فلاش فیکشن

فەلاقە

باشتان فەلاقە كردووە؟

قوربان، تێڵاتڕێنمان كردووە، وەك ئەوەی لە دەسكەواندا بیكوتی، كوتاومانە.

ئەی ئەو دەستەتان خۆش بێت، تا فێر نەبێت لە نزیكی ماڵی من هۆڕین لێبدات.

قوربان، وایدەزانی شاری بێ حاكمە، شەق دەزانێ قۆناغ لە كوێیە.

ئافەرین، كوتەك لە بەهەشتەوە هاتووە، ئەمە فەرمانی هەمیشەیی منە، هەر كەسێ پێی خوار دانا، بۆ باپیریشی عاقڵی بكەن، حساب بۆ هیچ كەسێكیش مەكەن، ئەوەی لاساریی بكات، هەتا فەلاقە نەكرێت، شەو خەوم لێناكەوێت.

قوربان، دڵی تۆمان لە هەموو شتێ بەلاوە گرنگ ترە، ئەم خەڵكە گەجەر و گوجەرە چین.
***

جەنابی جەنەڕاڵ، پیس لێمان قەوماوە، بەخوا فریای خۆمان نەكەوین، كەوڵمان دەكەن.

چی بووە؟ چی قەوماوە؟ خێرا پێم بڵێ.

قوربان، كابرا هاووڵاتی خۆمان نییە، هاووڵاتی دۆستە شیرینەكەمانە.

ئای دەستی شكاوم! خێرا، بیبەنە باشترین نەخۆشخانە، باشترین چارەسەری بكەن، دواییش بیبەنە خۆشترین شوێن، جێگایەك، نەك هەر ئازاری جەستەی لەبیر بچێتەوە، خۆشی لەبیر بچێتەوە، با جوانترین پەری مەساجی بۆ بكەن، ئەوەندە جوان بن لە بەهەشتیش وێنەیان نەبێت. وەكو بەرپرسی دەستەی پاسەوانەكانم فەرمانت پێدەكەم، هەر ئێستا هەموو ئەوانەی پەنجەیەكیان بەر ئەو پیاوە شیرینە كەوتووە بخەرە كونەڕەشەوە، نامەوێ چاوم بە چارەیان بكەوێت. نیوەشەویش بێت ئەو هاووڵاتییە رۆح سووكەی دۆستە ئازیزەكەمان بهێنە بۆ لام با خۆم بەتایبەتی داوای لێبووردنی لێ بكەم. وەڵڵا ئەو دەعەجانیانە كارێكیان كردووە، ئەزی تیا شەرمەزار دەبم. ئاخر …

بەڵێ قوربان، هەرچی دەفەرموویت موو بە موو جێبەجێی دەكەم، لوتف بفەرموو بڕۆم بەلای ئیشەكانەوە.

ئادەی بەدالە، لە باڵوێزەوە هەتا سەرۆك هەر هەموویانم بۆ وەرگرە، با داوای لێبووردنیان لێ بكەم و بەرلەوەی پێستەكەمان بگاتە دەباخانە.

بەڵێ جەنابی جەنەڕاڵ، هەر ئێستا، هەرچی دەفەمووی ئان و سات جێبەجێی دەكەم.
***

قوربان، درۆی كردووە، هاووڵاتی خۆمانە.

ئەی ناوەجاخ، وەكو سەگ بیتۆپێنن.

محەمەد كەریم

 92 جار بینراوە