سەرەکی » هەواڵ » روونکردنەوەیەک لە نووسینگەی د.فوئاد مەعسومەوە

روونکردنەوەیەک لە نووسینگەی د.فوئاد مەعسومەوە

ماوەیەکە بەڕەواو ناڕەوا هێرشێکی نامەنتیقی دەکرێتە سەر جەنابی د.فوئاد مەعسوم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردەی رۆژانی خەباتی شار و شاخ و ماندوبوونی بەڕێزیان ، بەهۆی لێدوانی خاتوو شیرین فوئاد مەعسومی کچی بەڕێزیانەوە.

بەهەموو لایەکی رادەگەینین کە جەنابی د.فوئاد مەعسوم نەک هەر لەگەڵ ئەو جۆرە لێدوان و قسانە نییە و دوورە لە بۆچوون و راو کەسایەتی جەنابیان، زۆربەی کاتیش دژ و نا هاوڕابووە لەگەڵ ئەو جۆرە بۆچوونانە کە بەداخەوە بەشێک لە راگەیاندنەکانیش بەمەبەست و بۆ ناشیرینکردنی خەباتی پاک و نەزیهی جەنابی د.فوئاد تەرویجی ئەو مەسەلانە دەکەن.

لێرەوە بۆ چەندەمین جاریش بە هەموو لایەکی رادەگەیەنینەوە کە شیرین خانی کچی د.فوئاد مەعسوم هەرگیز هیچ پۆستێکی لە ماوەی سەرۆکایەتی کۆمار و نە پێشترو نەدواتر لە هیچ جومگەیەکی نزیکی باوکییەوە نەبووە و ئەو قسانە هەمووی دوورن لە راستییەوە کە گوایە لە سەرۆکایەتی کۆمار پۆستی هەبووە و شیرین خانیش وەک هەر کەسێکی تر ئازادە هەڵگری چ بیروباوەڕێک و چ ئایدیایەکە و ئەوەش لە هەموو دنیا شتێکی ئاسایی و یاساییە، جەنابی دکتۆر فوئاد چەندین جاریش ئەوەی دوپاتکردۆتەوە کە کچەکەی بەڕێزیان لە تەمەنێکی گەورەدایە و خاوەنی ماڵ و هاوسەری خۆیەتی و لە وڵاتێکی تر دەژی و جەنابیان زۆر هەوڵیشیداوە کە بۆچوون و روئیایەکانی واقیعی بن و واز لەو جۆرە لێدوانانە بهێنێت کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دونیابینی بەڕێزیان یەک ناگرێتەوە، بەڵام ئەو خاتوونە لە تەمەنێکدا نییە کە ئاراستە بکرێت و خۆی ئازادە لە چ حزبێکدا کاردەکات و چی دەڵێت.

هیوادارین خەبات و ماندوبوونی جەنابی د.فوئاد نەکرێتە دەستەچیلەی گڕبەردانی ناحەزانەی هیچ کەس و لایەنێک هەتا نزیکترین کەسیش بن لەبەڕێزیانەوە، ئەم روونکردنەوەیەمان بەپێویست زانی بۆ بەرچاو روونی هەموولایەک.

نووسینگەی د.فوئاد مەعسوم
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق
21ی شوباتی 2021

 100 جار بینراوە