆپباران شه‌هیدبوو و هه‌ر له‌وێ به‌خاكمان سپارد.
له شه‌ڕه‌كانی سه‌ركردایه‌تیشدا، كه‌رتی 3ی تیپی51 سێ پێشمه‌رگه‌مان (فه‌تحوڵڵا مه‌جید، ته‌یب فاتیح فه‌تاح -ئاسۆخانی، نه‌جات غه‌فوور) شه‌هید ببوون.
شه‌هیدبوونی 22 پێشمه‌رگه له تازه‌شار
باش ماوه‌یه‌ك، به قڕناقاو و پشتئاشان و ده‌شتی هه‌ولێردا گه‌یشتینه گوندی ته‌په‌عه‌ره‌بی ناحیه‌ی سه‌نگاو رۆژی 6/4/1988دا، رژێم نیازی هێرشی هه‌بوو، شه‌و بروسكه كرا و به بناری گل و ناوچه‌ی داوێ و هۆمهرملدا ریشتین تا به‌یانی رۆژی 7/4 گه‌یشتینه باوه‌كر، فیشهكمان كه‌مبوو، ناچار فیشه‌كه‌ی براده‌رانی هێزی پشتگیریان دا به‌ئێمه‌وه هه‌ر یه‌كه‌مان بووینه خاوه‌نی سێ مه‌خزه‌ن، نیوه‌ڕۆ گه‌یشتنه گوندی تازه‌شار-ناحیه‌ی قادركه‌رم، رژێم هێرشی بردبووه سه‌ر گوندی تاڵاو له ناحیه‌ی خورماتوو، ئێمه‌ش چوینهئهوێ و شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌ستیپێكرد، فه‌رمانده‌یه‌كی مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه به‌ناوی ئه‌سكنده‌ر ئیبراهیم بابان شه‌هیدبوو، شه‌ویش چووینه گوندی كه‌ریم باسامی قادركه‌ره‌م، هه‌ر له‌وكاته‌دا له گوندی (تازه‌شار) شه‌ڕێكی زۆر سه‌خت و نابه‌رامبه‌ر له نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای به‌عس ده‌ستیپێكردبوو، تۆپباران وسوڕانهوهی هێلیكۆپته‌ر نه‌یهێشت بڕۆین به‌هانایانه‌وه، پێشمه‌رگه‌كان زۆر قاره‌مانانه به‌رپه‌رچی ئه‌و هێرشه گه‌وره‌یه‌ی شاڵاوی ئه‌نفالیان دایه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه 16 پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی و 6 پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی شه‌هید كران.
ئێمه‌ش حه‌وت پێشمه‌رگه‌ی كه‌رتی 3ی تیپی51 بووین، چوینه دێی باوه‌كر، سه‌عات 9ی به‌یانی رۆژی 11/4/1988 تۆپباران و بۆردومانی فڕۆكه ده‌ستیپێكرد، شوانێك له‌خواره‌وه هاواری كرد فریامان بكه‌ون و چوین، كوڕی شوانه‌كه به ته‌قه‌ی كۆپته‌ره‌كان بریندارببوو، داوای ئاوی ده‌كرد، ئێمه‌ش وتمان له‌م كاته‌دا خراپه ئاو بخواته‌وه، باوكی له تاوا وتی قه‌ینا با ئاو بخواته‌وه، ئیتر كوڕه‌كه قومێك ئاوی خوارده‌وه‌و شه‌هید بوو.
شه‌ش پێشمه‌رگه‌ی كه‌رتی 5ی تیپی 51 له‌ولا ئێمه‌وه له خانوێكدا بوون عه‌لی بیكه‌سی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌یان بوو ، مه‌لا سه‌عید وتی بڕۆ عه‌لیم بۆ بانگ بكه، بانگمكردو له‌گه‌ڵ مه‌لا سه‌عید پێنج ده‌قه كۆبووونهوهو بڕیاریاندا له ناو دێكه ده‌ربچین، شوێنه‌كه‌ی چاڵ بوو به‌رده‌وامیش تۆپباران و كۆۆپتهرمان له‌سه‌ر بوو، باران ده‌باری و له سێقۆڵیشهوه هێرشی زه‌مینیمان بۆكرا، ده‌رچووین و هه‌ریه‌كه‌و چوینه قۆڵێك، به‌هه‌ردوو كه‌رته‌كه 13 پێشمه‌رگه بووین، رووبه‌ڕووی هێرشی سه‌ختی سه‌دان جاش و سه‌ربازو زرێپۆش و هێلیكۆپته‌ر بووینه‌وه، عه‌لی بیكه‌سی له قۆڵی خۆیانه‌وه شه‌هیدكرا و لای ئێمه‌شه‌وه من و میرزا یونس به بۆردومانی كۆپته‌ر برینداركراین، ئاگامان له‌وه‌نه‌بوو كه مه‌لاسه‌عید و سالار حه‌مه‌خان و ڕه‌حمان خورشیدیش برینداربوون، واتا له حه‌وت پێشمه‌رگه‌ی قۆڵه‌كه‌ی ئێمه پێنجمان بریندار بووین.
میرزاو براده‌ران له سه‌رچه‌می ئاوه‌سپی چووبوو یه‌كیان گرتبۆوه، هه‌موو وایزانیبوو شه‌هیدبووم، بۆیه به‌جێمام، له راستیشدا دۆخه‌كه ئاڵۆزبوو، كه‌س نه‌یده‌زانێ بۆ كوێ چووه.
ئیتر به‌ته‌نیا نزیكه‌ی چاره‌كه سه‌عاتێك ڕۆیشتم تا گه‌یشتمه ئه‌شكه‌وتێكی نێوان باوه‌كر و گوندی خانی ڕه‌وف، له ڕۆیشتنا خوێنم لێده‌چۆڕا، سه‌ربازو جاشه‌كان به شوێن تكه‌ی خوێنه‌كه‌مدا هاتن و گه‌یشتنه به‌ر ئه‌شكه‌وته، هه‌رچه‌ند بانگیانكرد خۆم بێده‌نگ كرد، گوێم لێ‌بوو جاشێك جنێوی ده‌دا و ئه‌یوت: له ده‌ستمان ده‌رباز بووه.
تا رۆژی 11/4 تا 19/4 بێ نان مامه‌وه، هه‌ر گییای به‌هاره‌م ده‌خواردو پاش پێنج ڕۆژ هاتمه ده‌ره‌وه‌و زۆر گوندی دیكه‌م تێپه‌ڕاند تا گه‌یشتمه ئه‌شكه‌وتی ( ته‌نگی خڕنووكه)ی نێوان گوندی خان ڕۆستم ئاغا و قولیجان و شه‌و له‌وێ مامه‌وه، به‌یانییه‌كه‌ی هه‌ریه‌ك له (مام حه‌مید خاوه‌ر- فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه له كه‌رتی 2ی تیپی 51ی گه‌رمیان و مه‌جید دووزی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه له كه‌رتی 6ی هه‌مان تیپ) كه به نهێنی گه‌ڕابوونه‌وه بۆ ناوچه‌كه، منیان بینی و له حاڵم تێگه‌یشتن، خێرا نانیان بۆ ئاماده‌كردم ( به‌داخه‌وه دواتر هه‌ردوكیان شه‌هیدكران).
كۆتایی
سابیر محه‌مه‌د مه‌دحت ئیبراهیم ساڵی 1971 له گوندی (دوانزه‌ئیمام)ی كفری له دایكبووه، ساڵی 1985 په‌یوه‌ندیكردووه به‌ڕێكخستنه‌كانی ی.ن.ك و هه‌مان ساڵ بووه به پێشمه‌رگه له تیپی 51ی گه‌رمیان، به‌شداریی چه‌ندین داستان و نه‌به‌ردی كردووه.
جارێك له شه‌ڕی بورجه‌كه‌ی قه‌ره‌داخ برینداركراوه و دواجاریش له شه‌ڕه‌كانی ئه‌نفالی گه‌ریان له گوندی باوه‌كر بریندار كراوه، به‌ڵام برینداریی ئه‌مجاره‌ی زۆر سه‌خت بووه، بۆیه به‌ناچاری و له بارودۆخی ئاڵۆزی ئه‌نفالدا ته‌سلیم به حكومه‌تی عیراق بۆته‌وه.
147 جار بینراوە