سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەڵمانیا؛ دادگا چەند كارمەندێكی دەزگا ئەمنییەكانی سوریا سزا دەداتپەڕە 27

ئەڵمانیا؛ دادگا چەند كارمەندێكی دەزگا ئەمنییەكانی سوریا سزا دەدات

ئەڵمانیا دەستیكردووە بە دادگاییكردنی ئەو كەس و لایەنانەی كە لەو وڵاتە دەژین و پێشتر لە وڵاتی خۆیان لە كاری نامرۆڤانە و كوشتن و ئازاردانی خەڵكی وڵاتەكانیان تێوەگلاون.

لەسەر ئەم بنچینەیە، لەم رۆژانەدا و بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، لە دادگایەكی ئەڵمانی ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمنیی سەر بە دەسەڵاتی حكومەتی دیمەشق بە تۆمەتی بەشدارییان لە سەركوتكردنی خەڵكی سوریا و كوشتوبڕ و ئازاردانی زیندانیان، سزایان بەسەردا درا.

یەكەمین دادگایی لەم شێوەیە
هەفتەی رابردوو، دادگای باڵای شاری كۆبڵنز بە تۆمەتی بەشداریكردن لە پیشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ و ئازاردانی زیاتر لە 30 زیندانی سیاسی و خۆپیشاندەر لە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لە سەروبەندی بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەكانی خەڵكی سوریا، سزای زیندانی چوار ساڵ و نیوی بەسەر یەكێك لەو ئەفسەرە ئەمنییانەی سەر بە سوریادا سەپاند.

لەسەر سكاڵای كۆچەران بوو
هەر لەگەڵ ئەو تۆمەتبارەشدا، هەمان دادگا سزای چوار ساڵی بەسەر دوو كارمەندی ئەمنی سوریادا سەپاند، كە دەستیان هەبووە لە كوشتن و ئازاردانی دەیان خۆپیشاندەری زیندانی، ئەو ئەفسەرانە لە ساڵانی رابردوودا خۆیان گەیاندۆتە ئەڵمانیا و بە كەیسی ساختە، داوای مافی پەنابەرێتییان كردووە و ئەو مافەیان پێبەخشراوە، بەڵام دواتر لە كەمپەكان لەلایەن كۆچەرانەوە ناسراونەتەوە كە كاتی خۆی لە سوریا، بە دەستی ئەوان ئازار دراون، ئەمانیش سكاڵایان لەسەر تۆمار كردوون. لە كەیسەكەدا، 10 پەنابەری سوری كەپێشتر سكاڵایان تۆمار كردبوو، لەلایەن دادوەرەوە ئیفادەیان لێوەرگیرا.

دۆسێی قەیسەر
لەم دادگایەدا، بۆ یەكەمجار دۆسێیەك هەڵدرایەوە بەناوی دۆسێی قەیسەر، كە زیندانییەك لەناو گرتووخانەدا وێنەی زیاتر لە شەش هەزار ‌و 787 زیندانیی گرتووە، لەو كاتانەی ئازار دەدرێن و لەلایەن كارمەند ‌و ئەفسەرانی ئەمنیی سوریاوە ئەشكەنجە دەدرێن ‌و دەكوژرێن، دواتر هەموو فۆتۆكانی دزەپێكردووە و گەیاندوویەتییە ئەڵمانیا.

لانیكەم دادپەروەرییە
وەك لە میدیای ئەڵمانیادا باس دەكرێ، لە كۆتاییدا ‌و لە دوای ئەو هەموو مەرگەسات و كارەساتە تراژیدیایانەی بەسەر سوریادا هات، ئەوروپا و خۆرئاوا دەیانەوێت لە بەرامبەر پێشێلكاری و نەهامەتی و كوشت و كوشتاری خەڵكی سوریادا، رووی خۆیان سپی بكەنەوە و مەیلی مرۆڤدۆستیی بنوێنن.

لەسەر بڕیاری دادگا، هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بۆ ماڵپەری گۆڤاری Stern دەڵێت: ئەڵمانیا یاسا نێودەوڵەتییەكان پەیڕەو دەكا و دەپارێزێت، بۆیە رەفتاری نامرۆڤانە و پێشێلكارییەكان دەخرێنە بەردەم دادگا و دەبێت ئەنجامدەرانیان سزابدرێن. ئەو بڕیارەش جگە لە پاراستنی لانیكەم دادپەروەری، هێما و رەمزی وەرگرتنەوەی مافی مرۆڤە نەك هەر لە سوریا، بەڵكو بۆ هەموو دنیا.

سەرچاوە/ كەناڵەكانی میدیای ئەڵمانیا

 382 جار بینراوە