سەرەکی » راپۆرت » مەڵبەندی راپەڕین: نوێبوونەوە بەردەوامە

مەڵبەندی راپەڕین: نوێبوونەوە بەردەوامە

راپۆرتی: جێگر خدر

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دوای كۆنگرەی چوارەم «كۆنگرەی نوێبوونەوە» گۆڕانكاریی لە هەموو ئاست و بوارەكاندا دەستپێكردووە. لەو چوارچێوەیەشدا مەڵبەندی 24ی راپەڕین، چەندین گۆڕانكاریی كردووە و هەنگاوی گرنگیان ناوە بە ئاراستەی خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی سنوورەكە.

یەكێتی حزبێكە بەردەوام لە خۆنوێكردنەوەدا بووە
سەبارەت بە گۆڕانكاری و نوێبوونەوە لە سنووری مەڵبەندی راپەڕین، مەلا ئاری ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی راپەڕین، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: نوێبوونەوە، كە دروشمی كۆنگرەی چوار بوو، بەردەوامە و ناشوەستین تا تێكڕای راسپاردەكانی كۆنگرە جێبەجێدەكەین، بەشێوەیەك گۆڕانكاریمان لە تەواوی سەرپەرشتیاری كۆمیتەكانی مەڵبەندی راپەڕیندا كردووە و گۆڕانكارییەكانیش بەردەوام دەبن، وتیشی: یەكێتی حزبێكە بەردەوام لە خۆنوێكردنەوەدا بووە و ئەزموونی چەندین ساڵەمان لەگەڵیدا هەیە، رابەرەكەمان سەرۆك مام جەلال، رێگایەكی وەها نیشتمانی و نەتەوەیی نیشانداوین، چاومان روونە و هەموو ئەو رێگایانە شارەزاین كە لە بەرژەوەندیی گەل و وڵاتەكەمان دایە، هەربۆیە گەلی كوردستان، متمانەی تەواوی پێمانە و یەكێتی بە حزبی خۆی دەزانێت و بەردەوام ئاسۆی ژیانی لە حزبەكەی سەرۆك مام جەلال-دا دەبینێت.

نزیكبوونەوەی زیاتر لە خەڵك
«كادرانی سنووری مەڵبەندی راپەڕین، بەردەوام لەناو خەڵكدا دەبینرێن» ئەمە قسەی هاووڵاتیانی سنوورەكەیە. لەوبارەیەشەوە، لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕین، وتی: لەسەرەتای دەستبەكاربوونمان، بڕیارماندا لەگەڵ هەڤاڵەكانم بچینە ناو خەڵكەوە، ئەگەرچی لەسەرەتادا بەهۆی پەتای كۆرۆناوە نەمانتوانی وەك پێویست ئەو ئەركە جێبەجێ بكەین، بەڵام هەر ئەوكات پەیوەست بە سەلامەتیی هەموولایەك سەردانمان بۆ تەواوی شوێنەكان بەپێی پێویستی بوو، لەو كاتەشەوە كە پەتاكە بەرەو كەمبوونەوە چوو، بەڵێنەكەمان جێبەجێكردووەو بەردەوام لەگەڵ خەڵكداین و لێیان دانابڕێین و هەر كەس و شوێنێك پێویستی پێمان بێت بەسەریان دەكەینەوە و ئەوەی پێمان بكرێت بۆیان جێبەجێ دەكەین، كە ئەوە راسپاردەی كۆنگرەیە و لە هەموو ئاست و ئۆرگانەكاندا پەیڕەوی دەكەین. وتیشی: هەموو ئەو كەسانەی سەردانمان دەكەن، ئەگەر داواكاریی یان كێشەیەكیان هەبوو، راستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ دەکەین و ئەوەشی بە خۆمان چارەسەر بكرێت بۆیان جێبەجێ دەكەین و لە هەماهەنگیی بەردەوامیشدا دەبین تا داواكارییە رەواو یاساییەكانی هاووڵاتیان، بگەیەنرێنە ئەنجام.

گۆڕانكاریی لە هەموو ئاستەكاندا بەردەوام دەبێت
هەر سەبارەت بە گۆڕانكارییەكان، سەلیم رەسوڵ جێگری لێپرسراوی مەڵبەندو سەرپەرشتاری كۆمیتەی رێكخستنی پشدەر، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: گۆڕانكاری لە لێپرسراوی كۆمیتەكاندا، لەچوارچێوەی نوێبوونەی ئۆرگانەكانی یەكێتی-یە، پێداچوونەوەیە بە پەیوەندییە سیاسی و كۆمەڵایەتی رێكخراوەییەكانی یەكێتی لە هەموو ئاستەكاندا، هەروەك بە ئامانجی چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان و خۆنوێكردنەوەی زیاتر و گۆڕانكاریی بەردەوامدایە.

هەنگاوی گەورە و گرنگ نراوە
لای خۆیشییەوە، لوقمان مێرگەسەری جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕین، لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: یەكێتی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرە، مێژووی حزبمان ئەوەی سەلماندووە كە لە قۆناغە جیاجیاكاندا لەگەڵ پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگەی كوردی و جیهاندا رۆیشتووەو خۆی گونجاندووە، كۆنگرەی نوێبوونەوەش هەر لەو چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە و هەنگاوی گەورە نراوە بەئاراستەی باشتركردنی كاروباری حزب و خزمەتكردنی زیاتری خەڵك.

گۆڕانكارییەكان بە ئامانجی خزمەتكردنی زیاتری خەڵكە
سەبارەت بەهەمان باس، شوان محەمەد لێپرسراوی كۆمیتەی رێكخستنی رانیە، لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، جەختدەكاتەوە كە بڕیاری یەكێتی بۆ گۆڕانكاری لەهەموو ئاستەكاندا جددییە و لە جێبەجێكردنی بەردەوامدایە، گۆڕانكارییەكانیش لەنێو ئۆرگانەكانی حزب، هەروەها لە ئاستی بەركەوتەی پۆستە حكومییەكانیش، كراوە و ئامانجیش لەوە خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و جێبەجێكردنی داوا یاسایی و رەواكانیانە.

 130 جار بینراوە