سەرەکی » راپۆرت » هێرشە موشەکییەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق

شوباتی هێرشەکان

هێرشە موشەکییەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق

راپۆرت و بەداوداچوون

 

ساڵی رابردوو زۆرترین بێنەو بەردەی هێزە ئەمنییەکانی عیراق هێرشە موشەکیەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو. تا کار بە هەڕەشەی ئەمریکا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەیان گەیشت، بەرپرسانی عیراق، شڵەژان و لە لێکەوتەکانی ئەم هەڕەشەیە زوو تێگەیشتن. ناچار بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان کەوتنە ئیدانەی هێرشەکان، بەوانەشەوە کە دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکان لە وڵاتەکەیان. تەنانەت بۆ یەکەمجار لە کۆتایی ساڵی رابردوودا حەشدی شەعبی لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان!.

ئەمریکا، هێشتا دەرگای باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا کراوەیە، هێرشە موشەکیەکانیش بەردەوامن، جارێ نازانرێت لێکەوتە و پاشە رۆژی ئەو هێرشانە چی دەبێت، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە ئەگەری بەریەکەوتنێکی مەترسیدار لە ئارادایە.

ئەمریکا دەمێنێتەوە؟
پرسیارێک کە زۆر جێی بایەخپێدان و شرۆڤەکارانی سیاسی و ئەمنییە ئەوەیە کە ئایا بەم هێرشە بەردەوامانە ئەمریکا لە عیراق پاشەکشە دەکات یان جێ پێی خۆی بەهێزتر و دەرگاکانی قایمتر دەکات.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆبایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا، هێرشە موشەکیەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق زیادیان کردووە. بە جۆرێک لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، لە هەولێر، بنکەی ئاسمانی بەلەد لە باکوری عیراق و هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەکە لە ناوچەی سەوز، سێ لە دیارترین ئەو هێرشانە بوون، کە کرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا. بەوەش هەندێک لە بەڵینەدەرانی ئەو وڵاتە بریندار بوونە.

شارەزایانی بواری ئەمنی، ئەم پرسە وا لێک دەدەنەوە، کە هێرشەکان نابنە هۆکار بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق، بەڵکو بەپێچەوانەوە، رەنگە ئەمریکا توانایی سەربازیی و هونەری خۆی لەو وڵاتە زیاتر بکات، ئەمەش بە ئەگەری زۆر سەر دەکێشت بۆ زۆر لێکەوتەو ئاڵۆزی دیکە.

کێ هێرشەکان ئەنجام دەدات؟
لە عیراق دژایەتییەکی زۆری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکرێت، لایەنە شیعەکان لەسەرەتای ساڵی رابردوودا بەڕاشکاویی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بێ کورد و سوننە، دەنگیان لەسەر یاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دا.

عیراق و ئەمریکا رێکەوتنێکی ستراتیژی لە نێوانیاندا هەیە، لەسەر هاوکارییە ئەمنیی و سیاسیی و بوارەکانی دیکە، تەنانەت هەردوو لایەن رێکەوتوون لەسەر کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئەمریکا.

وێڕای دژایەتییەکان، بەڵام هێشتا چەندین گرووپی شاراوە هەن، کە لێرەو لەوێ هێزەکانی ئەمریکا بە ئامانج دەگرن. لایەنە شیعەکان، ئەگەرچی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەن، بەڵام هاوکاریش نین لە کۆتایی هێنانی هێرشەکان. لەسەرێکی دیکەوە بەهۆی زۆری گرووپە چەکدارەکان و هەر رۆژە و دەرکەوتنیان لەژێر ناوێکدا، وایکردووە قورس بێت کە ناسنامەی گرووپەکان دیاری بکرێت.

حکومەتی عیراق چی دەکات؟
تا ئێستا، ئەوەی رۆڵی خۆی لەو هێرشانەدا نەبینیبێت، هێزە ئەمنییەکانی عیراقن، گرووپە چەکدارەکان، دەیانەوێت لە رێی ئەم گوشارانەوە، دەستەپاچەیی، دەزگای هەوڵگری و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عیراق بە دیار بخەن، بەو پێیەی ئەو هێزانە، نەیانتوانیووە، ناسنامەی راستەقینەی گرووپە هێرشکارانەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دیاریبکەن. ئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هێرشەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر و زیاتر بن.
ململانێی سیاسی، باڵادەستبوونی گرووپە چەکدارەکان، دۆخی خراپی ئابووری، هەموو ئەمانە وایکردووە لە عیراق هەر گرووپ و هێزێک، بەو جۆرە هەڵسوکەوت بکەن کە خۆیان دەیانەوێت.

ئەمریکا چی دەکات؟
ئەوەی لەبارەی هێرشەکان دەمێنێتەوە باسی لێوە بکرێت، ئەوەیە کە ئەمریکا هەڵوێستی چی دەبێت، بەتایبەت لەسەردەمی بایدندا، ئایا واشنتۆن دەیەوێت هاوشێوەی ترەمپ لە بەرامبەر بەردەوامی ئەو هێرشانەدا، هەڕەشەی لێدان و تۆڵەکردنەوە بکات؟. بەتایبەت کە هێشتا روون نییە بایدن، چ سیاسەتێک بەرامبەر بەغدا دەگرێتە بەر.

 159 جار بینراوە