سەرەکی » راپۆرت » بڵێسە یەکەمین هەوڵی رۆژنامەوانی لە رانیە

بڵێسە یەکەمین هەوڵی رۆژنامەوانی لە رانیە

بەدواداچوونی: جێگر خدر

بڵێسە، یەکەمین هەوڵی رۆژنامەوانی بووە لە شاری رانیە و بیتوێن و پشدەر بەگشتی، ئەو رۆژنامەیە لەلایەن چەند رۆشنبیرێکی نیشتمانپەروەری رانیە، کە خاوەنی بیری چەپ و نەتەوەیی بوون و بەشێکیان ئەندامی حزبی»هیوا» بوون، لە 1944 بە نهێنی و بە دەستنووس نووسراوەتەوە و پێنج(5) ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە و کۆتا ژمارەی پاشکۆیەکیشی لەگەڵ بڵاوکراوەتەوە.

کوردستانی نوێ، مەبەستی بوو بەدواداچوون بکات بۆ چەندییەتی و چۆنیەتی ئەو بڵاوکراوەیە، بۆ ئەو مەبەستە، نیازی حەمە عەزیز، شاعیر و رۆژنامەوانی دێرین لە رانیە دەدوێنێت، ئەو کە چەند ساڵێکە بەدوای راستیی و دروستی و وردەکاری چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی «بڵێسە» دەگەڕێت و کاتێکی زۆری بۆ هەمان مەبەست تەرخان کردووە.

هەروەها بە پشتبەست بەتوێژنەوەی رۆژنامەنووسی لۆکاڵی، رانیە (1991-2015) کە لەلایەن هەردوو پسپۆڕی راگەیاندن، دکتۆر هێرش رەسوڵ و دکتۆر ئاراز رەمەزان، ئەنجامدراوە و دواتریش لە ساڵی 2018 رۆژنامەی کوردستانی نوێ لە شێوەی نامیلکەیەک بڵاوی کردووەتەوە.

ئەگەرچی بەشێک لەسەرچاوەکان، بڵاوکردنەوەی رۆژنامەکە بۆ ساڵی 1942 دەگێڕنەوە، بەڵام نیازی حەمە عەزیز دەڵێت» بەدواداچوونم کردووە و ئەوەی بۆم سەلمێندراوە، رۆژنامەکە لە لە بەهاری 1944 لەلایەن چەند کەسێکی نیشتیمانپەروەر و خوێندەواری سنورەکە، کە بەشێکییان مامۆستا بوون و خەڵکی رانیە نەبوون و خاوەنی بیری چەپ و شۆڕشگێرانەبوون و بەشێکیشییان ئەندام و لایەنگری حزبی هیوا بوون، بە نهێنی دەرچوێندراوە و هەر بەنهێنیش بردوویانەتە شاری کەرکوک و لە رێگەی سندووقی پۆستەوە بۆ کەسایەتییە ناسراو و خوێندەوارەکانی شارەکانی کوردستانیان ناردووە».

رۆژنامەکە بە زمانی کوردی-سۆرانی نووسراوە و مانگانە بووە و پێنج ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە، هاوکات لەگەڵ ژمارەی پێنج کە هەر لەهەمان ساڵدا بووە، واتا 1944، پاشکۆیەکیشی لەپاڵدا بڵاوکراوەتەوە.

«بڵێسە» بە دەستنووس نوسراوە، وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەکەن، کاربۆن بەکارهاتووە بۆ زیادکردنی ژمارەی رۆژنامەکە و پێکانی ئەو ئامانجەی نووسەران هەیانبووە بۆ گەیاندنی بە شار و کەسیاتییە جیاجیاکان.

نووسەرانی رۆژنامەکە
بە وتەی نیازی حەمە عەزیز، کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە زانیارییەکانی کۆکردۆتەوە، یەکەمین کەس بیرۆکەی دەرچوواندنی»بڵێسە»ی هەبووە و بە کارەکە هەستاوە، کەسێک بووە بە ناوی « میرزا عەبدولکەریم کۆیی»، لە ساڵی 1917 لەدایک بووە و لەساڵی 1978 لە ئەوروپا کۆچی دوایی دەکات، کاری ئەو لە رانیە «دادنووسی یەکەم» بووە لە ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو.

کەسی دووەم کە بووەتە هاوکاری میرزا عەبدولکەریم کۆیی و ژمارە»یەک»ی رۆژنامەکە دەردەکەن، کەسێک بووە بە ناوی» شووعە مەخلوف»، ئەویان خەڵکی رانیە بووە و کوردێکی جولەکە بووە و مامۆستای قوتابخانەی رانیە بووە، ئەوکات تاکە قوتابخانەی شارەکە بووە.

پاشان» بڵێسە» هاوکارێکی دیکەی بۆ زیاد دەبێت بەناوی» ئیبراهیم رەمەزان ئیبراهیم»، لە ساڵی 1922 لەدایک بووە، خەڵکی زاخۆ بووە و لە رانیە بووەتە بەڕێوەبەری قوتابخانە، کەسێکی بیرکراوە بووە، خەڵکی ناوچەکەی هانداوە بۆ خوێندن، لەسەردەمی بەڕێوەبەرایەتی ئەودا، ژمارەی قوتابییان لە 25 کەسەوە دەگاتە سەرووی 60 قوتابی، هەرزوو دەبێتە هاوڕێی میرزا عەبدولکەریم و شووعە مەخلوف، لە ژمارەی (دوو) ئەویش دەبێتە یەکێک لە دەستەی نوسەرانی رۆژنامەکە.

پاشانیش، مامۆستا ئیسماعیل سەرهەنگ، بەهەمان شێوە مامۆستای قوتابخانەی رانیە بووە و خەڵکی هەریر بووە و بە بنەچە کوردی شکاک بووە، کەسێکی ژینگە دۆست بووە و «باخی گشتی رانیە»ی ئێستا، کاتی خۆی ئەو بونیادی ناوە، وەک هاوکاری رۆژنامەکە رۆڵی هەبووە.

هاروەها کەسێکی دیکە بەناوی»سەمەد حاجی محەمەد بەننا» ناسراو بە» سەمەدی حاجی مەنجەڵ»، خەڵکی رانیە بووە، دەبێتە هاوکاری دەرچواندنی رۆژنامەکە.

هاوکات «مامۆستا مەلا عەبدولحەمید، عەسکەری»کە بە «حامید-ی شاعیر» ناسراوە، یەکێکی دیکە بووە لە هاوکارەکانیان.

ئامانجی رۆژنامەکە
دەربارەی ئامانجی دەرچواندنی رۆژنامەکە، توێژینەوەی» رۆژنامەنووسی لۆکاڵی» کە لە لایەن دکتۆر هێرش رەسوڵ، هەروەها دکتۆر ئاراز رەمەزان، بە ئەنجام گەیەندراوە، لە زاری «ئیبراهیم رەمەزان»، یەکێک لە دەستەی نووسەرانی رۆژنامەکەوە، ئەوە خراوەتە روو، دەرچوواندنی « بڵێسە» دوو ئاماجی سەرەکی هەبووە. یەکەم: بڵاوکردنەوەی هەواڵە گرنگەکانی ئەوکات بووە، دووەم: ئاشکراکردنی دزی و رەفتارە دزێوەکانی، کاربەدەستانی دامودەزگاکانی میری، چونکە لەو سەردەمەدا، دزی و فڕوفێڵ و گەندەڵی گەیشتبووە لوتکە و دەسەڵاتدارانی ئینگلیزیش، لە کوردستان بەمەبەست خۆیان لەو پرسە گێلدەکرد، و مەرامیان بوو خەڵکی تەنها سەرقاڵی پارە و خۆشگوزەرانی و کاری تایبەتی ببن و بیر لە سیاسەت و بیر و باوەڕی کۆمەنیستی نەکەنەوە. بەگشتی گوتاری راگەیاندن تێیدا گوتارێکی رەخنەیی بووە، ناوەڕۆکی بابەتەکانیش، تایبەت نەبووە بە رانیە و دەوروبەری، بەڵکو هەموو ئەو رووداوە گرنگانەی کە لە ناوچەکە و بەغداوە روویدەدا، لەوێدا بڵاودەکرانەوە.

سەرچاوەی بەردەست بۆ بوونی رۆژنامەکە
بڵێسە، ئەگەرچی چەندان سەرچاوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە رۆژنامەیەکە لە ساڵی 1944 پێنچ ژمارە و پاشکۆیەکی لێدەرچووێندراوە، تەنانەت، ئەندامانی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەکە، تا لە ژیاندا بوون وتووێژی رۆژنامەوانییان لەگەڵدا ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کامێک لە ژمارەکانی بەردەست نییە و دوای چەندین گەڕان و بەدواداچوونی کەسانی مێژوویی و خەمخۆرانی بوارەکەش، هیچ نوسخەیەکی دەستنەکەوتووە.

ئەوەی هەیە، ئەو کەسانە تەنها بە زارەکی باسییان کردووە و لە گفتوگۆ رۆژنامەوانییەکاندا، زانیارییەکان ئاشکرا کراون. هەروەها لە رۆژی 18-9-1944 لە بڵاوکراوەیەکی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف)، ئاماژە بەبڵاوکردنەوەی»بڵێسە» دراوە.

 137 جار بینراوە