سەرەکی » کەلتوور » پەیوەندی ئاینی زەردەشتی بەکوردەوە!

پەیوەندی ئاینی زەردەشتی بەکوردەوە!

م. شێخ فوئاد برزنجی

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە زەردەشت سەر بەمیدەکانە کە لە نێوان سەدەکانی ‌8_6 پ.ز شاری هەمەدانی کردبووە پایتەختی خۆی.بۆیە بڕوا وایە کە لە نەتەوەی کوردە. باوکی کەناوی (بوروزهازیو) خەڵکی هەرێمی ئازەربایجانە کەسایەتیەکی بە ناوبانگ نەبووە . دایکی خەڵکی شاری رەی نزیک تارانی پایتەختی ئێرانە کەناوی(دۆغدوما)یە لەنزیک دەریاچەی ورمێ لەدایک بووە لە660 پ.ز دا کە ئێستا بەشێکە لەهەرێمی ئازەربایجانی رۆژئاوا و کەوتۆتە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، یان ئەکباتانا کە هەمەدانی ئێستایە و پایەتەختی دەوڵەتی میدەکان بووە.

لەحەوت ساڵیدا چۆتە لای حەکیمێکی (مەجوس)ی واتە (مەگوش)ی کە کەهۆزێکی گرنگی میدین کەپێش زەردەشت هەبوون، مەجوس یان مەگوش بیروباوەڕێکی کۆنتربووە . نووسین و زمان کە باو بووە، خوێندوویەتی، چونکە پێداویستێکی گرنگ بووە لەو دەمەدا. لەبارەی رەچەڵەکی زەردەشت هیچی وا لەبەردەستدا نیە. زۆرێک لە تۆێژەو رۆژهەڵاتناسان پێیان وایە کە لە نەتەوەی کوردە. چونکە ئەو شوێنەش کە لێی لەدایک بووە خاک و نیشتمانی هۆزی موکریانە و زمانی ئاڤێستا گەر هەمان زمانی خەڵکی ئەم ناوچەیە نەبێت زۆر نزیکە لەزمانەکەیان، بۆیە دەڵێن کوردە. هەرچەند منیش پێموایە کە کوردە، خۆی بەشێکە لە گەلانی ئێرانی نەک بەو مانایەی کە زەردەشت تەنها ئێرانی بێت و لەکوردی بکەیتەوە.

ئەم ئاینە لەسەر بیروبۆچوونەکانی زەردەشت پێکهاتووە. لەم ئاینەدا ژیان لەنێوان هێزی چاکە و هێزی خراپەدا لەململانێی بەردەوامدایە، واتە ژیان لەنێوان سپەنتامینیو(هێزی چاکە) و ئەنگرامینیو (هێزی خراپە) دایە. مرۆڤیش لەم نێوەندەدا ئازادە، بەڵام لەڕاستیدا سەرخستنی هێزی چاکە ئەرکێتی تا لەژیاندا بێت. زەردەشت بانگەشەی پێغەمبەرایەتی کردووە، هەوڵی داوە خەڵکی شوێنی ئەم ئاینە بکەوێت، بۆ یەکتاپەرستی خودا و دژایەتی شەیتان کاری کردووە. کە بە واتای ئەوە دێت مرۆڤەکان فەرمان بەچاکە بکەن و رێ لەخراپە بگرن. ئەم ئاینە بەهۆی نزیکی لەئاینەکانی تر و لێکچوونیان وایکردوە بە ئاینێکی ئاسمانی بدرێتە قەڵەم. ئەوانەی شوێنکەوتەی ئەم ئاینە بوون بە ئەهلی کتاب بناسرێن. ئەم ئاینە گرنگی بە یەکتاپەرستی داوە کە لە ئاینی ئیسلامیشدا هەربەواتای شەریک دانەنانە بۆ خودا (شرک). لەسەدەی شەشەمی پێش زایین بوو بە ئاینێکی سەرەکی لەناوچەکەدا. بەردەوام بوو تا سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام لە سەدەی حەوتەمی زاییندا. واتە ئەم ئاینە نەمانی باڵادەستیەکەی بەهۆی ئاینی ئیسلامەوە بوو. کە جێگەی ئەم ئاینەی گرتەوە .

هەڵگرانی ئاینی زەردەشتی پێیان وایە بەگشتی ئاینەکەیان لەژێر زەبری فتوحاتی ئیسلامیدا لاواز بووە. واتە بە زەبر یان بەزۆر بوونەتە ئیسلامی. سەیر لەوەدایە کە کوردستان جگە لە ئاینی زەردەشتی، ئاینی جولەکە و کرستیان و شوێنکەوتەی ئاینی ئێزیدی تیابووە. کەچی ئاینی ئیسلام کۆتایی بەم ئاینەهێناوە . ئایا لەبەر ئەوە بووە کە ئاینی دەوڵەتی ساسانی بوو، یان پێشتر کە ئاینی میدو فارسەکان بووە. یان زیاتر لەبەر ئەوەی ئاگریان پەرستووە. لێرە پێوستە روونکردنەوەیەک بدەین کە ئاینی زەردەشتی ئاگر پەرست نەبوون، بەڵکو روناکی پایەیەکی گرنگی ئاینەکەیان بووە لە ئاتەشگاکانیاندا ئاگری بەردەوام هەبووە.

دەڵێن باشە چۆن ئاینە نوێکەیان قبوڵکرد ئاوا بە کۆمەڵ. کە لەڕاستیدا وردە وردە لەناوچوو بە تێپەڕ بوونی کات. چونکە دەقە مێژوییەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئاینی ئیسلام مامەڵەی ئاینی ئاسمانیان لەگەڵ ئەم ئاینەدا کردووە. رۆژهەڵاتناسەکان پێیان وایە کورد لەسەدەی حەوت بەشێوەیەکی بەربڵاو چۆتە سەر ئاینی ئیسلام. کەمتر کاریگەری ئایێنی زەردەشتیان لەسەرماوە کە سروتەکانی بریتی بوون لەپەرستشی خۆرو ئاگر. وە ئەم ئاینە و سروتەکانی تاسەردەمی عەباسییەکان 749-1258ز بەردەوامی هەبووە لەو ناوچە کوردییانەی سەربە ئێران بوون. لە شاری ورمێ ئاتەشگایەکی گەورە لە سەدەی دەیەمی زاینیدا لە باکوری رۆژئاوای ئێراندا هەبووە، کە رووگەیەکی گەورەی ئاگرپەرستەکانی هەموو ناوچەکە بووە، ئاگردانی خامۆش نەبووە تاسەدەی سیازدەهەم. لەحەڵوان و ناوچەکانی تردا هەبوون. لەکرماشان ئاسەواری ئەم ئاینە دۆزراوەتەوە. وە (بیت نار) کەگوندێکی زەردەشتی بووە لەشاری هەولێر، کە یاقوتی حەموی ئاماژەی بۆ دەکات. شاعیرێکی عەربیش کەلە 1237ز مردووە زەردەشتیەکان و گوندەکەشی خۆشنەویستووە و دەڵێت: اربل دار الفسق حقا فلا یعتمدالعاقل لولم تکن دارفسوق لما اصبح بیت النار دهلیزها.

ناسر خسرو کە گەڕیدە بووە لەساڵی 1088ز مردووە، باس لەشاری ئەوزن هەرێمی ئەرمینیا دەکات بوونی کۆمەڵێک باس دەکات لەوێ. عەبدوڵڕەقیب یوسف، بەقسەی ئەم گەڕیدەیە ئەمانە کە لەم شارەدا ژیاون بەکوردیان دەزانێت پارێزگاریان لەخۆیان کردووە لە سایە و کاتی حوکمی ئیسلامیدا. زۆربەی هەرەزۆری دەقەکانی کتێبە پیرۆزەکەی زەردەشت (ئاڤێستا) لەدەمی داگیرکاری ئەسکەندەری مەکدۆنیدا بۆسەر ئێران لە ناوچووە، دوای سەردەمێکی دوورو درێژ سەر لەنوێ نووسراوەتەوە کە (فاتیح عەبدوڵڵا شوانی) ئەمەی روون کردۆتەوە کە ئامادەی چاپکردنە بەناوی بەرگی دووەمی مێژووی دێرینی کوردستان. لە ئەکاونتی خۆیدا بڵاوی کردۆتە . پیویستە بڵێین بوونی ئاتەشگە و ئاگردانی زەردەشتی لەهەموو شوێنەوارەکانی باشوری کوردستان وەک شوێنەواری قزقەپان و شوێنەوارەکانی نەوێ و قەڵای دەربەندی بازیان و دەربەندیخان و باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵات ئەوە دەسەلمێنن کەخەڵکی کوردستان زەردەشتی بوون و بەهاتنی ئیسلام و فتوحاتەکانی بۆناوچەکە کاریگەری ئەو ئاینە زەردەشتیەت کاڵبۆتەوە. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سەرچاوەی ژمارە (9) لە لیستی سەرچاوەکانی ئەم بابەتە.

بڵاوبونەوەی ئەم ئاینە لەسەرەتادا لەسەردەمی پاشا گشتاسپ دابوو. هەرچەندە زەردەشت وەک باسمان کرد لەناوچە کوردییەکان لەدایک بووە و سەری هەڵداوە . بەڵام لەم ناوچەیەدا بڵاو کردنەوەکەی سەری نەگرتووە بۆیە پەنا دەباتە بەر پاشا رۆژهەڵاتییەکانی ئێرانی وەک گشتاسپ. کە پایتەختی ئەم پاشایە لەشاری بەڵخ دەبێت کە دەکەوێتە باکوری ئەفغانستانەوە. دوای ئەوەی خۆی چووە سەر ئەم ئاینە چونکە پێی وابوو سەرکەوتنەکانی بەهۆی زەردەشت و ئاینەکەیەتی لەجەنگەکاندا. بڕیاریدا ئەم ئاینە ببێتە ئاینی میرنشینەکەی و دەسەڵاتەکەی. واتە کردی بەئاینی دەوڵەت و خەڵکی ناچار کرد بچنە سەر بیرو باوەڕی ئەم ئاینە . بۆیە گشتاسپ بەهۆکاری بڵاوبونەوەی سەرەکی ئاینی زەردەشت دادەنرێت .

سەرچاوەکان:
-1ماری بویس: تاریخ الزرادشتیە من بدایتها حتی قرن العشرین، ترجمه‌ خلیل عبدوالرحمن، مركزدراسات الكردیه‌،2010سلیمانی، ج2، ص92 .
-2المسعودی مروج الذهب: تحقیق کمال حسن مرع، 2005 بیروت،ج1، ص175.
-3الرقیب یوسف: الدوله‌ الدوستكیه‌ فی كردستن الوسطی، اراس، 2002اربیل، ج2،ص173.
-4الدینوری الاخبار الطوال، تحقیق عبدالمنعیم عامر، وزارة الثقافه ‌والرشاد القومی، مصر، د.ت، 25.
-5الیعقوبی: تاریخ الیعقوبی، دار صادر، بیروت، د.ت،ج2، ص176. امین ذكی :خلاصه تاریخ الكرد،ج،1،ص121.
-6ادم متز:الحضاره‌ السلامیه‌ فی قرن الرابع الهجری، ترجمه ‌محمد عبدالهادی ابو ریده‌، یذوت، ط5، د.ت،ص88.
-7ابی یوسف:الخراج، ص130.
-8انور المایی: الكرادفی بهدینان، ص65.
-9تومابو: مع الکراد، ص99-127.
-10خلیل عبدالرحمن: افیستا الكتاب المقدس ،ص27.

 103 جار بینراوە