سەرەکی » راپۆرت » لە كوردستان هەزاران كرێكار بێكاردەبن

لە كوردستان هەزاران كرێكار بێكاردەبن

راپۆرت: رێزە حسێن


زیاتر لە 35 ساڵە كرێكاری دەكەم، هەرچی ماڵ و سامانە كۆمكردووەتەوە، بە پارەی كرێكاریی و پاشان خەلفە و دواتر وەستایی پەیدامكردووە، تا دوا كۆتایی ژیانم بەم پیشەیە بەڕێدەكەم، ئەمە قسەی وەستا بەكر محەمەدی بەنایەكە تەمەنی 56 ساڵە، وەستا بەكر بۆ كوردستانی نوێ وتی: كرێكاری قورسترین پیشەیە كە بەر چینی هەژاران دەكەوێت، عەرەق رشتن و ماندوبوونێكی زۆر و پارەیەكی كەمیشی دەستدەكەوێت، وتیشی: لە ماوەی ساڵانی كاركردنمدا، هیچ كات پێداویستییەكانی پاراستنی ژیانم بە كارنەهێناوە، هەرچەندە زۆرجاریش رووبەڕوی مەترسی بوومەتەوە و نزیك بوومەتەوە لە رووداوی مەترسیدار.

كرێكاران تووشی بێكاری درێژخایەن بوون
رەوشی كرێكارانی ناوخۆ، وەك ساڵانی رابردوو تا ئێستا لە رەوشێكی خراپ و نائاسایدایە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە كە جیهان و ناوچەكەی گرتووەتەوە و راستەوخۆش كاریگەری خستووەتە سەر كوردستان، جگە لەوەش ئەو بارودۆخە ئابووری و داراییەی بەسەر كوردستاندا هاتووە، بەهۆی ئەو ململانییە سیاسییەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا كە زۆربەی ناوەندەكانی كاری پەكخست، ئەوەندەیتر بارودۆخی كرێكارانی بەرە و خراپتر بردووە و بێكاری درێژخایەن و مەترسیداری دروستكردووە لە كوردستان.

كرێكار كاری دەست ناكەوێت
عوسمان زیندانی سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی لە سلێمانی تایبەت بە رەوشی كرێكاران بۆ كوردستانی نوێ وتی: دۆخی كرێكاران لە بارودۆخێكی مەترسیداردایە، لەبەرئەوەی تووشی بێكاری درێژخایەن بوون، بەشێوەیەكی بەرفراوان ئێستا هەزاران كرێكار بێكارن و كاریان دەست ناكەوێت، خاوەنكاریش ئیشوكار و دەستكەوتی كەمبووەتەوە و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی خاوەنكار زۆرینەی كرێكارەكانی ئیزن بدات، ئەوانەشی دەیهێڵێتەوە كرێی كارەكەی كەمتر كردوونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییەکانی کوردستانی نوێ، بەهۆی كەمبوونەوەی كارەوە، كرێكاران لەلایەن خاوەن كارەوە دەچەوسێنرێنەوە و لە كار ئیزن دەدرێن، خاوەنكار مەرجی زیاتر بەسەر كرێكاردا دەسەپێنێت، هاوكات كرێی كاركردنیان كەمكراوەتەوە، جگە لەوەش كاتی كاركردنیان لە هەندێك شوێن بەپێی یاسای كاركردن نییە لە 8سەعات زیاترە، كرێكاران لەلایەن خاوەن كارەوە هەندێك حەقی كاركردنیان دەخورێت و پێیان نادرێت.

رەوشی كرێكاران لە لووتكەی خراپیدایە
سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی لە سلێمانی لە بارەی رەوشی كرێكارانەوە زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەكرد لە كاتێكدا هەموو كەلوپەل و پێداویستییەكانی ژیان نرخیان بەرزبووەتەوە، هاوكات كرێی كاركردنی كرێكاران كەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار كرێكار كاری دەست ناكەوێت، ئەمانە هەمووی بارگرانییە بۆ چینی كرێكاران كە ژیان و بژێوییان قورستربووە، وتیشی: ئەو كرێكارو كارمەندانەی لە كارگە و پڕۆژە گەورەكاندا كاردەكەن، ئەگەر بیانەوێت ناسنامەی سەندیكای كرێكاران دەربكەن، زۆرینەیان لەلایەن خاوەن كارەكانیانەوە رووبەڕوی سووكایەتی و دژایەتیكردن و هەڕەشەی دەركردن دەبنەوە و بە دەركردنیان لە شوێن كارەكەیان، هەندێكی تریان بە گواستنەوەیان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكیتر، بۆیە دەتوانم بڵێم» رەوشی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان لە لووتكەی خراپیدایە لە هەموو رووەكانەوە».

بەپێی زانیارییەكانی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی لە سلێمانی، بە چەند هەنگاوێك، چەندین چالاكی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە لە چوارچێوەی باشتركردنی رەوشی كرێكاران و بەهاناوە چوونیان، بە شێوەیەك لە ساڵی 2020 دا، لە كاتی كەرەنتینەدا، هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەیان هەبووە، هەروەك كۆنگرەی رۆژنامەنووسیان سازكردووە و تیایدا داوایان لە خاوەنكاركردووە كرێی تەواوەتی كرێكارەكانیان بدەن كە بەهۆی كەرەنتینەوە كاریان نەكردووە، سەردانكردنی سەرجەم كارگەكانی سنووری سەندیكای بیناسازان بۆ دڵنیابوون لە دابەشكردنی كرێی تەواوەتی مانگانەی كرێكاران لە كاتی كەرەنتینەی ساڵی پاردا، هاوكات پێشكەشكردنی یاداشتێك بە پارێزگای سلێمانی و گفتۆگۆكردن لەگەڵ دامودەزگاكانی لایەنی پەیوەندار، تایبەت بە رەوشی خراپی ژیانی كرێكاران و هاوكاریكردنیان.

كرێكار ئەندامی سەندیكاش نەبێت پارێزگاری لێدەكرێت
لە یاسای كاركردندا و لە مادەی (65) دا هاتووە، بۆ هەموو ئەو رووداوە سروشتییانەی دێنە پێشەوە و دەبێنە هۆكار بۆ وەستاندنی جووڵە و كاركردن، لەسەر خاوەنكار پێویستكراوە كرێی كرێكار بدات، ئەگەر هاتوو كار بۆ ماوەكی درێژ پەكی بكەوێت.

عوسمان زیندانی لەوبارەیەوە رایگەیاند: هەندێك لە كۆمپانیاكان، ئەوانەی لە ناوەندەكانی دەرەوەی سەندیكای كرێكارانی بیناسازیدابوون، ساڵی رابردوو لە مانگەكانی كەرەنتینەدا نیوەی كرێی كرێكارەكانیان دابەشكرد، هاوكات لەلایەن ژمارەیەك خاوەنكارەوە، چەندین كرێكار پارەی كرێی كاری پێنەدرا، بۆیە ئێمە وەك سەندیكا بەهەماهەنگی لەگەڵ (رێكخراوی (cdo) و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و گروپێكی خۆبەخشی پارێزەران)، نزیكی (400)، ماڵە كرێكاری هەژارمان بەسەركردەوە بە پێدانی هاوكاری، بەشێوەیەك بۆ هەرماڵێك، بڕی 100 هەزار دینار و بەشە خۆراكی مانگانەمان بەسەردا دابەشكردن.

نزیكی 70 كرێكار گیانیان لە دەستداوە
بەپێی ئامارێكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی و تایبەتمەندێتی كرێكارانی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان، لە ماوەی ساڵەكانی (2019 و 2020) دا، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، (68) كرێكار لە كاتی كاركردندا گیانیان لە دەستداوە، هاوكات رۆژانە چەندین كرێكار، رووبەڕوی برینداربوون وپەكیان كەوتووە و كەوتنە سەرجیگا، هەروەك بڕی شەش هەزار دۆلاری ئەمریكی و زیاتر لە چەند ملیۆن دیناری عیراقی وەرگیراوەتەوە بۆ كرێكار لە خاوەنكار كە وەك حەقی كار ویستراوە بخورێت و پێیان نەدرێت، هەروەك ژمارەیەك كەیس كە تایبەت بووە بە گەڕانەوی ماف بۆ كرێكار، بەرزكراوەتەوە بۆ دادگا و چەندین كێشەی نێوان كرێكار و خاوەنكاریش لە رێگەی سەندیكاوە چارەسەركراوە، لە لایەكی تریشەوە بەهۆی وەستاندنی زۆرینەی كار و پڕۆژە جۆر بە جۆرەكان، لە بازاڕی كاردا، كرێی كاركردنی كرێكار تا ئاستێكی بەرچاو كەمكراوەتەوە، بە شێوەیەك لە ساڵانی رابردوودا كرێی كاركردنی رۆژانەی كرێكارێكی بیناسازی بڕی 40 هەزار دینار بۆ 50 هەزار دیناری عیراقی بووە، بەڵام ئێستا بڕەكەی كەمكراوەتەوە بۆ 20 هەزار دینار تا 30 هەزار دینار، كرێی كاركردن بەشێوەیەك كەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، هەندێك جار كرێكار ناچار دەبێت بە بڕی 15 هەزار دینار بۆ 10 هەزار دینار کار بکات.

حكومەت و پەرلەمان بەرپرسن لە ژیانی كرێكاران
سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بینازسازی لە درێژەی قسەكانیدا بۆ كوردستانی نوێ ئاماژەی بەوەكرد حكومەت و پەرلەمان و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و بەرپرسن لە ژیان و گوزەرانی كرێكاران دەبێت ئەوانیش نوێنەریان هەبێت بۆ چاودێریكردنی پڕۆژەكانی كاركردن و دەبێت بە بەردەوامی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی كارو ژیانی كرێكاران بن، وتیشی: هەر كرێكارێك لە پڕۆژە گەورەكاندا رووبەڕوی برینداربوون و گیان لە دەستان بێتەوە، 100% خەتای خاوەنكارە، چونكە پابەندنەبووە بە دابینكردنی كەلوپەلەكانی پارێزگاریكردنی كرێكارانەوە.

كرێكاران گرنگی بە سەلامەتی خۆیان نادەن
كێوان فوئاد ئەندازیاری شارستانی بۆ كوردستانی نوێ وتی: كەمترین كات لە پڕۆژە گەورەكاندا كرێكار رووبەڕوی مەترسی گیانی دەبنەوە، چونكە خاوەنكار ناچارە بەپێی یاسا و هەڵكەوتەی كاری پڕۆژەكەی، پێداویستییەكانی سەلامەتی ژیانی كرێكار دەستەبەر بكات، بۆیە زۆرینەی كات لە كاری بچووكدا، وەك دروستكردنی خانوو یان نۆژەنكردنەوەی، رووداوە مەترسیدارەكان كە زۆربەی كات گیان لە دەستدانی لێدەكەوێتەوە تۆماردەكرێن، ئەندازیارەكە ئاماژەی بەوەشكرد كە كرێكاران، خودی خۆشیان ژیانیان ناپارێزن و بەدەر لە رێنماییەكانی كاركردن، رۆژانە كار دەكەن، بۆ نموونە كرێكار هەبووە بە نەعلەوە كاریكردووە، یان زۆرینەیان كە دەچنە سەر ئەسكەلە پشتێنی سەلامەتی نابەستن و بەهیچ جۆرێك گرنگی بە سەلامەتی خۆیان نادەن، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە بۆ رووبەڕوبوونەوەیان لە مەترسییەكانی گیانی.

هەژاریی و ماندووبوون لە زەردەخەنەی نەكردووە
وەستا بەكر بە پێكەنینەوە دەستەكانی بەرزكردەوە بۆ ئاسمان و بە زوبانی ئاماژەكردن وتی: «ژیان و مردن بە دەست خودای بانی سەرە كە رۆژم تەواوبوو دەبێت بمرم»، لە وەڵامی ئێمەدا، بۆبەكارنەهێنانی كەلوپەلی سەلامەتی ژیانی لە كاتی كاركردندا، تەنها بەو ڕستەیە دواجوابی داینەوە.

 181 جار بینراوە